ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریخستووە چینی ئۆزۆنی کە پارێزگاری لە زەوی دەکات لەسەر خۆ چاک دەبێتەوە.
ئۆزۆن جۆرێکە لە ئۆکسجین لە بەرگەهەوای سەرەوەی زەویدا وەک بەربەستێک کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە تیشکی زیانبەخشی کە لە خۆرەوە دەگات، بەڵام نزیکتر لە ڕووی زەوی، ئۆزۆن پیسکەرێکی باو و ئاساییە. لە ئاستی زەویشدا، ئاستی بەرزی ئۆزۆن دەتوانێت زیان بە سییەکانی مرۆڤ و بە ڕووەکەکان بگەیەنێت.
توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەو پیسبوونە کیمیاییانەی کە دەر دەدرێنە بەرگەهەواوە بە تێپەڕبوونی کات چینی ئۆزۆن بچووک دەکەنەوە. چینەکە لە بەشێک لە بەرگەهەوای زەویدا بوونی هەیە، بە ستراتۆسفێر ناسراوە. چینەکە دەکەوێتە نێوان 15 بۆ 30 کیلۆمەتر لە سەرووی ڕووی زەوی. ساڵانە کەلێنێکی گەورە لە چینەکەی سەر ئەنتارکتیکادا گەشە دەکات.
زانایانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیاندا دەڵێن بەو ڕێژەیەی ئێستا، کەلێنەکەی ئۆزۆن لە سەر ئەنتارکتیکا تا ساڵی 2066 بە تەواوی چاک دەبێتەو.
پۆڵ نیومان هاوسەرۆکی بەشدار لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. لەم دواییانەدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی کەشناسی ئەمریکا پێشکەش کرا. بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی وتووە، "لە ستراتۆسفێری سەرەوە و لە کەلێنەکەی ئۆزۆندا دەبینین دۆخەکە باشتر دەبیت.
بەڵام توێژەران باسیان لەوە کردووە چاکبوونەوەکە زۆر بە هێواشی ڕوودەدات. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت تێکڕای بڕی ئۆزۆن لە جیهاندا لە دەوروبەری ساڵی 2040دا بۆ ئاستی پێش تەنکبوونەوە بگەڕێتەوە.
ڕێککەوتنێکی ساڵی 1987 بە ناوی پرۆتۆکۆڵی مۆنتریال، زنجیرەیەک پێکهاتەی کیمیایی قەدەغە کرد – کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە پێکهاتەی ساردکەرەوە و ئایرۆسۆڵدا بەکاردەهێنرێن – پێدەچێت ئەوە هۆکاربێت ئەستووری چینە ئۆزۆنی کەمکردووەتەوە.
سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی، پێتەری تالاس لە بڵاوکراوەیەکدا سەبارەت بەو ڕاپۆرتە لێدوانی دا، ووتی "ئەو کارانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ئۆزۆن گرنگی سنووردارکردنی پێکهاتە زیانبەخشەکانی کەشوهەوایان نیشانداوە.
نیومان ووتیشی "لەکاتێکدا 4 ساڵ لەمەوبەر نیشانەکانی چاکبوونەوە ڕاپۆرتکراون، توێژەران بەدوای گۆڕانکارییەکی بەردەوامتردا دەگەڕێن. وتی ژمارەکانی پێشووی چاکبوونەوە "زۆر پتەوتر بوون".
نیومان کە هاوکات گەورە زانای زەوییە لە ناوەندی گەشتەکانی واڵایی گۆدارد لە ناسا، دەڵێت ئەو دوو پێکهاتە کیمیاییە سەرەکییەی ئۆزۆن دەگۆرن لە ئاستێکی نزمتردان لە بەرگەهەواوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئاستی کلۆر بە ڕێژەی 11.5% دابەزیوە لەو کاتەی لە ساڵی 1993 گەیشتبووە بەرزترین ئاستی.
نیومان ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمبوونەوەی ئاستی کلۆر و برۆم بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی ئەو سنوورانەی لە پرۆتۆکۆڵی مۆنتریالدا دانراوە.
