پیاوێکی ئایینی دیاری سوننە لە ئێران سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپیشاندەران سەرکۆنە دەکات

عەبدولحەمید ئیسماعیلزاهی ناسراو بە مولوی عەبدولحەمید یەکێک لە پیاوانی ئایینی دیاری سوننە لە ئێران لە زاری ماڵپەڕەکەیەوە ڕاشکاوانە لە وتاری نوێژی هەینیدا لە زاهیدان پایتەختی پارێزگای سیستان-بەلوچستان وتی "ئامۆژگاری من ئەوەیە کە لە هاووڵاتیان مەدەن، هیچ حکومەتێک وەک ئەم حکومەتە تەقە لە هاووڵاتیانی خۆی ناکات، با سەربازەکان لە سەربازگەکانیان بمێننەوە".

وتارەکەی ئەو مەلا سوننە بەناوبانگە لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتی شەقامەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە سەرهەڵداوەتەوە.

ئەم نائارامییە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە مانگی نۆدا لە کاتی دەستبەسەرکردنی پۆلیسدا سەریهەڵدا، بە هۆی پۆشینی "جل و بەرگی نەشیاو" بە پێی یاسای توندی جلوبەرگی ئیسلامی ئێران بۆ ژنان دەستبەسەر کرابوو.

ئەو ناڕەزایەتیانە کە تیایدا خۆپیشاندەران لە هەموو چین و توێژەکانی ژیانەوە داوای ڕووخانی تیۆکراسی ڕژێمی ئێرانیان کردووە، یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان بۆ کۆماری ئیسلامیی حوکمڕانی موسڵمانی شیعە لە دوای شۆڕشی 1979 ەوە بووە.

حکوومەت ئەو نائارامییەی خستووەتە ئەستۆی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە کە گوایە دەیانەوێت موڵک و ماڵی گشتی لە ناوبەرن، و دەشڵێت ئەوان لەلایەن دوژمنانەوە مەشق و پڕچەککراون لەوانە ئەمریکا و ئیسرائیل و سعودیە.

بەشێک لە خراپترین نائارامییەکانی چەند مانگی ڕابردوو لەو ناوچانە بووە کە نەتەوەی کەمینەی تێدایە کە ناڕەزایی لەمێژینەیان لە دژی دەوڵەت هەیە، لەوانە سیستان-بەلوچستان و ناوچە کوردنشینەکان.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هرانا"ی چالاکوانان، هەتا ڕۆژی پێنجشەممە 506 خۆپیشاندەر کوژراون کە 69 کەسیان منداڵی خوار تەمەنی یاسایی بوون. هەروەها شەست و شەش ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ئاماژەی بەوەشکردووە، مەزەندە دەکرێت نزیکەی 18 هەزار و 480 کەس دەستگیرکرابن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز