هەوڵی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا 

هەوڵی دووبارەی کۆمارییەکان لە ڕۆژی هەینی 6ی ئەم مانگە بۆ هەڵبژاردنی کیڤن مەکارتی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ چوارەمین ڕۆژی لەسەریەک شکستی هێنا.

دوای ئەوەی باڵی ڕاستڕەوی توندڕەو لە پارتی کۆماری ئەمەریکا سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی ئیمتیازاتی گەورەیان پێدرابوو، بۆ جارێکی تر پشتگیریان لە کاندیدی پارتەکەیان بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران نەکرد، بڕیاردان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی کیڤن مەکارتی بۆ خۆلی سیانزە دواخرا.

کیڤن مەکارتی، ڕێبەری پارتی کۆماری تا ساتی نووسینی ئەم هەواڵە دوانزە جار هەوڵیداوە سەرۆکایەتی پەرلەمان بگرێتە ئەستۆ، بەڵام هەوڵەکانی تاکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە، ڕووداوێک کە لەوەتای ساڵی 1859 وە لە سیاسەتی ئەمەریکادا بێ وێنەیە.

دوایین هەوڵی سەرنەکەوتوویی کۆمارییەکان هاوکاتی دووەمین ساڵیادی هێرشەکەی 6ی ژانویەی ساڵی 2021 بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا لەلایەن لایەنگرانی ترامپەوە بوو.

لە 12 هەمین خولی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران، مەکارتی توانی 14 دەنگی دیکە بۆلای خۆی ڕاکێشێت، بەڵام کاندیدی کۆمارییەکان هێشتا پشتگیریی پێویستی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست نەهێناوە و لەو 7 دەنگە نەرینیەی کۆمارییەکان پێویستی بە 3 دەنگی دیکەی ئەرینی هەیە.

ئەوەی لە سیاسەتی ئەمەریکادا نوێیە، ئەوەیە کە لەوەتای ساڵی 1923وە، ئەمە یەکەمجارە کاندیدی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە خولی یەکەمی دەنگداندا، دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنابێت. هەروەها لەوەتای ساڵی 1859وە، ئەمە یەکەمجارە کە ژمارەی خولی دەنگدانەکان بەم شێوەیە بەرز بووبێتەوە. زۆرترین خولی دەنگدان لە مێژووی سیاسەتی ئەمەریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، لە ساڵی 1856 بووە کە پاش 133 جار هەڵبژێردراوە.

بڕیاری دیاریکردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گەیشتوەتە خولی 13ی دەنگدانەکان و مەکارتی تا ئێستا 2015 دەنگی بەدەستهێناوە و دەبێت بگاتە نیسابی 2018 دەنگ بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

ئەنجومەنی نوێنەران بە بێ سەرۆک ناتوانێت فەرمییەتی هەبێت و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ناتوانن سوێندی یاسایی بخۆن و دەنگ لەسەر هیچ پڕۆژەیاسایەک بدەن.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە دوای سەرۆک کۆمار و جێگرەکەی، سێیەم کەسایەتی سیاسی گەورەی ئەمەریکایە.

سەرچاوە/ AP