پارتی و یەکێتی یەکتری بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی هێز تۆمەتبار دەکەن

لەکاتێکدا هەوڵی یەکخستنەوە و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی سەربە حزبەکان دەدرێت لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵام پارتی و یەکێتی یەکتری بە دروستکردنی هێزی چەکدار لە دەرەوەی ئەو وەزارەتە تۆمەتبار دەکەن.

هەفتەی ڕابردوو، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەمەدی حاجی مەحمود، پرۆسەی ناونوسکردنی بۆ هێزێکی 500 کەسی دەستپێکرد، بەڵام دواتر پرۆسەی ناونوسینەکە ڕاگیرا. پێشتریش یەکێتی نیشتیمانی، پارتی دیموکراتی بەدروستکردنی هێز بۆ چەند کەسایەتییەکی تری سنوری سلێمانی تۆمەتبار کردبوو.

باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"خەڵکانێکی داواکراو هەن لەلایەن یاساوە، پارتی دیموکرات هێزی چەکداری بۆ دروستکردوون، پلانی دروستکردنی هێز بۆ خەڵک و لایەنی تریش هەیە، ئەمە سەقامگیری هەرێمی کوردستان تێکدەدات."

ئەو وتیشی"تێکچوونی سەقامگیری هەرێم دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنەی لەدەرەوەی یاسا هێزی چەکدار بۆ خەڵک و لایەنی تر دروست دەکات."

عەبدوڵای کوێخا موبارەک، بەرپرسی پێشووی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان، کە دواتر سەنگەری بۆ نێو ریزەکانی پارتی دیموکرات گواستەوە، هەروەها فەرماندەیەکی تری سەربازی لەناوچەی راپەڕین، دوو کەسایەتی سنوری سلێمانین، کە پارتی بەدروستکردنی هێز بۆیان لەلایەن یەکێتییەوە تۆمەتبار دەکرێت.

هەفتەی ڕابردووش، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پرۆسەی ناونوسکردنی بۆ دروستکردنی هێزێک بۆ کوڕێکی محەمەدی حاجی مەحمود دەستپێکرد. هەرچەندە بەرپرسی نوسینگەی تایبەتی سەرۆکی پارتەکە، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕەتیکردەوە مەبەستییان هەبێت هێز دروست بکەن، بەڵام سەرکردەیەکی سۆسیالیست بۆ دەنگی ئەمەریکا جەختیکردەوە"ناونوسین بۆ دروستکردنی فەوجێکی 500 کەسی بووە بۆ کوڕەکەی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات."

یەکتری تۆمەتبارکردنی یەکێتی و پارتی بە دروستکردنی هێزی چەکدار لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتێکدایە، لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردووەوە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە تەواو ئاڵۆز بووە.

نوری حەمە عەلی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی و فەرماندەی سەربازی ئەو حیزبە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"یەکێتی 3 لیوای لە دهۆک و شێخان هەیە، ژمارەیان نزیکەی 5 هەزار پێشمەرگەیە، خۆ ئێمە هیچ هێزێکمان لە سنوری سلێمانی نییە."

سەبارەت بە دروستکردنی هێز بۆ پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و عەبدوڵای کوێخا موبارەک بەرپرسی پێشووی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان، نوری حەمە عەلی، وتی"کاکە حەمە لەسەرەتای شۆڕشی نوێ کە یەکێتی باسیدەکات و شۆڕشی گوڵانەوە پێشمەرگەیە، ئێستا گەر تەکلیفی لە هەر لایەنێکی فەرمی هەرێم کردبێت و هێزێک پێشمەرگە بۆ بەرگری لە هەرێم دروست بکات، کێشەی چییە؟."

ئەو وتیشی"عەبدوڵای کوێخا موبارەک و کەس و کارەکەی بوون بە پارتی، ئامادەی نیشانداوە خۆی بدات بە کوشت لەسەر ئەم میللەتە، خۆ ناکرێنە وەزیر، بکرێنە پێشمەرگە کەی کێشەیە."

هەوڵەکانی یەکێتی و پارتی بۆ دروستکردنی هێزی چەکدار لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار بۆ موچە و خەرجی لیوا یەکخراوەکانی پێشمەرگە خەرج دەکەن و هەمیشە داوای یەکخستنەوە و بە نیشتیمانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێم دەکەن.