ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕێت بەرامبەر بڵاوبوونەوەی کاریکاتێرەکانی خامنەئی لە هەفتەنامەیەکی تەنزئامێزی فەرەنسیدا

ئێران ڕۆژی چوارشەممە هۆشداریی وەڵامدانەوی دا بە فەرەنسا، دوای ئەوەی لە گۆڤاری تەنزئامێزی چارلی هەبدۆدا کاریکاتێری"سووکایەتی" کە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانی تێدا نیشان دراوە، بڵاوکراوەتەوە.

هەفتەنامەکە لە هەمان ڕۆژدا دەیان کاریکاتێری بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا گاڵتە بە باڵاترین کەسایەتییە ئاینی و سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێت.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کاریکاتێرانە بەشێکن لە کێبڕکێیەک کە لە مانگی 12 دەستیپێکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکانی کە بەهۆی مەرگی مەهسا ئەمینی (ژینا) لە 16 ی مانگی 9 وە دەستیان پێکردووە. ژینای کچە کوردی خەڵکی سەقز بەهۆی گوایە پێشێلکردنی یاسایی حیجابی زۆرەملێ لە تاران دەستگیرکرابوو، بەهۆی ئازاردانیەوە گیانی لەدەستدا.

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا دەڵێت " کردەوە سوکایەتیکردن و ناشایستەکەی بڵاوکراوەیەکی فەرەنسی لە بڵاوکردنەوەی کارتۆن دژی دەسەڵاتی ئایینی و سیاسی بەبێ وەڵامێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە تێپەڕنابێت."

دەشڵێت "رێگە نادەین حکومەتی فەرەنسا لە سنووری خۆی دەربچێت. بە دڵنیاییەوە ڕێگەیەکی هەڵەیان هەڵبژاردووە."

گۆڤارە فەرەنسییە ئاماژەی بەوە کردووە ئامانجی ئەو پێشبڕکێیە "پشتیوانیکردنە لە خەباتی ئێرانییەکان لە پێناو ئازادی خۆیان تێدەکۆشن".

دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن لەم خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس لە نێویاندا ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیش کوژراون و هەزاران کەسیش دەستگیرکراون کە بەگشتی بە "ئاژاوە" وەسفی دەکەن، هەروەها زلهێزە بیانییە نەیارەکانی و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانیانی تۆمەتبار کردووە بە وروژاندنی نائارامییەکان.

چارلی هەبدۆ کاریکاتێرەکانی لە چاپێکی تایبەتدا بە بۆنەی ساڵیادی هێرشێکی کوشندە بۆ سەر ئۆفیسەکەی لە پاریس لە 7ی مانگی 1ی 2015 بڵاوکردەوە. هێرشبەران ڕایانگەیاندبوو کە بۆ ڕێکخراوی ئەلقاعیدە کاردەکەن و هێرشەکەیان بۆ تۆڵەسەندنەوە کردووە لە بڕیارەکەی گۆڤارەکە بۆ بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری پێغەمبەر محەمەد.