مەلایەکی بەناوبانگی سوننەی ئێران دەڵێت ئەشکەنجەدانی خۆپیشاندەران ناشەرعییە

مەولەوی عەبدولحەمید

مەولەوی عەبدولحەمید، مەلای بەناوبانگی سوننەی شاری زاهیدان، مەلای بەناوبانگی سوننەی شاری زاهیدان لە کاتی وتارەکەی نوێژی هەینی ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گرت و داوای لێکردن لە جیاتی گرتن و زیندانیکردنی خەڵک، گرنگی بە دەنگی ناڕازییان بدەن.

ڕۆژی هەینی ٦ی ئەم مانگە لە کاتی نوێژی هەینی لە شاری زاهیدان، مەولوی عەبدولحەمید ڕایگەیاند کە بە زۆر دانپێدانان و لێدانی دەستبەسەرکراوان نەک هەر بە پێی شەریعەت دروست نییە، بەڵکو بە پێی خوودی دەستووری کۆماری ئیسلامیش نایاساییە. ئەو بە ئاماژەدان بە دەسەڵاتی حاکمەکان، گوتی کە ئەوان دەسەڵاتی خودایی و ڕەهایان نییە و پێویستە گوێ لە خەڵک بگرن.

مەولەوی عەبدولحەمید گوتیشی زیندانییەکان ئازاد بکەن و سزای قورسیان بەسەردا مەسەپێنن، بەتایبەت گەنجان و منداڵان و ژنان، چونکە بێ سوودە.

عەبدولحەمید لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار ڕەخنەی تووندی لە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان گرتووە و لە یەکێک لە ڕەخنە بێوێنەکانیدا داوای ڕیفراندۆمی کردووە. ناوبراو لە وتارەکانیدا چەندین جار جەختی لە پێویستی یەکسانی بۆ هەموو ئێرانییەکان بەبێ گوێدانە نەتەوە، ئایین و ڕەگەزیان کردووە و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەو بوارەدا بە هەڵاواردن ناوبردوە.

جێی ئاماژەیە کە ماوەیەک پێش ئێستا لە بولیتینی نهێنی ئاژانسی هەواڵی فارسدا کە لە لایەن گرووپێکی هاککەرەوە ئاشکرا کرا، تێیدا هاتبوو کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران فەرمانی بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و هێزی پۆلیس کردبوو کە نابێت مەولەوی عەبدولحەمید دەستگیر بکرێت، بەڵکو دەبێت سووک و ڕیسوا بکرێت.

لەوەتای خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران دەستی پێکردوە، سەدان خەڵکی بەلووچ تێیدا کوژراون و ژمارەیەکی زۆریان دەستگیر کراون.

پارێزگای سیستان و بەلوچستان کە ناوەندەکەی شاری زاهیدانە، لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیشەوە بێبەشترین و فەقیرترین پارێزگای ئێرانە، ئەمەش سەرەڕای قەبارەی جوگرافیایی و هاوسنووربوونی ئەو پارێزگایە لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان و دەرفەتی بازرگانی و هەروەها سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی کانزا، کە دەیانتوانی ئەو پارێزگایە بکەنە ناوەندێکی گەشەسەندوو لە ئێراندا.

ماڵپەڕی "حال وش" کە هەواڵەکانی بەلووچستان ڕادەگەیەنێت، بڵاویکردوەتەوە کە مەولوی عەبدولحەمید، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکان و وتارە ڕەخنەییەکانی ڕۆژانی هەینی فشارێکی توندی لەسەرە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز