ئیتاڵیا هەشت تەرمی لە بەلەمێکی کۆچبەران دەرهێنایەوە

کاربەدەستانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند، تەرمی هەشت کۆچبەریان لە دەریای ناوەڕاست دەرهێناوەتەوە، لەکاتێکدا مشتومڕێکی توند لەسەر سەرکوتکردنی ڕۆما بۆ ڕێکخراوە خێرخوازیەکانی ڕزگارکردنی پەنابەران لە کوشندەترین دەروازەی جیهاندا دروستبووە .

فیلیپۆ مانینۆ، سەرۆکی شارەوانی دوورگەی لامپێدوسا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ڕزگارکەران تەرمی پێنج پیاو و سێ ژنیان لە بەلەمێکدا دۆزیوەتەوە کە یەکێکیان دووگیان بووە .

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 42 کەسەی کە لەناو کەشتییەکەدا ڕزگاریان بووە، هێنراونەتە کەنار.

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئیتاڵیا، پێدەچێت کۆچبەرە لەناوچوون، بەهۆی سەرما و برسێتیەوە گیانیان لەدەستدابێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە قسەی ڕزگاربووەکان.

ئاژانسی هەواڵی ئەنسا ڕایگەیاندووە، هێشتا تەرمی دوو کەس بێسەروشوێنن.

ڕزگاربووان دەڵێن منداڵێکی ساوای چوار مانگی لەناو کەشتییەکەدا گیانی لەدەستداوە، دایکی لە خەم و پەژارەدا تەرمەکەی خستۆتە ناو دەریاوە. پاشان پیاوێک بازێکی دا بۆ وەرگرتنەوەی، بەڵام خنکا.

پێدەچێت دایکی کۆرپەکە یەکێک بێت لەو سێ ژنەی کە گیانیان لەدەستداوە.

ئەو کۆچبەرانە بە وەرگێڕەکانیان وتووە کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی شەممە لە شاری سفاکس لە تونسەوە بە کەشتی ڕۆیشتوون.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی پێنج هەزار کۆچبەر لە ئیتاڵیا نیشتوونەتەوە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا کەمێک زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەر و لە ساڵی 2021دا هەزار کۆچبەر بوون.

کەشتییە خێرخوازیەکان تەنها ڕێژەیەکی کەم بە نزیکەی لەسەدا 10 لەو کۆچبەرانە ڕزگار دەکەن کە لە ئیتاڵیا هێنراونەتە شوێنی سەلامەت، لەکاتێکدا زۆربەیان لەلایەن کەشتییەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا یان هێزی دەریاییەوە ڕزگار دەکرێن.

بەڵام حکومەتەکەی جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیران کەشتییە خێرخوازیەکانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە وەک فاکتەری ڕاکێشان کاردەکەن و هانی بازرگانانی خەڵک دەدەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس