هێزەکانی ئاسایشی تورکیا ڕێگری لە بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی یەکێک لە قوربانیانی هێرشەکەی پاریس دەکەن

هێزەکانی ئاسایشی تورکیا لە مووش ڕێگرییان کرد لە بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی محمەد شیرین ئایدن کە ناسراوە بە میر پەروەر.

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ڕۆژی پێنجشەممە لە سەر ڕێگای مووش گردبوونەوە بۆ بەشداریکردن لە مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو هونەرمەندەی کە لە هێرشەکەی مانگی ڕابردووی پاریس کوژرا.

بەدران ئۆزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک DTK لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە ئامادەبوون بۆ بەشداریکردن لە مەڕاسیمەکەدا.

پاش گەیشتنی تەرمی محەمەد شیرین بۆ فڕۆکەخانەی مووش، هێزەکانی ئاسایش ڕێگرییان کرد لە بەشداریکردنی خەڵکی لە گواستنەوەی تەرمەکە، بەڵکو خۆیان هەستان بە گواستنەوەی تەرمەکە بۆ ناوچەی ئەوران و لەوێ تەرمەکیان ناشتووە.

هێزەکانی ئاسایشیش بەو پێیەی گردبوونەوەکە قەدەغەکرابوو، ڕووبەڕووی خەڵکەکە بوونەوە و بە ئاو، گازی فرمێسکڕژێن و تەقەکردن بە ئاسماندا هەوڵی بڵاوپێکردنی خەڵکەکەیان دا، خەڵکیش بە بەرد وەڵامی هێزەکانی حکومەتیان دایەوە. لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی بەهۆی گازەکەوە زیانیان پێگەیشت.

محمەد شیرین ئایدن، ناسراوە بە میر پەروەر لە ڕۆژی 23 ی مانگی 12 لە دەمی هێرشێکدا بۆ سەر ناوەندی کلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە شاری پاریسی فەرەنسا کوژرا. لەو هێرشەدا دوو کەسی تریش بە ناوەکانی ئەڤین گویی عەبدوڵڕەحمان کزەل کوژران.