ڕۆژنامەوانی کورد، مەسعود کوردپوور بۆ جاری سێیەم ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن دەبێتەوە

مەسعود کوردپوور

مەسعود کوردپوور دوای چەند ڕۆژ لە دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران کە بە هۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەلایەن پولیسی ئاکاری ئێرانەوە، سەریانهەڵدا، لە شاری بوکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

کوردپوور ڕۆژنامەنووس و ئەندامی باڵای ئاژانسی هەواڵی مۆکریانە کە هەواڵەکانی مافەکانی مرۆڤ لە شارەکانی کوردستان ڕووماڵ دەکات.

دەنگی ئەمەریکا بۆ دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە دۆخی ناوبراو، پەیوندی کردوە بە ئاسۆ کوردپوور، برای مەسعود کوردپوورەوە لە ئێران.

بەڕێز ئاسۆ لەبارەی چۆنییەتی دەستبەسەرکردنی مەسعود کوردپوورەوە دەڵێت "یەکەمجار کاتژمێر ١١ شەو هێزە ئەمنییەکان، لە ڕێکەوتی ٢٠ی مانگی نۆدا، مەسعودیان لە ماڵەکەی خۆی لە بۆکان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گواستنیانەوە بۆ بنکەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ."

ناوبراو دەڵێت هێزەکان دوای دەستبەسەرکردنی مەسعود، کەلوپەلی تایبەت و تەلەفوون و کامپیوتەرەکەی لەگەڵ خۆیان دەبەن.

برای ئەو ڕۆژنامەوانە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "مەسعود بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لە بنکەی ئیتلاعات یان ئیدارەی ئاسایشی ورمێ دەستبەسەر دەبێت کە لەو ماوەیەدا ڕێگای پێنەدراوە خێزانەکەی یان پارێزەرەکەی ببینێت."

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو یەکەم دانیشتنی دادگای ئەو ڕۆژنامەنووسە لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی بوکان بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس بەڕێوەچوو.

برای ئەو رۆژنامەوانە دەڵێت "لە دانیشتنی دادگادا، سێ تۆمەتیان دابووە پال مەسعود کە بریتی بوون لە 'بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی'، 'تێکدانی ئاسایشی گشتی' و ' سوکایەتی و بوختانکردن بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی'. "

ئەو گوتیشی "لە دانیشتنەکەی دادگادا، مەسعود بە دوو لەو تۆمەتانە تاوانبار کرا و لە تۆمەتی سێهەمیش کە سوکایەتی و بوختانکردن بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بوو، بە بێتاوان دەرچوو."

ئاسۆ کوردپوور دەڵێت "بۆ تۆمەتی یەکەم، واتە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی، مەسعود بە ٩ مانگ زیندانیکردن و بۆ تۆمەتی دووهەمیش واتە تێکدانی ئاسایشی گشتی بە ٨ مانگ زیندانیکردن سزا دراوە."

مەسعود کوردپوور لە ئێستادا لە زیندانی بۆکاندایە بۆ تێپەڕاندنی ئەو سزانەی کە بەسریدا سەپێندراوە.

ئەو ڕۆژنامەوانە پێشتریش چەندین جار لە لایەن ‌هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.

ناوبراو یەکەمجار لە مانگی ٩ی ساڵی ٢٠٠٨دا بە تۆمەتی 'بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی' بە یەک ساڵ زیندان سزا درا کە دوای تێپەڕاندنی سزاکەی لە زیندان ئازاد کرا.

مەسعود کوردپوور خەڵکی شاری بوکانە و پێشتر مامۆستا بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە و دوای تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، بێکار دەبێت و لە پیشەکەی دوور دەخرێتەوە.

ناوبراو هەروەها جارێکیتر لە مانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٣دا دەستبەسەر دەکرێت و بە تۆمەتی 'گردبوونەوە و هاوکاری لە دژی ئاسایشی نیشتمانی' بە ٣ ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت.

شایانی باسە کە کۆمیتەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان(CPJ)کۆتا ڕۆژی ساڵی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی، ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی بە دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا بووە بە گەورەترین زیندان بۆ ڕۆژنامەوانان.

هەروەها ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران لە ڕیزبەندی ئازادیی میدیایی جیهانیدا لە کۆی ١٩٠ وڵات لە ڕیزبەندی ١٧٨ەمین وڵاتدایە.