دوای زیاتر لە دە ساڵ، هەنگاوەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لەنێوان هەردوو حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسستی کاریان لەسەردەکرێت و بەرپرسانی شارەکە خەمساردی حکومەتی عێراق و ناکۆکی نێوان حزبە کوردیەکان بە هۆکار دەزانن.
موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی کە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە ڕووی دەستورییەوە کێشەی نییە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.
موسەنا ئەمین گوتی، "دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق هیچ یاسایەکی بۆ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەرنەکرد، لەبەرامبەر ئەو پاڵپشتیە یاسایی دەستوریەی کە هەڵەبجە هەیبوو، سەرۆکی کۆمار لەسەر داواکاریەکانمان لە ڕێگەی وەزارەتی پلاندانانەوە ڕاپۆرتێکیان ئامادەکرد بۆ دیاری کردنی سنوری هەڵەبجە. بڕیاربوو لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت، بەلام ئەمە نەکرا. ئەگەر هەنگاوەکان هەر بەسستی ببینین دەچینە دادگای دەستوری و لەوێ سکاڵا تۆماردەکەین."
"هەڵەبجەی شەهید"
کامەران مستەفا، بەڕێوبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەبەرامبەر ئەو شەهیدانەی هەڵەبجە کە بوونەتە سیمبولی کوردستان و عێراقیش، هەڵەبجەکراوەتە پارێزگا."
ئەو ڕایگەیاند، "بە پارێزگا ناساندنی هەڵەبجە دەبێتە هۆی قەرەبووکردنەوەیەکی مەعنەوی کەس و کاری شەهیدان و لە ڕێگەی دابینکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیشەوە دەتوانرێت پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی تێدا ئەنجام بدرێت و سێکتەری ئاوەدانی گەشەپێبدرێت."
پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی 1999 هەڵەبجەی وەک پارێزگا ناساند و لە 5 ی مانگی دووی ساڵی 2012 پڕۆژەیاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی دەرکرد کە لە 15 مادە پێکهاتووە.
شارەزایانی یاسایی دەڵێن لەبەر ئەوەی بەپێی دەستوری عێراقی ئەو بڕیارانەی کەلە پێش ساڵی 2005 لە هەرێمی کوردستان دەرچوون و پەرلەمانی کوردسان پەسەندی کردوون دەستوورین، بەو پێیەش بڕیارەکەی هەرێم بۆ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە یاساییە.
لەسەر بنەمای بڕیارەکەی پەرلەمانی هەرێمی کوردسان، حکومەتی هەرێم لە 13 ی مانگی سێی 2013 بە فەرمی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی دەرکرد و داوای ناساندنی ئەو بڕیارەی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کرد. دواتر لە 31ی دوازدەی 2013 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەڵەبجەی بە پارێزگا ناساند و پڕۆژە یاسای بە پارێزگاکردنەکەی ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کرد.
سستی حکومەتی عێراق
لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عێراق بە ڕەسمی ئاماژەی نەکردووە بۆچی هەنگاوە کرداریەکانی ئەم بڕیارەی تا ئێستا جێبەجێ نەکردووە، هەندێک لە پەڕلەمانتارانی کورد لە بەغدا هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە بڕیارەکە حکومەتی عێراق پەیوەستدەکات بە دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ پارێزگاکە.
شاخەوان ڕەئوف، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق لەکاتێکدا کە هەڵەبجە وەک پارێزگایەکی ڕەسمی بناسێنێت، دەبێت لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بودجەی تایبەت بە هەڵەبجە تەرخان بکات. ئەمەیەکێکێک لە دیاترین هۆکارەکانە کە تائێستا حکومەتی عێراق هەڵەبجە بە پارێزگا نەناساندووە."
محمد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕۆژی سێشمە، 3ی یەکی 2023، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بەڵێنی دا کە حکومەتەکەی "لەم ماوەیە" بڕیارەکە ڕادەپەڕێنێت و ڕایگەیاند، " ئەرکێکی ئەخلاقیمان لەسەر شانە، حکومەتی ناوەند و هەرێم، بەهەموو دامەزراوەکانەوە ئەو بڕیارە جێ بەجێ بکەین."
ڕۆژێک دوای وتەکانی محمد شیاع سودانی، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لە نامەیەکدا سوپاسی هەڵوێستەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد و داوای کرد هەنگاوە ئیداری و یاساییەکان بۆ "دووبارە بوونیاد نانەوەی هەڵەبجە" لە لایەن حکومەتی عێراقەوە تەواوبکرێن.
ئەنجومەنی پارێزگا
لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، هەندێک لە پەرلەمانتاری ئاگادار دەڵێن کە هەنگاوە ئیداریەکان بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا تا ئێستا جێبەجێ نەکراون بە هۆی ناکۆکی حزبەکان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی کورسیەکان، بە تایبەت لە نێوان یەکێتی و پارتی.
لەم بارەوە، شاخەوان ڕەئوف ڕاگەیاند، "سەرجەم حزبەسیاسیەکان لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە ڕێکەوتن، بەجۆرێک تا هەڵبژاردن بە شێوەی دامەزراندن و هەرحزبێک بە پێی دواین دەنگەکانی لە هەڵبژاردندا کورسی پێبدرێت، بەڵام ئەم ئەنجومەنە پێکنەهێنرا."
سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، " لایەنە سیاسیەکان 40 کۆبوونەوەیان کرد؛ وەک نوسینگەی پەرلەمان سەرپەرشتی دوو کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانمان کرد بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەموولایەنە سیاسیەکان و پارێزگار و جێگری پارێزگار. هەموولایەنە سیاسیەکان کۆک بوون کە ناوی کانیدەکان بنێرین بۆ پارێزگار، بەڵام ناکۆکیەکانی لایەنە دەسەڵاتدارەکان ڕێگەی نەدا ئەنجومەنەکە دروست ببێت."
بەگوێرەی نوێترین ئاماری ئیدارەی هەڵەبجە، ژمارەی دانیشتوانەکەی ئێستا 120 هەزار کەسە وسنورە ئیداریەکانی لە قەزای هەڵەبجە و چوار ناحیە پێک دێت.