بەشێک لە کرستیانەکان مەرجیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکەن

بەشێک لە هاووڵاتیانی مەسیحی (کرستیان) لە هەرێمی کوردستاندا، مەرجیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان و دەڵێن پەرلەمانتارە کرستیانەکان نوێنەرایەتی ئەوان ناکەن، بەڵکو نوێنەری حزبە دەسەڵاتدارەکانن. ئەواون دەشڵێن وەک یەکێتی گلەییەکی زۆریان لەبارەیەوە هەیە.

دکتۆر جەمیل عیسا، کە وەک خۆی دەڵێت، هاووڵاتیەکی کرستیانە و سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" مافی مەسیحیەکان لە سنوری یەکێتی خوراوە، ناتوانین وەک پێویست داخوازیەکانی میلەتەکەمان داوا بکەین، لەبەر ئەوە دەکەوینە ژێر حوکمی دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە، واتە پارتی، ئەوەی دەیبینم مەسیحیەکان پەرش و بڵاون. مەسیحیەکانی ژێر تەوژمی پارتی زاڵن و دەکەونە ژێر تەوجیهی پارتی، و زۆربەیان سەر بە پارتین، ئەوە ڕاستی مەسەلەکەیە، تا ئێستا ئەوانەی لە پەرلەمانی کوردستانن مەسیحیەکان، نەیانتوانیوە وەک پێویست داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان جێ بەجێ بکەن."

دکتۆر جەمیل سەبارەت بە مافی کرستیانەکان پێی وایە، ئەوان حسابی هاووڵاتی پلە دوویان بۆ دەکرێت و ماف و ئازادیەکانیان پێشێل دەکرێت، و دەڵێت " مەسیحیەکان بێ خاوەنن" لە هەرێمی کوردستاندا.

" مەسیحیەکان وەک هاووڵاتی بوون دووهەمن، ئەگەر هاووڵاتی بونایە دەبوو یەکسانی هەبێت لە عەدالەت و ئازادی و دەربڕینی بیر و ڕا، بە ماف و ئەرکەکانی خۆشیان هەستن و بەشداربن لە حوکمەت و دەسەڵات. مەسیحیەکان فەرامۆش کراون، ئێمە وەک مەسیحیەکان خەڵکێکی بێخاوەنین لەبەر ئەوەی ڕەئی مەسیحیەکان بەدەست خۆیان نەماوە. سەدان و هەزاران دۆنم زەوی مەسیحیەکان، دەستی بەسەردا گیراوە و نەتوانراوە بگەڕێندرێتەوە بۆیان ، چونکە ئەوەی داگیری دەکات، هەمووی سەر بەدەسەڵات و حزبەکانن یان دەسەڵاتدارن، بەڵام کەس جورئەتی نەکردووە داوای گەڕاندنەوەیان بکات."

ئەو هاووڵاتیە ئاماژە بەوە دەکات خواستی ئەوان وایە کە، لە داهاتوودا هەڵبژاردن فرە بازنەیی بێت و نوێنەری مەسیحیەکان خەڵکێک بێت بەڕاستی دیفاع لە مافی ئەوان بکات، ئەو دەڵێت دەبوو نوێنەرەکان لە پەرلەماندا نەکەونە ژێر کاریگەری حزبە دەسەڵاتدارەکان و نوێنەری ڕاستەقینەی مەسیحی و پێکهاتەکانی تر بن.

" دەبێت هەڵبژاردنێک بکرێت کە لە چوار بازنەدا بێت بە پێی قەبارەی دانیشتوانی مەسیحیەکان، نەدەبوو مەسیحیەکان و تورکومانەکان لە پەرلەمان ئینحیاز بکەن، بە هیچ حزبێک لە هەرێمی کوردستان، دەبوو مسداقیەتی خۆیان لەدەست نەدەن و هەڵوێستێکی ڕاست و دروستیان هەبوایە بۆ ئەوەی مافیخەڵک پێشێل نەکرێت، ئەوان مافی مەسیحیشیان پێشێل کرد وە مافی خەڵکی دیکەشیان پێشێل کرد، من پێم باشە ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، با ئەو کەسە لە حزبیش بێت لە هەر حزبێک بێت، هەرچی بێت، بەڵام کەسێک بێت بە توانا بێت مسداقیەتی هەبێت، خۆی و میلەتەکەی نەدۆڕاندبێت، خەڵکی ڕؤشنبیر و ئەکادیدمی و پسپۆڕ خەكی بە توانا بێت."

