سەرۆکی ڕێکخراوێکی ناحکومی فشار دەخاتە سەر تاڵیبان تا لە بڕیاری قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە نێو ڕێکخراوەکاندا پاشگەز ببێتەوە

سەرۆکی ڕێخکراوێکی ناحکومی سەرەکی چوو بۆ ئەفغانستان تا داوا لە تاڵیبان بکات قەدەغەکردنی کارکردنی ژنە ئەفغانییەکان لە نێو ڕێکخراوەکاندا، هەڵبوەشێنێتەوە و هۆشداریش دەدات ئەگەر ئەو کارە نەکەن " خەڵکی ژیانیان لەدەستدەدەن."

ئاژانسەکانی فریاگوزاری نێودەوڵەتی دەڵێن ئەفغانستان ڕووبەڕووی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان بووەتەوە، کە 38 ملیۆن دانیشتووانی برسی بوون و سێ ملیۆن منداڵیش مەترسی بەدخۆراکییان لەسەرە.

چەندین گروپی فریاگوزاری وەک نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو بڕیارەی تاڵیبان کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، کارەکانیان لە ئەفغانستان ڕاگرت و کاریگەری لەسەر هەزاران ژنە کارمەندی ڕێکخراوە ناحکومییەکان هەبوو.

یان ئێگلاند، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی سەربەخۆی پەنابەرانی نەرویج ناسراو بە (NRC) گوتی تاڵیبان "لە ڕێگەی نوێنەرەکانییەوە بەڵێنی ئەوەی دابوو کە خوێندنی کچان و ژنان و کارکردنی ژنان قەدەغە نەکات."

ڕۆژی دووشەممە بە ئاژانسی فرانس پرسی گوت " بە ڕوونی ئێمە لەلایەن تاڵیبانەوە بەلاڕێدا براین، ڕوونە کە ئێستا کارەکانمان مەحاڵ دەکەن."

ئێگلاند گوتی ئەو ئامادە نییە کارەکانی ڕێکخراوی NCR بەبێ ئامادەبوونی کارمەندانی ژنان دەستپێبکاتەوە.

ئەو گوتیشی " من لێرەم تا بە ڕابەرانی تاڵیبان و هەرکەسێکی کە بتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەریان، بڵێم پێویستە بتوانین کارەکانمان لەگەڵ کارمەندە ژنەکان دەستپێبکەینەوە، ئەگەر نا ئەوا ژیانی خەڵکی لەدەستدەچێت."

پاش کۆبونەوەکانی لە کابوڵ بڕیارە ئێگلاند بڕوات بۆ قەندەهار، نێوەندی دەسەڵاتی دیفاکتۆی تاڵیبان، کە لەوێوە ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتڵا ئاخوندادە بڕیارەکەی دەرکرد.

NRC نزیکەی 500 کارمەندی ژنی هەیە کە لە بوارەکانی وەک ئاسایشی خۆراک، پەروەردە، هاوکاری یاسایی، ئاو و پاکوخاوێنی لە سەرانسەری ناوچە دووردەستەکانی ئەفغانستان کاردەکەن.

ژنان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی یارمەتیدان لە ئەفغانستان زۆر گرنگن، بەتایبەتی لە دەستنیشانکردنی ژنانی دیکە کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە.

لە کۆمەڵگەی ئەفغانی پارێزکار و پیاوسالاردا، بە شێوەیەکی بەرفراوان بە نەگونجاو دادەنرێت ئەگەر ژنێک قسە لەگەڵ پیاوێکدا بکات کە خزمێکی نزیکی نەبێت.

تاڵیبان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هاوکارییەکان دەتوانن بگەن بە دەستی ئەوانەی پێویستیانە بە ڕێگای پیاوانی نێو خێزانەکان و دەڵێن ئەمەش پێویستی بە ژنانی کرێکاری فریاگوزاری کەمدەکاتەوە.

ئێگلاند دەڵێت "ئێمە تەنها لەگەڵ نێرەکان کار ناکەین. ئێمە لە ڕێگەی پیاوانەوە کار ناکەین بۆ ئەوەی بگەین بە بێوەژن و ئەو دایکانەی کە منداڵی بێباوکیان هەیە ".

سەرچاوە: AFP