لە تورکیا تویتەر و تیک تۆک سنوردارکران

ڕزگاربووانی ڕووداوی بوومەلەرزەکەی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە بە ئەستەم دەیانتوانی لە ڕێگەی تویتەر و تیک تۆکەوە پەیوەندی بە کەسوکاریان بکەن و داوای هاوکاری بکەن. ڕێکخراوێکی چاودێری ئینتەرنێتیش ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە ئەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتیە سنوردار کراون.

سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بە کاتی تورکیا ئەوە پشتڕاستکرایەوە کە دەستڕاگەیشتن بە تویتەر دوای دانوستانەکان گەڕێنرایەوە. بەڵام ڕوون نیە کەی بەکارهێنانی تیک تۆک ئاسایی دەبێتەوە.

تا ئێستا ئەوە یەکلایی نەبۆتەوە کە هۆکاری سنوردارکردنەکە چییە. بەرپرسانی تورکیا دەڵێن بەهۆی کێشەی تەکنیکیەوەیە، بەڵام هەندێک لە چاودێران گومانی ئەوە دەکەن کە لەلایەن حکومەتەکەی ئەردۆغانەوە سانسۆرکرابێت لە کاتێکدا کە ڕەخنەکان لەسەر شێوەی وەڵامدانەوەی بوومەلەرزە کوشندەکە لە زیادبووندان.

ڕێکخراوی نێت بلۆک کە چاودێری بەکارهێنانی ئینەرنێت دەکات لە سەرانسەری جیهان سنوردارکردنەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، "فلتەرکردنەکە لەسەر کۆمپانیا سەرەکییەکانی ئینتەرنێت جێبەجێ دەکرێت و لە کاتێکدایە کە خەڵک پشت بەو خزمەتگوزارییە دەبەستن لە دوای زنجیرەیەک بوومەلەرزەی کوشندە."

ئیلۆن مەسک کە خاوەنی تویتەرە لە تویتێکدا دەڵێت کە حکومەتی تورکیا کۆمپانیاکەی ئاگادارکردۆتەوە لەوەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکە "بەم زووانە" چالاک دەکرێتەوە.

نزیکی کاتژمێرێک دوای تویتەکەی ئیلۆن مەسک، ڕێکخراوی نێت بلۆک ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە بەکارهێنانی تویتەر لە سەرانسەری تورکیا گەڕاوەتەوە " دوای ئەوەی دەسەڵاتداران کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ تویتەر ئەنجامدا بۆ ئەوەی 'ئەرکەکانی خۆی بیربخەنەوە.'"

بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کەی تیک تۆک دەکەوێتەوە کار.
کۆمپانیای تیک تۆک لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی دا کە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە سنوردارکردنەکە و داوای هەرچی زووە چارەسەری کردووە چونکە "پلاتفۆڕمی وەکو تیک تۆک زۆر گرنگن بۆ پەیوەندی کردن لە کاتی قەیرانەکاندا."
جێگری سەرۆکی تورکیا فوئاد ئۆکتای ڕۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکیدا لە بارەگای دەزگای بەرپەرچدانەوەی کارەساتەکانی تورکیا هۆکارەکەی بۆ کێشەی تەکنیکی گەڕاندۆتەوە.

بەڵام وەزیری گواستنەوەی تورکیا عومەر فاتیح سایان هەمان ڕۆژ ڕایگەیاند کە کۆنفرانسێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ بەرپرسانی تویتەر ئەنجامداوە.

عومەر فاتیح سایان گوتی، "ئەرکی سەرشانی تویتەرمان بیرخستنەوە بۆ وڵاتەکەمان لەکاتێکدا کە بە کارەساتێکی وێرانکەردا تێپەڕدەبێت."

ئەو بەرپرسەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە تویتەر پێویستە ڕێگری بکات لە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و وێنەی قوربانیان و منداڵان.

شایەنی باسە، ڕێکخراوی نێت بلۆکس دەڵێت حکومەتی تورکیا سیاسەتێکی "لەمێژینەی" هەیە بۆ سنوردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەدوای ڕووداوەکانی وەکو تەقینەوە و ڕووداوی سیاسییەکان و هێرشە تیرۆریستییەکان.