ئەندامێکی دیکەی تیمی توێژینەوەکە دەیڤید دبلیو فاهی بەڕێوەبەری تاقیگەی زانستە کیمیاییەکانی بەڕێوبەرایەتی نیشتمانی ئۆقیانوس و بەرگەهەوای ئەمریکایە، ووتی "دوایین ئەنجامەکان دەریدەخەن گۆڕانکاری دەریایی لە شێوازی مامەڵەکردنی جیهان لەگەڵ پێکهاتە تەنککەرەوەکانی ئۆزۆندا ڕوویداوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "هەروەها خولەکانی کەشوهەوای سروشتی لە جەمسەری باشوور کاریگەری لەسەر ئاستی کەلینەکانی ئۆزۆن هەیە کە لە وەرزی پایزدا لە بەرزترین ڕێژەدایە. نیومان وتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەلێنەکەی ئۆزۆن کەمێک گەورەتر بووە بەهۆی ئەوەوە. بەڵام بە گشتی ئەنجامەکان چاکبوونەوەی ڕوون نیشان دەدەن".
شەڕ لە ئۆکرانیا بە هۆکاری نەچوونی باڵندەی کۆچبەر بۆ کشمیر دادەنرێت
کاریگەری شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا تا کشمیر هەستی پێدەکرێت کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت. باڵندەناسەکان ململانێکان بە هۆکار دەزانن لە کەمبوونەوەی باڵندەی کۆچبەر کە هەموو زستانێک لە ئەوروپاوە بۆ ناوچە شێدارەکانی دۆڵی کشمیر ڕێگە دەگرنە بەر.
هەموو ساڵێک مانگی 2، بەشی پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکان سەرژمێرییەک بۆ باڵندە کۆچبەرەکان لە کشمیر ئەنجام دەدات. بەڕێوەبەرایەتیەکە دەڵێت، لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 1 ملیۆن و 100 هەزار باڵندە لە 39 جۆری باڵندە سەردانی ناوچەکەیان کردووە، لە سەرژمێرییەکەدا لە ساڵی 2020دا 810 هەزار باڵندە و لە ساڵی 2019دا 950 هەزار باڵندەیان مەزەندە کردووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هێشتا دەستی بە ژماردنی ئەمساڵ نەکردووە بەڵام سەرپەرشتیاری ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچە شێدارەکان، ئیفشان دێوان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “لە زەویە شێدارە جیاوازەکانەوە ڕاپۆرتم پێدەگات سەبارەت بە کەمی هاتنی باڵندەی کۆچبەر بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو".
شارەزایان پێیان وایە شەڕی نزیکەی ساڵێکە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکرێت یەکێک بێت لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی پۆلە بەڵندەکانی ئەمساڵ کە کۆچبەرن، چ لە کشمیر و چ لە شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە.
عیرفان جیلانی دامەزرێنەری یانەی باڵندەی ناسراو بە "باڵندەکانی کشمیر" بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، هەموو زستانێک باڵندەی چین و سیبیریا و ناوەڕاستی ئاسیا و ئەوروپا سەردانی کشمیر دەکەن. ” جیلانی پێشنیاری کرد ووتیشی “دەکرێت باڵندەکانی ئەوروپا بەهۆی شەڕەوە کاریگەرییان لەسەر بێت و ڕێڕەوی فڕینەکانیان گۆڕیبێت بۆ ئەوەی بگەنە ئێرە، بەڵام لاوازەکان ناتوانن بگەنە شوێنی مەبەست.
لە ناوچەی جاموی دراوسێی هیندستان نەخشێکی هاوشێوە ئاماژەی پێکراوە. پارمیل کومار، سەرۆکی بەشی ئامار لە زانکۆی جامو ڕایگەیاندووە، دەکرێت شەڕی ئۆکرانیا بەرپرسیار بێت لە هاتنی هەندێک جۆر نزیکەی دوو هەفتە دواتر لە کاتی ئاسایی.
کومار کە خۆی لێکۆڵەرەوەیە لەسەر باڵندەکان دەڵێت "هەروەها لەم زستانەدا نزیکەی 15% ژمارەی ئەو باڵندانەی سەردانی ناوچەی جامو دەکەن کەمبوونەتەوە".
ئەندرۆ فارنسوۆرس پسپۆڕی کۆچی باڵندەکان هاوڕا بوو کە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەتوانێت هۆکارێک بێت کاریگەری لەسەر ژمارەی ئەو باڵندە کۆچبەرانە هەبێت کە لەم زستانەدا سەردانی ناوچەی کشمیر دەکەن بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە باڵندەکان لە زۆرێک لە ناوچەکانەوە جگە لە ئەوروپا دێنە ئەو دۆڵە.
