بەرپرسی گشتی پەیوەندییەکانی ڕەوتی حیکمە: نابێت هەرێم سیاسییانە لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڕوانێت

IRAQ-POLITICS-COURT

بەرپرسی گشتی پەیوەندییەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، ڕەتیدەکاتەوە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بەرامبەر هەرێم، پەیوەندییەکان بە فشاری سیاسی لایەنە شیعەکانەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەبێت، دەڵێت"پەیوەندی نێوان ئێمە و لایەنە کوردییەکان ستراتیژییە."

دادگای فیدراڵی عێراق، دوای دەرکردنی بڕیاری نایاسایی بوونی کەرتی نەوت و گازی هەرێم لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو، چەندین دۆسیەی تری پەیوەندیداری بە هەرێمی کوردستان لەبەردەستدایە، یەکێک لەو دۆسیانە دۆسیەی "نادەستوری بوونی"درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانە، کە ئەمڕۆ تاوتوێی کرد و دوا بڕیاری بۆ مانگی داهاتوو دواخست.

هەرچەندە بەشێک لە لایەنە کوردییەکان بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بە "نایاسایی" و فشاری سیاسی دەزانن، بەڵام دکتۆر محەمەد حسام بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"هەندێک لە دۆسیەکان دەبێت یاسا یەکلاییان بکاتەوە، نەک ڕێککەوتنی سیاسی، چونکە ئەو دۆسیانە یاسایین."

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان، پچەوانەی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییانەن کە لەنێوان لایەنە شیعی و کوردییەکان ئەنجامدراون و حکومەتی ئێستای عێراقییان لەسەر پێکهێنرا، ئەمەش وایکردووە جێبەجێکردنی زۆرێک لەو ڕێککەوتنانە پەکیان بخرێت.

دکتۆر محەمەد حسام، دەڵێت"نابێت بە تێڕوانینی سیاسیانە لە مەسەلە یاساییەکان بڕوانین، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و جیایە لە سیاسەت، سیاسەت و یاسا دوو ڕووبەر و ئاراستەی جیاوازن."

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی، ڕەتیکردەوە فشاری سیاسی لە پشت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقەوە هەبێت بەرامبەر هەرێمی کوردستان، وتی"زۆرجار بڕیارەکانی دادگا لە بەرژەوەندی ئێمەش نەبووە، بەڵام ڕێزمان لێگرتووە و پشتگیریمان کردووە."

ئەو وتیشی"کاتێک دادگا ئەنجامی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد، کە ئێمە تانەمان لێدابوو، بڕیارەکە بە دڵی ئێمە نەبوو، بەڵام ڕێزمان لە بڕیارەکە گرت، چونکە دادگا دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان لە بڕیارەکانی ناکەین."

دەربارەی ئەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق و کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە کوردی و شیعەکانی پێکهێنەری حکومەت، بە تایبەت پێشبینی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکان دەکرێت، گەر فشارە یاساییەکان بۆ سەر هەرێم بەردەوامییان هەبێت، دکتۆر محەمەد حسام، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی، وتی"پەیوەندی نێوان لایەنە کوردی و شیعییەکان ستراتیژی و مێژوویین، ئێمە و لایەنە کوردییەکان لەسەردەمی بەعس دا هاوخەبات بووین، دوای ڕووخانی بەعسیش لە ساڵی 2003 پێکەوە پرۆسەی سیاسی عێراقمان بونیاتنا، بۆیە پەیوەندی نێوانمان بەردەوامی دەبێت."