وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەم چەند ڕۆژەی دوایی بەرەوپێشچونیان بەخۆوە بینیوە و لە ئێستادا هەوڵێک لە ئارادایە بۆ گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ نێو کۆبونەوەکانی حکومەتی هەرێم.
عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "رەنگە لە هەفتەی داهاتووەوە هەنگاوەکان بەرەو پێشەوە بڕۆن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، تا وەزیرەکانی یەکێتی کە بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیرانییان کردووە بگەڕێنەوە و بەشداری کۆبوونەوەکان بکەن."
ئەو وەزیرە هەروەها وتی، "نەهاتن بۆ نێو کۆبوونەوەکان کارێکی باش نییە، دەبێت پێکەوە و لەسەر مێزی گفتووگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین."
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ هەندێک لە وەزیرەکانی یەکێتی، ماوەی نزیکی 100 ڕۆژە بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمییان نەکردووە دوای گرژبوونی پەیوەنیدەکان لەگەڵ تیمی پارتی. لەڕۆژی 15 ی ئەم مانگەوە، تیمی یەکێتی بەتەواوەتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە و لە وەتسئاپی حکومەتیش بۆ ئاگاداربوون لە کۆبوونەوەکان دەرچوو.
بە پێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، پێشتر محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، و چەند کەسایەتییەکی سیاسی هەوڵی نێوەندگیریان داوە لە نێوان پارتی و یەکێتی بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژیەکان، بەڵام هەوڵەکانییان سەرینەگرتووە..
عەبدوڵای حاجی مەحمود، کە لە پشکی سوسیال دیموکرت وەزیرە، بە دەنگی ئەمەریکای رایگەیاند، "کاک محەمەد هەموو لایەنەکانی بینیووە و لەگەڵیان دانیشتووە، بەردەوامیشە لەهەوڵەکانی."
ئەو وتیشی"کێشەکان لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و روونکردنەوە بڵاو کردنەوە چارەسەر نابن، دەبێت پێکەوە لەسەر مێزی گفتووگۆ دابنیشین و چارەسەریان بکەین."
کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی کە رەنگدانەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمیش هەبووە، پەیوەندی بە یەکتری تۆمەتبارکردنی ئەو دوو حیزبەوە هەیە لەسەر دۆسیەی دارایی و ئەمنی، بەتایبەت پارتی چەند بەرپرسێکی ئەمنی یەکێتی بە تێوەگلان لە "تیرۆرکردنی" عەقیدێکی دژە تیرۆر تۆمەتبار دەکات. یەکێتیش پارتی بە قۆرخکردنی دەسەڵات و گەمارۆ خستنە سەر سلێمانی تاوانبار دەکات.
لە بارەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی و کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم، دەڵێت، "کێشەکان ترس و دڵە ڕاوکێیان لە نێو خەڵکدا دروستکردووە. بۆیە پێویستە بارودۆخی هەرێم ئاسایی بکرێتەوە، کۆتایی بە کێشە و ناکۆکییەکان بهێنرێت، وە وەزیرەکان بگەڕێنەوە بۆ نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، چونکە جگە لە گفتووگۆ و دانوستان هیچ ڕێگەیەکی ترمان لەبەردەم دا نییە."
عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان ئاماژەی بەوەشکرد، چوار ساڵ لەمەوبەر پەرلەمانی کوردستان پێکەوە دەنگی لەسەر کارنامەی حکومەت و متمانەدان بەسەرجەم وەزیرەکان داوە و وتی"ئەوکات هەموومان کۆک بووین لەسەر کارنامەی حکومەت، هەموو لایەک کارنامەکەی قەبوڵ بووە، بۆیە دەبێت بەهەموومانەوە ڕەوشەکە ئاسایی بکەینەوە و گرفتەکان وەلا بنێین."