لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا 135،000 کەس لە هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوە و لەو ڕێژەیەش 19،200کەس لە ساڵی 2022دا بووە، ئەمە بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا.
ڕێکخراوەکە دەڵێت لەو ژمارەیەی کە لە ساڵی 2014 وە کۆچیان کردووە، 366 کەس بوونەتە قوربانی بەدەر لەو کەسانەی کە بێ سەروشوێنن.
دەڤەری ڕاپەڕین "پشکی شێری" بەرکەوتووە لە ڕێژەی کۆچبەران و قوربانیان کە ژمارەیان 29،100 کۆچبەرە و لە نێویاندا 94 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ئامارەکانیان دەریدەخات زۆربەی کۆچبەران گەنجن و بێکاری و خراپی دۆخی هاووڵاتیانیش هۆکاری سەرەکی کۆچە لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەبوبەکر عەلی ڕایگەیاند، " بێکاری وای لە گەنج کردووە کە سەفەر بکات یاخود قەڵاچۆ بکات, نەتوانێت لەم نیشتیمانە بمێنێتەوە. بەداخەوە ڕۆژگار وایە لەبەر خراپی باری ژیان لەبەر خراپی گوزەران وایکردووە کە هیچ هیواو ئومێدێک لەبەردەم گەنجدا نەمێنێت و تاکە بژاردەی ڕۆشتن بێت لەم نیشتیمانە بۆ وڵاتێکی تر، لانیکەم بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ بژی."
هەروەها ڕایگەیاند، "هۆکاری تریش هەیە وەک نادادی، کە دەبینین نادادی زۆر هەیە. لە ڕووی چێنایەتیەوە بۆتە دوو چین، چینێکیان دەوڵەمەندی هەڵتۆقی و کە بە ماوەیەکی کەم بۆتە خاوەن سەروەت و سامانێکی زۆر ئەوانەش، ئەو چینە دەگرێتەوە کە خوا پێداوەکانن کە خزم یان خانەوادەی بەرپرسەکانن."
ئامارەکان دەریدەخەن کە بەهۆی باشتر بوونی دۆخی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵی 2011 تا 2014 کۆچی پێچەوانە بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە، بە شێوەیەک کە نزیکەی 37،000 کەس گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. بەڵام سەرهەڵدانی داعش و دروستبوونی چەندین قەیران لە هەرێمدا ئەم هاوکێشەیەی پێچەوانە کردەوە.
لە ناو کۆچبەراندا لاسەنگیەکی گەورەی ڕەگەزی هەیە و بەشێکی زۆری کۆچبەران لە ڕەگەزی نێرن کە لە داهاتوودا شیانی هەیە ببێتە یەکێک لەو کێشانەی ڕوبەڕووی هاووڵاتیانی هەرێم دەبێتەوە.
لەو بارەیەوە ئەبوبەر عەلی ڕایگەیاند، "دەبینین ئەوەی کە ڕۆشتووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە %90 ی ڕەگەزی نێرن. ئێمە داتایەکمان لەبەردەستدایە هی ساڵی 2022 لە زانکۆی ڕاپەڕین بەرواوردکاریەکمان کردووە، کە تەنیا بەس لە یەک زانکۆ کە زانکۆی ڕاپەڕینە، ڕێژەکە بەم جۆرەیە،( 1884) ڕەگەزی نێری تێدایە و بەرامبەر بە( 3888) ڕەگەزی مێ، کە دەبێت حکومەت هەڵوێستەی لەسەر بکات."
ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە پێشتر چەند پڕۆژە یاسا و پێشنیارێکیان پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێم کردووە سەبارەت بە هۆکارەکانی کۆچ و دۆزینەوەی میکانیزم بۆ بنەبڕ کردنی ئەم دیاردەیە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام ماوەتەوە.
سەرۆکی ڕێکخراوەکە ڕەخنە لە کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت پێنەدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی هەرێم هۆکارێکە بۆ کۆچی نا یاسایی کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاووڵاتی کورد.