سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکان لە ئێران بەردەوامیان هەیە، هەرچەندە لە شارە گەورەکان و تەهرانی پایتەخت، خۆپیشاندانەکان لەژێر فشاردا تا ئاستێک کپ کراونەتەوە، بەڵام لە شارە کوردنشینەکان بەردەوامەو سورن لەسەر خواستەکانیان، سارد بوونەوەی بەشێک لە خۆپیشاندانەکان وایکردووە ڕژێمی ئێران ئاسان دەستی بگات بە تاکەکانی کۆمەڵگاو تۆڵەی خۆپیشاندانەکانیان بە چەندین شیوازی جیاواز لێبکاتەوە، لەم بارەیەوە ژنە پارێزەرێک ئاماژە بەوە دەکات، ڕژێمی ئێران دەستی کردووە بە ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدان و ژنانی ناو زیندانیش ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، بۆیە بەشێکی زۆری گەنجان و ژنان لەناو زیندان یان لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە زیندان خۆیان دەکوژن.
شەوبۆ، پارێزەرو چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای وت: رژێم لە کارە دڕندەکانی لە لە سێدارەدان و گرتنی گەنجانی کورد بەردەوامە و ژنانی دەستگیرکراویش لە دۆخێکی دەروونی خراپدان و توشی دەستدرێژی و خۆکوشتن دەکرێنەوە، ئەوە بەدەر لەوەی لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان دەکرێن لە دژی خۆیان بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدات بە لە سێدارەدانیان.
" دەوڵەت لەسەر وەحشی گەریەکانی خۆی، لەسەر کارە ناشایستەکانی خۆی وەک ئیعدامی بێ ڕەویە، وەک ئەشکەنجە و تەجاوزی جنسی لە زیندانەکان، چی بە ژنان چی بە پیاوەکان بەردەوامەو تەواوی ئەو کەسانەی کە گرتونی ، ئازاریان دەدات، وە هەموشیان ئەوانەی لە زینداندان، ئیعتیرافی ئیجباریان لێ وەردەگیرێت، کە دژ بە خۆیان ئیعتراف بکەن، کە بەڵێ خەڵکمان کوشتووە، یان خەڵکمان ئازارداوە واتە حکومەت داوایان لێدەکات دژ بە خۆیان ئیعتراف بکەن بۆ ئەوەی حوکمی ئیعدامیان بەسەردابدات. لە بواری ژناندا کە دەیانگرن لە سجندا زۆربەیان تەجاوزیان پێدەکرێت، وە کە ئازادیان دەکەن، چەند نموونە پێشهاتووە، هەم ژن، کچ، یان کوڕ خۆیان کوشتووە."
هەرچەندە لە ڕووی ئابوریەوە ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا نرخی تمەنی ئێرانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، کە بۆ یەکەم جارە بگاتە ئەو ئاستە نزمە، لەو بارەیەوە شەوبۆ ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی بۆ سزادانی زیاتری ڕژێمی ئێران هەڵمەتێکیان دەست پێکردووە بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان لە بانکەکانی ئێرا ندا، وەک ڕێگەیەکی نوێی ناڕەزایەتیەکان دژی ئەو دەوڵەتە.
" کەمپەینێکیان داناوە بۆ هێنانەوەی پوڵەکانیان لە ناو بانکەکاندا، بۆیە بانکەکانیش توشی کێشە بوون، خەڵک تا دەتوانێت، پوڵەکانی لە بانک دەردەهێنیتەوە، بە خەریدی ئەلکترۆنی و ئینتەرنێتی ناکات، بۆ ئەوەی بانکەکان تەحتی فشار بن، وە بە ڕاستی ئەوە کاریگەری هەبووە، بانکەکانی زۆر توشی کێشە بوون، زۆر کاریان بۆ جێبەجێ نابێت و پوڵی نەقدیان نەماوە."
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئێران بڕیاریدا بە نەمانی پۆلیسی ئاکار، بۆیە هەرچەندە لە ئێستادا بەشێک لە ژنان حیجاب ناکەن، بەڵام شەوبۆ دەڵێت هێشتا ژنان ترسیان هەیە لە بڕیارەکەو ڕێژەیەکی کەم ژن پەیوەست نین بە پۆشێنی حیجابەوە.
" بێ حیجاب دەتوانین بڕۆین کێشە نیە، بۆ نمونە ئێمە خۆمان لە شوێنی کار، لە دەرەوە، لە خیابان، لە بازاڕ بێ حیجاب دەڕۆین، بەڵام وا نیە بڵیین هەموو خەڵک ئەو کارە دەکات، ئێستاش لە خیابان سەیر بکەیت دەرسەدێکی زۆر کەم لە خەڵک بێ حیجاب دەڕۆن، زۆربەی لە ترسی ڕژێم کە نەبا لە ناکاو بێت بیانگرێت، چونکە پۆلیس لە خیابانەکان هەر هەیە، بە بەردەوامی."
لە ئێستادا بەشێک لە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی لە دژی هەڵوێستەکانی ئێران سەبارەت بە خراپی مامەڵە کردنی لەگەڵ خۆپیشاندەران پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیان لەگەڵ ئێراندا هەڵپەساردووە، بە ڕای شەوبۆ ئەوە پشتگیری و هێزێکی باشە کە خەڵکی درێژە بە خۆپیشاندانەکان بدەن.
" ئەوە دەبێتە، ئەنگیزەیەکی باش کە ئێرانیەکانی دەرەوەی وڵات، ئەوانەی نیشتەجێی ئەوروپان، ئەو چالاکیانەی هەیە بەردەوامی پێبدەن و بتوانن بە نەتیجەیەکی بگەیەنن، نەتیجەیەکی سیاسی، نەک تەنیا ئیعتراز و خشونەت."
هەرچەندە ئامارە نافەرمیەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە سەرەتای سەرهەڵدانەکانەوە لە ئێران زیاتر لە 18500 کەس دەستگیرکراون لەو ڕێژەیەش زیاتر لە 5000 کەسیان کوردن، بەڵام وتەبێژی ڕێکخراوی هانا بە دەنگی ئەمریکای وت: ئەوان وەک ڕێکخراوەکەیان کە ڕێكخراوێکە لە بواری مافەکانی مرۆڤ کار دەکات، تەنیا 1150 کەسیان پشتڕاستکردۆتەوە وەک دەستگیرکراو، لە هەمانکاتدا، ژمارەی کوژراوان 135کورد و 124 کەسی تریش لە نەتەوەکانی ترن.
Your browser doesn’t support HTML5