بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا لە دەروازەی ئوم جەلود دەکشێنێتەوە

دوای 7 ڕۆژ لە ڕاگرتنی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی سوریا ئامادەکرابوون و ڕێگە نەدان بە گەیشتنی ئەو هاوکارییانە، ئەمڕۆ هاوکارییەکانیان کشاندەوە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە لێدوانێکی فەرمیدا لەبەردەم دەروازەی ئەم ئەلجەلودی نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەو و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا، ڕایگەیاند " بەهۆی پێداگری تورکیا و گروپەکانی سەر بە تورکیا بۆ ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، ئێمەش بڕیارماندا کە هاوکارییەکان بکشێنینەوە."

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕایشیگەیاند تورکیا و گروپەکانی سەر تورکیا " بابەتەکانی هاوکاری مرۆیی بە پرسی سیاسی و هەڵوێستی سیاسییەوە گرێ دەدەن کە ئەمەش لە سەر حیسابی لێقەوماوانی ئەو ناوچانەیە کە بوهۆی بوومەلەرزەکەوە وێران بوون."

ئەمەش ببینە سەرەڕای زیانەکانی بوومەلەرزەکە، گەمارۆی ڕژێمی سوریا بۆ سەر ئاوارەکانی عەفرین بەردەوامە

جوان مەلا ئیبراهیم، ئەندامی شانەی قەیرانەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " تا ئێستا هیچ وەڵامێک نەبووە بۆ گواستنەوەی هاوکارییەکان لە لایەن ئەوانەوە، بۆیە ناچاربوون هاوکارییەکان بگەڕێننەوە بۆ شوێنێکی ئارام."

کاروانە هاوکارییەکان کە پێکهاتبوون لە 30 تانکەری سووتەمەنی و 20 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی، بۆ ماوەی هەفتەیەکە لە دەروازەی ئوم جەلود مابوونەوە.

مەلا ئیبراهیم جەختی لەوە کردەوە لەوەی ئامادەن هەر کاتێک ڕێگەیان پێدان هاوکاریە مرۆییەکان بگەیەننە هەموو ئەو خەڵکەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان لێکەوتووە.

ئەمەش ببینە سورییەکان لە شارۆچکەی جندرێس چاوەڕوانی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن

ڕۆی چوارشەممە، یەکەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان کە لە 100 بارهەڵگر سوتەمەنی پێکهاتبوو، لە دەروازەی ئەلتەیحەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە دەرباز بوو بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا. لەو هاوکارییەدا 60 بارهەڵگر بۆ لێقەوماوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم بوو و 40 تانکەریش بۆ ناوچەکانی شێهبا، شێخمەقسود و ئەشرەفییە لە ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە حەلەب.