کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە داوایەکی عێراق لە هەرێم بۆ ڕادەستکردنی زیاتر لە 118 ملیار دینار وەک قەرەبووی ناردنی بەشە خۆراکی مانگانە بۆ هاووڵاتیان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە وەزارەتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ڕێککەوتوون لە مەودوا پارەکە بنێرن بۆ حکومەتی عێراق لە بەرامبەر کشاندنەوەی سکاڵایەک دژی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی عێراق.
کەمال موسلیم ڕایگەیاند، "ئێمه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی فیدڕاڵ قسه‌مان کردووه له‌سه‌رئه‌وه‌ی که ئه‌وه‌ی ڕابردوو ڕۆیشت و له‌مانگی 11 ی ساڵی پاره‌وه واڕیککه‌وتووین که پاره‌که‌یان بده‌ینێ....به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش ئه‌وان هه‌ڵده‌ستن به‌و پابه‌ندبوونانه‌ی له‌سه‌رشانیانه به‌رامبه‌ر ئێمه."
حکومەتی عێراق مانگانە بڕێک لە خۆراک بەسەر هاووڵاتیانیدا دابەش دەکات کە لە هەرێمی کوردستان بە "بایەعی" ناسراوە. لەبەرامبەر دابینکردنی ئەو خۆراکە، هاووڵاتیانی عێراقی بۆ هەر ئەندامێکی خێزانەکەیان بڕی 750 دینار دەدەن بە بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک کە دواتر دەگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەت.
بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێن لە ساڵی 2004وە تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ بڕێک لەم پارانەی نەگەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی عێراق و بەمەش 118,207,463,000 دینار لای حکومەتی هەرێم کەڵەکە بووە.
لەسەر ئەم پرسە بەرپرسی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی خۆراکی عێراق، لەمیا هاشم موسەوی، ساڵی ڕابردوو سکاڵایەکی لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمارکرد و داوای گێڕانەوەی ئەو پارەیەی کرد لە هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی دووشەممە 30ی مانگ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە دواخستنی سکاڵاکە لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای خۆراکی هەرێم بۆ 28ی مانگی داهاتوو.
بە وتەی وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێم، سکاڵاکە پێشتر چه‌ند جارێک دواخراوه و وەزارەتەکەی دووبارە داوای دواخستنی کردووە بۆ ئەوەی له‌کۆتایدا "بەتاڵی" بکه‌نه‌وه.
لە بارەی ئەوەی حکومەتی هەرێم بۆچی پێشتر پارەکەی نەناردووە بۆ حکومەتی عێراق، کەمال موسلیم ڕایگەیاند، "ئه‌وه پێشتر له خه‌رجیه‌کانی داگرتن و بارکردن و گواستنه‌وه‌ی خۆراک بووه له‌وه‌دا خه‌رج کراوه له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌کانی تر. پێشتر دا‌واشیان کردووه نه‌دراوه، به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا ڕێککه‌وتین له‌گه‌ڵیاندا که پاره‌که‌یان بده‌ینه‌وه."
هەروەها ڕایگەیاند، "پێموانییه ئه‌وان داوای هه‌موو پاره‌که بکه‌نه‌وه چونکه ئێمه له‌و ڕێککه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵمان کردوون ده‌بێت ئه‌وان ئه‌و داوایه بکێشنه‌وه له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه پاره‌که‌یان بده‌ینێ. به‌ڵام له‌خراپترین حاڵه‌تدا ئه‌گه‌ر داواشی بکه‌نه‌وه له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان هه‌یه له‌و هه‌موو خه‌رجیانه‌ی که کراوه له داگرتن و بارکردن و گواستنه‌وه‌ی خۆراک بۆلای بریکاره‌کانی خۆراک بۆئه‌وه‌ی دابه‌ش بکرێت به‌سه‌ر هاووڵاتیان و ئه‌و خه‌رجیانه‌ی له کۆگایهکاندا کراوه."
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیارە ڕۆژی 28ی مانگی دووی 2023 ئەو پرسە تاوتوێ بکات. وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ڕایگەیاند کە پارێزەرەکەیان ئامادەی دانیشتن لەسەر ئەو پرسە نەبووە بە هۆی ڕێکەوتنی پێشووی وەزارەتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق. ئەو دەڵێت هۆکاری دواخستنەکە بۆ وەرگرتنی دڵنیاییە لە حکومەتی هەرێم.
کەمال موسلیم وتی، "دوێنی پێمان ووتون که پابه‌ندین و داوایه‌که بەتاڵ بکه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش دوایانخستووه بۆئه‌وه‌ی له‌کۆتایدا داواکه ره‌تبکه‌نه‌وه و ئه‌و داوایه نه‌مێنێت."
وەزیرەکە ڕایگەیاند کە دوای جێبەجێکردنی بڕیاری ناردنەوەی پارەی بەشەخۆراک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ، چاوەڕواندەکرێت بەغدا ئه‌و تێچوانه له‌ئه‌ستۆ بگرێت کە پەیوەستن بە تێچووی کۆمپانیاکانی گواستنه‌وه و چاککردنه‌وه‌ی کۆگاکان و بەخشیش بۆ فه‌رمانبه‌ره‌کان.
ئەو بەدووری زانی کە حکومەتی عێراق سوربێت لەسەر وەرگرتنەوەی پارەی ساڵانی داهاتوو، وە ڕایگەیاند، "له‌خراپترین حاڵه‌تیشدا ده‌بێت بێن بزانن ئێمه چه‌ندمان خه‌رج کردووه له داگرتن و بارکردن و گواستنه‌وه‌ی خۆراک و خه‌رجی کۆگاکان و خه‌ڵاتی فه‌رمانبه‌رانمان و هه‌موو ئه‌و خه‌رجیانه‌ی له‌سه‌ر وه‌زاره‌تمان بووه ئینجا ده‌بێت دانوستان له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌ین، من پێموانییه ئه‌گه‌ر واش بێت شتێکی وا بمێنێته‌وه له‌سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم."
Your browser doesn’t support HTML5