سەبارەت بەم پرسە بۆچوونی ڕۆمیۆ هەکاری، پەرلەمانتاری مەسیحیمان وەرگرت، ئەو دەڵێت یەکێتیەکانیش ئازادن لەوەی نوێنەری خۆیان هەبێت کەس لاری نیە لەو بارەیەوە، وە نایشارێتەوە کە ئەوان هاوپەیمانی پارتین.

" بە بۆچوونی من خەتاکە بۆ خودی خۆیان دەگەڕێتەوە وەک یەکێتی، بۆچی خۆیان کاندید ناکەن، خەتای خۆمانی تێدایە وەک مەسیحیەکان بۆ لە سلێمانی خەڵکی خۆمانی مەسیحی دا نانێن، ئەم ناڕەزایەتیە سەد لە سەد لە جێی خۆی نیە، دەتوانن لە ئاستی حزبی کلدان و ئاشوریەکان خۆیان کاندید بکەن، وە دەبێت خودی حزبە سیاسیەکان تەشجیعیان بکەن، من خۆم قبوڵ ناکەم لە خۆم لایەنی تر بەکارم بهێنێت، یان ڕامسپێرێت، ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە بۆ هەر بابەتێک و ڕوداوێک ئێمە قسەی خۆمان هەبووە، جا دوو حزبەکان بە دڵیان بووبێت یان نا، هەرچەندە هەموو پێکهاتەکان هاوپەیمانی پارتین."

بە پێچەوانە قسەکەی دکتۆر جەمیل پێی وایە یاسای پاراستنی پێکهاتەکان باشترین یاسایە لە پێناو بەرژەوەندی مەسیحیەکان و ئەگەر یاساکە وەک خۆی جێ بەجێ بکرێت، %75 کێشەی پێکهاتەکان چارەسەر دەبێت.

" باشترین و ڕێک و پێکترین پڕۆژە یاسا ، یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015 یە ، کە پێی دەوترێت یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، کە باسی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی غەیرە کورد دەکات و وە پرۆژەیەکی باشە. بەڵام پێویستی بە هەندێ هەموار کردنەوە هەیە.

وە هەروەها دەڵێت " ئێمە نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستانین، بەڵام دەبێت بەشێکی زۆری ئەرک و کاتەکانمان بۆ داواکاریەکان و خزمەتی مەسیحیەکان بێت."

سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکان، ڕۆمیۆ هەکاری یەک بازنەیی بە باشترین میکانیزم بۆ مافی پێکهاتەکان دەزانێت و پێی وایە لە فرە بازنەییدا مافیان پێشێل دەکرێت.

" من پێم وایە پێویست ناکات بیر لە دروستکردنی لیست بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر یاسای هەڵبژاردن گۆڕا و سیستەمی کۆتا کە بۆ پێکهاتەکانە لە هەرێمی کورستان، ئەگەر سیستەمەکە بەو ئاقارە گۆڕا کە دەنگدان حەسڕ بکرێت لە نێوان پێکهاتەکان کە تەنیا ئەوان بتوانن دەنگ بە کاندیدەکانی خۆیان بدەن، پێم وایە شتێکی باش نییە، بەڵام ئەگەر سیستەمی کۆتا وەک ئێستا بێت کە سەرجەم خەڵکی هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بە تورکمانێک یان بە مەسیحیەک بدەن، ئەمە باشە، ناکرێت لە یەک بازنە زیاتر بێت چونکە مافمان دەخورێت."

لە ئێستادا لە پەرلەمانی کوردستان، 11 کورسی کۆتای پێكهاتەکان هەیە و کە دابەش بوون بەسەر پێکهاتە و ئاینە جیاوازەکاندا، لەو ڕێژەیەش 5 کورسیان بۆ کۆتای مەسیحیەکانن. یەکێک لە ناکۆکیە سەرەکیەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن، پرسی کۆتای پێکهاتەکانە، هەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە پێی وایە، کۆتای پێک هاتەکان کە مەسیحیەکان بەشێکی پێک دەهێنن، لە ژێر تەوجیهاتی پارتیدان و هاوپەیمانن، داوا دەکەن لە سنوری ژێر دەسەڵاتی یەکێتیشدا کاندیدی مەسیحیەکان هەبێت و لیستی تایبەت بە خۆشیان هەبێت، بەڵام پارتی ڕەتی دەکاتەوە کە لیستی تایبەت بە کۆتاکان هەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.