دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا، پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت هیچ ڕێوشوێنێک تاکو ئێستا سەبارەت بە دۆسیەکە نەگیراوەتەبەر.
دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی بۆ زانیاری لەسەر وردەکاری زۆرتری دۆسیەکەی ژینا ئەمینی ئەمڕۆ ٢١ی مانگی یەک پەیوەندی کردوە بە ساڵح نیکبەخت، پاڕێزەرەی دۆسیەی ژیناوە کە لەو پەیوەندییەدا بەڕێز نیکبەخت ڕایگەیاند کە لە لایەن چەند شوێنێکەوە هۆشداری پێدراوە کە قسە لە سەر دۆسیەکە نەکات، ئەو گوتی بەڵام ئەو بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە بێدەنگ نەبێت و ڕاستییەکان بخاتەڕوو.
بەڕێز نیکبەخت لە وەڵامی دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە دۆسیەی گیانلەدەستدانەکەی ژینا دەڵێت "من وەک پارێزەری سەرەکی دۆسیەکە لەگەڵ هاوکارێکم توانیومانە بەڵگەکانی دۆسیەی ژینا کە زیاتر لە ٤٠٠ لاپەڕەیە، سەیری بکەین و داومان لە بەرپرسی دۆسیەکەش کردوە کە بەو پێیەی کە ئێمە پزیشک و پسپۆڕ نییەن، ڕیگەمان بدرێتێ کە کۆپییەک لە بەڵگەکان پیشانی خێزانی ژینا و چەند پزشکێکی جێگای متمانەی خۆمان بدەین بۆ ئەوەی ڕای خۆیان لەسەر بەڵگە پزشکییەکان بڵێن.
ئەو دەڵێت "بەڵام ئێمە تاکو ئێستا رێگەی ئەوەمان پێنەدراوە و خێزان و ڕای گشتیش ناتوانن باوەر بە قسەکانی پزیشکی دادوەری سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا بکەن."
شایانی باسە کە چەند ڕۆژ پێش ئیستا حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە کۆچی دوایی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران گوتی "لە ئێران ژنان لە ئازادی و مافێکی زۆر بەهرەمەندن و ئەو ڕاستییەی کە کچێکی ئێرانی بە هۆکاری سروشتی گیانی لەدەستداوە، بوو بە مایەی دڵتەنگی ئێمەش."
قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ پاڕێزەری دۆسیەکەی ژینا گوتی "دۆسیەکە تا ئێستا بە فەرمی کۆتایی پێنەهاتووە."
نیکبەخت سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزاییەتی خۆی لەو بەدواداچوونەی تا ئێستا سەبارەت بە دۆسیەکە ئەنجام دراوە، گوتی "بەرپرسانی دۆسیەکە لەو چەند ژنەی لەگەڵ ژینادا لەلایەن پولیسی ئاکاراوە دەستبەسەرکراون، بە بیانووی ئامادەنەبوونی هەندێکیان بۆ لێدوان لەسەر ئەو بابەتە، تەنها لە سێ لەو ژنانە لێکۆڵینەوەیان کردوە کە هەر سێیان گوتویانە لەو کاتەدا ئێمە سەرقاڵی شتی دیکە بووین و ئاگامان لێنەبووە کە پولیسەکان لە ژینایان داوە یان نا."
ئەو پارێزەرە دەشڵێت ئەمە لە کاتێکدایە کە سیستەمی دادوەری بەهۆی گرنگی بابەتەکەوە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لێکۆڵینەوە لە سەرجەم شایەتحاڵەکان بکات.
ساڵح نیکبەخت دەڵێت لەو ڕاپۆرتەی پزیشکی دادوەریدا کە بینیویانە، هۆکاری لەکارکەوتنی لەناکاوی ئەندامە گرنگەکانی لەشی ژینا یان هۆکاری دابەزیینی ئۆکسجینی دیارینەکراوە، بەڵکو تێیدا تەنها ئاماژە بە نەخۆشییەکی ١٥ ساڵ لەمەوبەری ژینا کراوە. ئەو دەشڵێت ئەمە لەکاتێکدایە کە لەماوەی هەموو ئەم ساڵانەدا، ژینا ژیانێکی ئاسایی و تەندروست ژیاوە و هەروەها بە گوتەی پزیشکەکەی ئەو نەخۆشییەی ڕابردووی ناتوانێت هۆکاری گیانلەدەستدانی بێت.
بەڕێز نیکبەخت سەبارەت بە ناتەواوبوونی دۆسیەکە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "کاتێک ژینا لەلایەن پولیسی ئاکارەوە دەستبەسەرکراوە، لەگەڵ کچی پووری بووە کە کچە پوورەکەی لە پولیسەکان پاڕاوەتەوە کە ژینا لەگەڵ خۆیان نەبەن، بەڵام یەکێک لە پولیسەکان لە وەڵامی داواکارییەکەی کچە پوری ژینا ئاماژەی بە کامێرای سەر جلەکەی کردوە و گوتویەتی وێنە و دیمەنی ئەویش لە ناو کامێراکەیدا تۆمار کراوە و ئەگەر زۆر بپارێیتەوە ئەوا ئەویش دەستبەسەر دەکات."
ئەو دەشڵێت بەڵام نە ڤیدیوی کامێرای سەر جلی پولیسەکە و نە ڤیدیوی کامێرای ناو ئۆتۆمبێلەکە هیچ کام لە ناو دۆسیەکەدا نەبوون و دیار نییەن.
بەڕێز نیکبەخت لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە تا چەند هیوای هەیە دۆسیەکە بگاتە ئەنجام، گوتی تاکو ئیستا هیوام زۆر نییە و گەر دەسەڵاتدارانیش دۆسیەکە بە ناڕوونی دابخەن، ئەوا لەگەڵ ناڕەزایەتی گشتیدا ڕووبەڕوو دەبنەوە.
گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی، ئەو کچە گەنجەی خەڵکی شاری سەقز لە ژێر دەستی پولیسی ئاکاری تاراندا لە ناوەڕاستی مانگی ٩ی ساڵی ٢٠٢٢دا بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرەییەکانی ئێران کە تاکو ئێستاش بەردەوامن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و ٢٠ هەزار کەسیش دەستبەسەرکراون. ئاژانسی هەواڵیی گرووپی چالاکانی مافی مرۆڤی هەرانا ڕایگەیاندوە کە تاکو ئیستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، گەیشتووەتە ٥١٩ کەس.
هەروەها ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندوە کە لانیکەم ١٠٩ خۆپیشاندەری دەستبەسەرکراو مەترسی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان یان جێبەجێکردنی ئەو سزایەیان لەسەرە.
موحسین شێکاری، مەجید رەزا ڕەهنەوەرد، محەمەد مەهدی کەرمی و محەمەد حوسێنی چوار لەو خۆپیشاندەرە دەستبەسەرکراوانە بوون کە بە گوتەی چالاکانی مافی مرۆڤ بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی هەڵبژێردراو و دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە سێدارەدران.