بەردەوامی دەستبەسەرکردنی کوردەکان لە شاری ئاودانان

دوابەدوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوە جەماوەرییەکانی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام لە سەرەتای مانگی٢دا، هێزە ئەمنییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانیانی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تاکو ئێستا توانیوێتی ناسنامەی یازدە لەو هاووڵاتیانەی کە دەستگیرکراون، پشتڕاستبکاتەوە.

ئەو ڕێکخراوەیە دەڵێت ئەو یازدە کەسە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون، بریتین لە سامان مورادیوەندان، محەمەد چراغی، محەمەد غوڵامی، مەجید میرزایی، عەلی سەفەر میروەیسی، ئەمیرحوسێن نامداریپوور، موجتەبی سەعیدی، عەبدوڵڵا جامی، زەبیحوڵڵا جەمادی و ساسان محەممەدوەلی.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەم بارەیەوە، دوای ئەوەی ژمارەیەکی لە خەڵکی ئاودانان لە دژی دەستبەسەر کردنی هەندێ لە خۆپیشاندەران هاتنە سەر شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردوەتە سەر ماڵی کەسوکاری چەند چالاکێکی سیاسی خەڵکی ئەو ناوچەیە کە لە دەرەوەی وڵات دەژین بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر ئەو چالاکوانانە.

دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەستبەسربووانی شاری ئاودانان پەیوەندی کردوە بە عیسا بازیار، چالاکی مافەکانی مرۆڤ کە خۆی خەڵکی ئەو شارەیە و بە هۆی چالاکییەکانییەوە لە ئیستادا لە نەرویج دەژیت.

بەڕێز بازیار لەبارەی دۆخی ئەمنی شاری ئاودانانەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت "هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ گوشارخستنە سەر چالاکوانانی دەرەوەی وڵات خێزانەکانیان لە نێوخۆ بانگهێشت و دەستبەسەر دەکات."

ئەو گوتیشی لەدرێژەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، شاری ئاودانان یەکێک لە شارەکانی کوردستان بووە کە بە بەردەوامی ناڕەزاییەتی خۆیان دەربڕیوە و هەر بەم بۆنەشەوە ژمارەیەکی زۆریان دەستگیر کراون.

ئەو چالاکوانەی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "بەو یازدەی کەسەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەو شارە دەستبەسەر کراون، ژمارەی ئەو کەسانەی دەستبەسەرن ١٨ کەس دەبن."

بازیار لە بارەی شاری ئاودانانەوە دەڵێت "شارەکە سەرەڕای ئەوەی کە زۆرترین خوێندەوار و دەرچووی زانکۆی تێدایە، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە خەڵکەکەی زۆر هەژارن."

عیسا بازیار کە خۆی خەڵکی ئاودانانە، دەڵێت "دانیشتوانی شاری ئاودانان بە گوندەکانی دەوروبەرییەوە نزیکەی ١٢٠ هەزار کەس دەبێت کە بە زۆری سەرچاوەی داهاتیان کەشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە."

بازیار لە کۆتایی قسەکانیدا بە دەنگی ئەمەریکای گوت "بەداخەوە بەهۆی پێداگیریمان لەسەر شووناسی کوردبوونمان، لە میدیا فارس زمانەکاندا پەرواێز خراوین و هەواڵی دەستبەسەربوون و کەشی ئەمنی شارەکەمان ڕاناگەیەندرێت."