ناسر بۆریتە، وەزیری دەرەوەی مەغریب، لە سەردانێکیدا کە بە "مێژوویی" وەسف دەکرێت بۆ عێراق، ڕۆژی شەممە، کردنەوەی باڵیۆزخانەی مەغریبی لە بەغدا "دوای 18 ساڵ لە داخستنی" پشتڕاستکردەوە.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی مەغریب سەردانەکەی بە "مێژوویی" وەسفکرد، و وتی "یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوە و بەرپرسێکی حکومی مەغریب لە ماوەی چارەک سەدەیەکدا، جگە لەوەش شایەتحاڵی کردنەوەی باڵیۆزخانەی مەغریب بن لە بەغدا”.
بۆریتە وتیشی، بەپێی ئەوەی کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، کردنەوەی باڵیۆزخانەکە "نیشانەیەکی گرنگە بۆ متمانەی مەغریب بە عێراقی نوێ"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سەردانە "دەرخەری دیدگای شانشینیی مەغریبە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو بوارەکانی بازرگانی و ئابووریدا، ئاڵوگۆڕی سەردان و ئەزموونی نێوان هەردوو لایەن، بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و بەهێزکردنی هاوکارییەکانی ئاسایشی.”
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا جەختی لەوە کردەوە "لەو گفتوگۆیەدا لەگەڵ هاوتا مەغریبییەکەیدا گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەت کردووە، دیارترینیان پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئاڵوگۆڕی ئاسانکاری بۆ هاتنە ناوەوەی عێراقییەکان و بازرگانان لە سەرەتاوە، دامەزراندنی پەیوەندییەکانی بازرگانی و ئابوری، و ئاڵوگۆڕی ڕاوێژکارییەکان لەسەر پرسە سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، "گفتوگۆکان باسیان لە هاوکاریکردن لە ئاستی پەروەردەدا کردووە لەڕێگەی دروستکردنی زانکۆ لە نێوان هەردوو وڵات و بەهێزکردنی لایەنی ڕۆشنبیری ".
حسێن جەختی لەوە کردەوە کە "عێراق پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاکی شانشینی مەغریب دەکات، هەروەها عێراق پاڵپشتی لە بڕیارنامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و پەنابردن بۆ چارەسەری ئاشتیانە لە ناوچەی بیابانیدا دەکات"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی مەغریب لە عێراق دەکرێتەوە، ئەمەش گرنگە". بۆ دروستکردنی پەیوەندی و پەرەپێدانی دۆستایەتی نێوان هەردوو وڵات”.
سەرچاوە/ ئەلحورە/ وەزارەتی دەرەوەی عێراق