وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەشتەکەی بۆ چین دوادەخات

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریک

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانەکەی بۆ چین دوادەخات، دوای ئەوەی باڵۆنێکی هەواڵگریی چین دۆزرایەوە کە بەسەر کیشوەری ئەمەریکادا دەفڕی.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی ئەی بی سی نیۆز بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمەریکی کە ناوی نەهێنراوە، بلینکن نەیویستووە پرسی باڵۆنەکە زاڵ بێت بەسەر کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی چین. بڕیاربوو بلینکن رۆژی یەکشەممە بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین سەردانی پەکین بکات.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی بۆ چین، رۆژی هەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە وانگ یی وەزیری دەرەوەی چینی گوتووە ، پەکین بە ناردنی باڵۆنێکی هەواڵگری بۆ سنووری ئاسمانیی ئەمەریکا، کارێکی "نابەرپرسانەی کردووە". بەڵام جەختی کردووەتەوە کە ئەمەریکا "پابەندە بە پەیوەندیی دیپلۆماسی و هێشتنەوەی هێڵەکانی پەیوەندی بە کراوەیی."

چەند خولەکێکی کەم پێش هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکە، چین لە راگەیێندراوێکی دەگمەندا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان نیگەرانن لە رووداوەکە، و هۆکاری چوونی باڵۆنەکەی بۆ ئاسمانی ئەمەریکا گەڕاندەوە بۆ ئاراستەی با، کە گوایە پاڵی بەو باڵۆنە مەدەنییەوە ناوە بۆ نێو سنووری ئەمەریکا، وتیشیان باڵۆنەکە بۆ لێکۆڵینەوە بەکاردەهێندرێت، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ مەبەستی کەشناسی.

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند، باڵۆنێکی هەواڵگریی چینی لە ئاستێکی بەرزی ئاسماندا ماوەی یەک دوو ڕۆژە بەسەر ئەمەریکادا دەفڕێت، ئەمەش تەنها چەند ڕۆژێک پێش گەشتێکی پلان بۆ داڕێژراوی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ پەکین.

پاتریک ڕایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا باڵۆنێکی چاودێری دۆزیوەتەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکات کە لە ئێستادا بەسەر کیشوەری ئەمەریکادایە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "باڵۆنەکە لە ئێستادا بە بەرزییەکی زۆر لە سەرووی هاتوچۆی ئاسمانی بازرگانییەوە دەڕوات و مەترسی سەربازی و جەستەیی بۆ سەر خەڵکی سەر زەوی دروست ناکات".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز