فینلاند تۆپخانەی قورس بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت

فینلاند ڕۆژی هەینی پاکێجێکی هاوکاری سەربازی بە بڕی 400 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند،کە تا ئێستا گەورەترین یارمەتییە و تۆپخانەی قورس و هەروەها تەقەمەنی لەخۆدەگرێت بەڵام هیچ تانکی لیۆپاردی تێدا نییە.

میکۆ ساڤۆلا، وەزیری بەرگری فینلاند لە بەیاننامەیەکدا وتی: ئۆکرانیا بەردەوامە لە پێویستی پشتیوانی لە بەرگریکردن لە خاکەکەی.

ئەمە دوازدەهەمین پاکێجی کەرەستەی بەرگری وڵاتی باکوورە بۆ ئۆکرانیا. بەهای کۆی گشتی 11پاکیجەکەی پێشوودا بایی 190 ملیۆن یۆرۆ بووە (نزیکەی 205 ملیۆن دۆلار).

وەزارەتەکە هەروەها ڕایگەیاندووە، فینلاند بەناو بەیاننامەی نیەت لەگەڵ سوید واژۆ دەکات سەبارەت بە پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ئەو هاوکارییانە "بەرگریی نیشتمانیی هەردوو وڵات ناخاتە مەترسییەوە".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: فینلاند کەرەستەی بەرگری بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات، سویدیش ئامادەیی خۆی بۆ پشتگیریکردنی فینلاند بەپێی پێویست دەردەبڕێت.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو سوید بەڵێنیدا سیستەمی تۆپخانەی ئارچەر، کە هاویتزەرێکی مۆدێرن و گەڕۆکە و چەند مانگێکە کیێڤ داوای دەکرد، لەگەڵ زرێپۆش و مووشەکی دژە تانک بۆ ئۆکرانیا بنێرێت.

هەروەها فشارەکان لە لایەن هاوپەیمانە ئەوروپییەکانەوە بۆ سەر ئەڵمانیا زیادی کردووە بۆ ئەوەی ڕێگە بە هەناردەکردنی تانکی لیۆپاردەکەی بدات، کە لەلایەن چەندین هێزی چەکدارەوە لە سەرانسەری جیهان بەکاردەهێنرێت، لەنێویاندا فینلاند.

سەرچاوە/ فرانس پرێس