بڕیاردەری کاروباری پێشمەرگە: ساڵانە 5 هەزار پێشمەرگە خانەنیشین دەبن کەچی بودجەی پێشمەرگە 50 ملیار زیادیکردووە

هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشدارییان داوەتە حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەوەی چیتر مامەڵەیان لەگەڵ ناکەن و هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە ڕادەگرن، گەر هێزەکانی پێشمەرگە ڕێکنەخرێنەوە و نەکرێنە هێزی نیشتیمانی.

جگە لە ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان و هاوکاری کردنیان لە زۆر زانیاری دا، ئەمەریکا مانگانە بڕی 20 ملیۆن دۆلار بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە تەرخانکردووە، خواستی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانانیش بۆ بەردەوامیدان بە هاوکارییەکانیان، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی و پارتییە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.

رزگار محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"چەند جارێک لەگەڵ هاوپەیمانان کۆبووینەتەوە، ئاگاداریان کردینەوە تا بە حیزبەکانمان بڵێین، گەر هێزەکان یەکنەخرێنەوە و لەدەرەوەی وەزارەت بمێننەوە، هاوکاریەکانیان ڕادەگرن و مامەڵەمان لەگەڵ ناکەن."

ئەو وتیشی"هاوپەیمانان چاویان لەسەر هێزەکانی هەفتا و هەشتای یەکێتی و پارتی یە، کە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، هەرچەندە هەنگاو بە هەنگاو دەخرێنە سەر وەزارەت، بەڵام پرۆسەکە زۆر بە هێواشی بەڕێوە دەچێت."

سەرباری فشارەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵام لایەنە سیاسییەکان و بە دیاریکراوی یەکێتی و پارتی خاوەنی هێزی چەکداری تایبەت بە خۆیانن، ئەم هێزانە لە بری فەرمان وەرگرتن لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، فەرمان لە حیزب و بەرپرسە حیزبییەکانەوە وەردەگرن.

بەهۆی ناکۆکی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی و ناکۆکی نێوخۆیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشەوە، نزیکەی دوو مانگە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە دەوامی نەکردووە، ئەمەش هێندەی تر هێزەکانی هاوپەیمانانی نیگەران کردووە، بەو پێیەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی ئەوان لەگەڵ وەزیردایە.

بە پێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، ڕۆژی 19 ی ئەم مانگە، هاوپەیمانان پەیامێکیان ئاراستەی بەرپرسانی باڵای هەرێم کردووە، جەختیانکردووەتەوە بەمشێوەی ئێستا ناتوانن مامەڵە لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم دا بکەن.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هاوپەیمانان داوای یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەکەن، تا حیزب هێزی لا نەبێت، نەک خوانەخواستە لە دوا ڕۆژدا، ململانێ حیزبییەکان سەر بۆ پێکدادانی چەکداری بکێشێت، بە تایبەت لەم هەل و مەرجەدا ململانێی حیزبی قوڵە."

لەکاتێکدا هێزەکانی هاوپەیمانان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام یەکێتی و پارتی بەردەوام هێزی نوێ لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە پێکدەهێنن، بە پێی وتەی پەرلەمانتارێکیش، ئامانج لە دروستکردنی ئەم هێزە نوێ یانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبییەکانە.

رزگار محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت"هاوپەیمانان چاویان لەسەر کەم کردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕێکخستنیانە، چونکە ساڵانە 5 بۆ 6 هەزار پێشمەرگە خانەنیشین دەبن."

جەختیشیکردەوە"کەچی یەکێتی و پارتی دەچن هێزی تر لە جێگەکانیان و لە دەرەوەی وەزارەت دادەمەزرێنن، ئەمەش وایکردووە بودجەی پێشمەرگە 50 ملیار دینار زیاد بکات، هاوپەیمانانیش نیگەرانن لەمە."