فارنسوۆرس، هاوکارێکی باڵای توێژینەوە لە تاقیگەی باڵندەناسی کۆرنێل دەڵێت "ڕەنگە کەمێک، بەڵام زۆر هۆکاری دیکە هەیە و زۆر باڵندەی دیکەش لە شوێنە ڕۆژهەڵاتییەکان زیاتر دەگەنە کشمیر، ئەمە جگە لە چالاکییە سەربازی و پیشەسازییە بەردەوامەکان لە کشمیر و دەوروبەری بۆ ساڵانێک."
"جەنگ دەتوانێت و بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر جوڵەی باڵندەکان هەبێت، جا بە تێکدانی شوێنی نیشتەجێبوونیان بێت، یان زیادبوونی فشاری ڕاوکردن لە کاتی شەڕە درێژخایەنەکاندا، یان لەناوچوونیان بەهۆی کردەوەی سەربازییەوە".
شارەزایانی گیانلەبەرە کێوییەکان هەوڵدەدەن بزانن ئایا سەرژمێری ئەمساڵ ئەو تێبینیانە پشتڕاست دەکاتەوە کە پێدەچێت ژمارەی ئەو جۆرە باڵندانە کەمبووەتەوە کە لە ئەوروپاوە گەشتەکە ئەنجام دەدەن، وەکو کۆترە ڕەشەکان، کۆترە سپییە گەورەکان و کۆترە وەنەوشەییەکان.
شارەزایانی بواری گیانلەبەرە کێوییەکان لە ئۆکرانیا دەڵێن هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە شەڕەکە بوونەوەرە جۆراوجۆرەکانی لەوێن دەخاتە مەترسییەوە.
وێنە گرتنێکی بەشێکی کاکێشان زیاتر لە 3 ملیار ئەستێرە دەردەخات
وێنەگرتنێکی بەشێکی گەلەئەستێرەی کاکێشان زیاتر لە ٣ ملیار ئەستێرە و گەلەئەستێرەی گرتووە لە یەکێک لە گەورەترین ڕووپێوی ئاسمانی تا ئێستائەنجامداراوە.
کامێرای وزەی تاریک لەسەر تەلەسکۆپێک لە شیلی لە ماوەی دوو ساڵدا ئەو چاودێریانەی کردووە و سەرنجی لەسەر ئاسمانی نیوەگۆی باشوور بووە. کۆمپانیای NOIRLab لە دامەزراوەی نیشتمانی زانست لەم هەفتەیەدا ئەنجامی توێژینەوەکەی بڵاوکردەوە.
ئەستێرەکان بە وردییەکی سەرنجڕاکێش دەردەکەون، زۆربەی ئەم تەنانەی کاکیشان ئەستێرەن. هەروەها ژماردنەکە گەلەئەستێرە بچووک و دوورەکان لەخۆدەگرێت کە ڕەنگە بە هەڵە وەک ئەستێرە تاکەکان زانرابن.
ئەندرۆ سەیدجاری، توێژەری سەرەکی، خوێندکاری دکتۆرا لە فیزیا لە زانکۆی هارڤارد دەڵێت، وەک ئەوە وایە وێنەیەکی گروپی بگرێت و بتوانیت نەک تەنها هەر تاکێک جیابکەیتەوە، بەڵکو ڕەنگی کراسەکەی جیابکەیتەوە.
سەیدجاری لە ئیمەیڵێکدا دەڵێت "سەرەڕای چەندین کاتژمێر تەماشای وێنەکانم کردووە کە دەیان هەزار ئەستێرەی تێدایە، بەڵام دڵنیام سەرم لە قەبارەی ئەم ژمارانە سووڕماوە.
بەپێی توێژەران ئەم دوایین تویژینەوەیە 6.5%ی ئاسمانی گرتۆتەوە. ئەنجامەکانی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2017 بڵاوکرایەوە و تێیدا 2 ملیار تەنی ئاسمانیان پۆڵێن کردووە کە زۆربەیان ئەستێرەکانن.
بە بوونی سەدان ملیار ئەستێرە لە کاکێشاندا، کەتەلۆگی گەردوونی بە دڵنیاییەوە گەشە دەکات. سەیدجاری وتی هیچ پلانێکی نوێکارییەکی دیکە بۆ ئەم هەژماردنە تایبەتە نییە، بەڵام تەلەسکۆپەکانی داهاتوو ڕوو لە ناوچە گەورەکانی ئاسمان دەکەن.
Your browser doesn’t support HTML5