ژووری بازرگانی پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، سکاڵایەکی عێراقی دژی تورکیا لە سەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردەوە، بەڵام هیچ کام لەو دوو وڵاتە ناوەرۆکی بڕیارەکەی دادگایان ڕانەگەیاندووە، ئەمەش بەپێی لێکۆڵەرێک.
عێراق سکاڵاکەی لە ساڵی 2015 لەسەر تورکیا تۆمار کرد، بەهۆی ڕێگەدان بە فرۆشتن و ڕۆیشتنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، عێراق داوای 26 ملیار دۆلاری لە تورکیا وەکو قەرەبوو کردووە.
بیلال وەهاب، لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتن، بە دەنگی ئەمەریکای وت"دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاری لەسەر سکاڵاکەی عێراق لە دژی تورکیا دەرکردووە، بەڵام هێشتا بڕیارەکەی ڕانەگەیاندووە."
ئەو وتیشی"دادگا بڕیار ڕاناگەیەنێت، دەبێت عێراق یان تورکیا ڕایبگەیەنێت، تورکیا ڕاینەگەیاندووە چونکە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی نییە، عێراق ڕەنگە لە ژێر فشاری تورکیادا ڕاینەگەیەنێت."
هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەمە، سەردانی تورکیای کورد و مەسەلەی نەوت و وزەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا تاوتوێ کرد.
وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"هێشتا ناوەرۆکی بڕیارەکەمان پێنەگەیشتووە، بەڵام مەسەلەی وزەی هەرێم بووەتە کێشەی ئیقلیمی، ئێستا تورکیا داوا دەکات غازی هەرێم لە ڕێگەی وڵاتەکەیەوە بڕواتە دەرەوە، عێراق و ئێرانیش ناڕازین، ئەم کێشمەکێشەش زیادیکردووە."
دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی بە سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، دڵشاد شەهاب راوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی نەوتی هەرێمەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکان دروست نەبوون.
بەپێی قسەی چاودێران، یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی عێراق لە دژی تورکیا، زیاتر کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەبێت و زۆر کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت، بەو پێیەی هەرێم بێ ڕەزامەندی عێراق، نەوت بە نرخی هەرزانتر دەفرۆشێت.
بیلال وەهاب، توێژەر لە پەیمانگای واشنتن ڕوونیکردەوە، دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس، تورکیا چەند ڕێگەیەکی لەبەردەمدایە، یاخود گوێ بە بڕیارەکە نادات و تەواو پشتگیری هەرێم دەکات، یان فشار لە هەرێم دەکات بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکە. بیلال وەهاب، وتیشی"بڕیارەکە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا دەبێت، بە تایبەت بڕیارەکە بۆ تورکیا لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە دەبێتە خەرقی یاسایی."
لە پاڵ سکاڵاکەی عێراقدا لە دژی تورکیا لەسەر نەوتی هەرێم، ساڵی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی دژی نەوت و گازی هەرێم دەرکرد و دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی بە نایاسایی و نادەستوری ناوبرد.
وەزیرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، وتی"دۆخی نەوتی هەرێم تەواو باش بووبوو، نەوتی هەرێم بە 4 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی برنت لە بازاڕدا ساغ دەکرایەوە، بەڵام کۆمپانیاکان بڕیارەکەی دادگایان کردووەتە بیانوو، نەوتی هەرێم بە 19 دۆلار کەمتر لە بازاڕدا دەفرۆشن."
دوای ڕێککەوتنی لایەنە شیعی و کوردییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، وەفدی هەرێم بۆ گفتووگۆکردن لەسەر دۆسیەی نەوت و کێشەکانی تری نێوان هەردوولا، چەند جارێک سەردانی بەغدایان کرد و لەسەر ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێم و دۆسیەی نەوت تا کاتی دەرچوونی یاسای نەوت و گاز ڕێککەوتن.
بڕیارەکەی چەند ڕۆژی رابردووی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ ڕاگرتنی ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێم، جارێکی تر شەڕی میدیایی نێوان بەرپرسانی هەرێم و بەغدای گەرم کردەوە و هەرێمی نائومێدکرد لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان لەلایەن بەغداوە.
وەزیرەکەی حکومەتی هەرێم، وتی"هیچ لایەنێکی عێراقی بڕوای بە فیدراڵی و مافە دەستورییەکانی هەرێم نییە، بۆیە پێناچێت ڕێککەوتنەکان هیچیان جێبەجێ بکرێت."
لای خۆیەوە، دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"فشارە یاساییەکانی عێراق پێگەی هەرێم لە بازاڕی وزە لاوازتر دەکات و ناچاری دەکات نەوت بە هەرزانتر بفرۆشێت، بەتایبەت عێراق کارتە سیاسییەکانی لە دژی هەرێم گۆڕیووە بۆ کارتی یاسایی و بڕیاری دادگا."
ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیای ترافیک گۆرا کە یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێم لە بازاڕەکاندا ساغ دەکاتەوە و بڕێکی زۆر پارەی قەرزی لای هەرێمی کوردستانە، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە داڤۆس، بڕیاریداوە لە بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێم بکشێتەوە.
لەو بارەیەوە، وەزیرەکەی حکومەتی هەرێم، وتی"کێشەمان لەگەڵ کشانەوەی کۆمپانیادا لە مەسەلەی بە بازاڕکردنی نەوتدا نییە، کۆمپانیایەکی تر جێگەی دەگرێتەوە، پێشتر بازرگانێکی پاکستانی نەوتی هەرێمی ساغ دەکردەوە، ئێستا ئەو ئەرکە دراوەتە کۆمپانیاکان."