دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ ناردنی چەندین ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی ڕایگەیاند داواکاری هێزە کوردیەکان "لە دەرەوەی یاسایە" و پارێزگاکانی تری عێراق نیگەرانن لە داواکارییەکانی هەرێم و هەست بە نادادپەروەری دەکەن.
سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقی بە دەستوری ناوبرد و بە دەنگی ئەمەریکای وت، "برایانمان لە حزبە کوردییەکان، ڕەنگە داواکارییەکانیان نادەستوری بن."
هەروەها ڕایگەیاند، "ڕێکەوتن شتێکە و دەستور شتێکی ترە. برایانی کورد لە دامەزرێنەرانی دەستوری عێراقن. لەبەر ئەوەی خۆیان دامەزرێنەری دەستورن، دەبێت تێبگەن لەوەی دەستور لە سەرووی ڕێکەوتنی سیاسییەوەیە."
ڕۆژی چوارشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق ناردنی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ڕەتکردەوە، لە کاتێکدا ناردنی ئەو بڕە پارەیە بە شێکە لە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە شیعەکان و لایەنە کوردییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئێستای عێراق.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی لەسەر ئەم بڕیارەی دادگای عێراق بڵاونەکردۆتەوە. بەڵام مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیارەکەی بە "دوژمنکارانە" ناوبرد و دادگاکەی بەوە تۆمەتباردکرد کە "دیارە ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە."
بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئەندامانی ئەو وەفدەی هەرێم کە سەردانی بەغدایان کردبوو بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نیگەرانن و گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کێشمەکێشی نێوان لایەنە عێراقییەکان بوار نادات ڕێککەوتنەکانیان جێبەجێ بکرێت.
سەعد مەتڵەبی، دەڵێت"دەبێت لایەنە کوردییەکان پابەندبن بە چۆنیەتی ئیدارەدانی دەوڵەتەوە. لەگەڵ حکومەتی عێراق بەشێوەیەک ڕێککەوتوون کە لەدەرەوەی یاسا نەبێت و ڕێککەوتنەکان عەدالەتیان تێدا بێت."
ئەو گوتیشی"زۆربەی پارێزگا عێراقییەکان وا هەست دەکەن داواکارییەکانی کورد نا عەدالەتییان تێدایە، بۆیە شەقامی عەرەبی هاوسۆز نییە لەگەڵ هەرێم. دەبێت هەرێم هەماهەنگی بکات بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز؛ دەبێت هەرێم کار بۆ بەدیهێنانی جۆرێک لە هاوسەنگی بکات لە نێوان پەیوەندییە دارایی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ پەیوەندییە ئیقلیمییەکان."
وەک لە پەیامەکەی بارزانیدا دەردەکەوێت، بەشێک لە حزبە کوردییەکان بەگومانن لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و پێیانوایە دەستی سیاسی لە پشت بڕیارەکانیەوەیەتی بەرامبەر بە هەرێم.
بەڵام مەتڵەبی ئەم بۆچونەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە دادگای فیدراڵی "بە تەواوەتی سەربەخۆیە."
ئەو ئەگەری هەڵوەشانەوە ڕێکەوتنی نێوان لایەنە کوردی و شیعییەکانی بەهۆی ئەم بڕیارە بە دوور زانی و وتی، "کێشەکان چارەسەر دەبن و ڕێککەوتنی هەڵناوەشێتەوە، چونکە لایەنە شیعەکان نایانەوێ نێوانیان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان تێکبچێت."
Your browser doesn’t support HTML5