شیانی هەیە حکومەتی عێراق 200 ملیار دینارەکە وەکو "قەرز" بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق کە ڕێگریکرد لە ناردنی سەدان ملیار دینار لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ حکومەتی هەرێم، لە ئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە کە سەرۆک وەزیران عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکە بۆ ناردنی 200 ملیار دینارەکە بەبێ شکاندنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق.

لەوبارەیەوە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ئێستادا بانكی بازرگانی عێراقی كه‌ بانكێكی بازرگانیه‌ و موڵكایه‌تی حكومه‌ته‌ ده‌كرێت ئه‌و 200 ملیاره‌ به‌شێوه‌ی قه‌رز بداته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌تا ئه‌وكاته‌ی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند له‌سه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی ساڵی 2023 ڕێكده‌كه‌ون. "

بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی کاروباری دارایی پەرلەمانی عێراق حكومه‌تی ئێستای عێراق له‌به‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵی ناتوانێت له‌ژێر هه‌مان میكانیزمی پێشوودا له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی ساڵی 2021 كه‌ ئێستاش به‌كاره‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بنێرێت بۆ هه‌رێمی كوردستان.

ڕۆژی 25ی مانگی ڕابردوو دادگای فیدراڵی عێراقی لەسەر داوای پەرلەمانتاری عێراق مستەفا سەنەد بڕیاریدا بەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بەناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نادروستن، بەمجۆرەش کۆتایی هێنا بە چیرۆکی ناردنی چوارسەد ملیار دینارەکەی سودانی بۆ هەرێم.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق کاردانەوەی توندی کەسایەتی و حزب و حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی و پەرلەمانی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری بەدوای خۆیدا هێنا.

لەسەرەتای پێکهێنانی ئەم کابینەی حکومەتی عێراق دوو لایەنە کوردییە سەرەکییەکە، پارتی و یەکێتی، ڕایانگەیاندبوو کە خاڵێکی سەرەکی بۆ چونیان بۆ ناو هاوپەیمانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق بریتی بوو لە پێدانی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی عێراقیەوە.

نەرمین مەعروف وتی کە "پێویسته‌" هه‌تا کاتی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی 2023 میكانیزمێک هه‌بێت بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم چونکە لایەنە عێراقیەکان پێشتر ڕەزامەندبوون لەسەر ناردنی.

ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند کە ئاگادار نییە لەوەی کە لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەو قەرزەدا داوای هیچ دەستەبەرییەک لە هەرێم کرابێت. هەروەها ڕایگەیاند، "من پێموانییه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ بێت هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌سه‌ر دابنرێت، له‌ناو ده‌ستوری عێراقیدا هه‌رێمی كوردستانیش هه‌رێمێكی دانپێدانراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم خۆی بۆخۆی به‌شی ئه‌وه‌نده‌ گره‌نتی هه‌یه‌ كه‌ بتوانێت قه‌رزێكی له‌وشێوه‌یه‌ له‌بانكی بازرگانی بكات."

نەرمین مەعروف پێدانی ئەو بڕە پارەیەی بە هەرێم بە ناوی قەرز بە ڕێگایەکی یاسایی ناوبرد و وتی"گرفتی تێدا نییه‌ له‌ڕووی كارگێڕی و یاساییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بکرێت... له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ قه‌رزه‌ و ئه‌گه‌ر بانكی بازرگانی قه‌رز بدات به‌ حكومه‌تی هه‌رێم یان بیدات به‌ هاوڵاتیان و یان بیدات به‌ كۆمپانیاكان دواجار ئه‌وه‌ قه‌رزه‌ و پابه‌ندییه‌كانی له‌سه‌ر لایه‌نی قه‌رز وه‌رگره‌ كه‌ ده‌بێت بیداته‌وه‌ واته‌ شتێک نییه‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كراو بێت."