پارێزگاری کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، کێشەی نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکانی دەوروبەری کەرکوک، دەبێت لە ڕێگەی یاسا و بێ دەستوەردانی سیاسی چارەسەر بکرێت، ئەو تۆمەتانەش ڕەتدەکاتەوە کە ئاڕاستەی دەکرێن، بەوەی لە بەرژەوەندی جوتیارە عەرەبەکان دەستوەردانی کردبێت.
لە ڕۆژی 8 ی ئەم مانگە، لەسەر کێشەی خاوەندارێتی کردنی زەوی و زار لە گوندەکانی سنوری قەزای داقوق ی باشوری کەرکوک، شەڕە دار و بەرد لە نێوان جوتیارانی کورد و عەرەب دا ڕوویدا، کاتێک جوتیارە عەرەبەکان هەوڵی کێڵانی زەوییان دا و کوردەکانیش ڕێگرییان لێکردن، بەو پێیەی خۆیان بە خاوەنی زەوییەکان دادەنا.
لە بارەی ناکۆکی نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکانی کەرکوک لەسەر زەوی و زار، ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"کێشەی نێوان جوتیارەکان گەورە کراوەتەوە و لە ڕووی سیاسییەوە قۆزراوەتەوە، ئێمە سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەین لە ڕێگەی یاسا و دادگاوە."
کێشەی نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1976، کاتێک حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریب و ڕاگواستن دا، جوتیارە کوردەکانی لە گوندەکانیان دەرکرد و جوتیاری عەرەبی لە جێگەکانیان نیشتەجێ کرد.
لە ساڵی 2003 و دوای ڕووخانی بەعس، جوتیارە کوردەکان گەڕانەوە بۆ سەر زەوی و زارەکانیان و تا ساڵی 2017 مانەوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە جوتیارە عەرەبەکان جارێکی تر گەڕاونەتەوە و گرفت سەریهەڵداوە لە نێوانیان دا.
ڕۆژی 8ی مانگی دوازدە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی ناکۆکی نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکانی دەوروبەری کەرکوک ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، داوای لە سەرۆکایەتییەکانی عێراق کرد، کۆتایی بە دەسترێژی "کەسانی دەست ڕۆیشتوو" بهێنن بۆ سەر جوتیارانی کورد.
یەکێک لەو کەسانەی بە پشتگیری کردنی جوتیارە عەرەبەکان و دەستدرێژی کردنە سەر جوتیارە کوردەکان تۆمەتبار دەکرێت، ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوکەوە، ناوبراو لەو بارەیەوە، وتی"ئەوانەی تۆمەتبارمان دەکەن، زانیارییان لەسەر کێشەی نێوان جوتیاران نییە، دەبێت پارێزگاری لە مافی هەمووان بکەین، کێشەکە بێ دەستوەردانی سیاسی لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر بکرێت."
پەیوەندی نێوان ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک و هێزە کوردییەکان خراپە، هێزە کوردییەکان بە "پارێزگاری ناشەرعی" ناوی دەبەن و بە هەوڵدان بۆ لە قاڵبدانی پێگەی کورد تۆمەتباری دەکەن، ئەمە جگە لەوەی دەڵێن، پۆستەکەی پشکی کوردە.
راکان جبوری وتی"پۆستی پارێزگار پشکی کێ یە، لە پسپۆڕی من دا نیە و قسەی لەبارەوە ناکەم."
هاوکات لەگەڵ کێشەی نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکان دا، ماوەی مانگێکە دۆخی ئەمنی ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک تێکچووە، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی داعش بۆ سەر خاڵە سەر بازییەکانی عێراق، کە لە مانگی ڕابردووەوە تا ئێستا، نزیکەی 20 سەربازی عێراقی لەو پارێزگایە کوژراون.
راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک لە بارەی هێرشەکانی داعش، بە دەنگی ئەمەریکای وت"داعش وەکو شانەی نوستوو هەن، نەبوونی هێزە عێراقییەکان لە ناوچە دوورە دەستەکان دەقۆزنەوە و هێرش دەکەن."
پارێزگاری کەرکوک، ڕەتیکردەوە زانیاری وردی لەسەر ژمارەی چەکدارانی داعش لە دەوروبەری کەرکوک هەبێت، وتی"داعش بوونی هەیە و لەڕووی سەربازییەوە زیانیان گەیاندووە، کاریگەرییان لەسەر لایەنی دەروونی خەڵکیش هەبووە، هیوادارم پلان دابنرێت و لە ناوچەکە وەدەرنرێن."