ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای بودجەی زیاتر دەکات بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا

کاردانەوەی ژنێک لە کاتی ڕزگارکردنی براکەی دوای ئەوەی بلۆکێکی باڵاخانەیەک لە میانەی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ناوچەی دۆنێتسکی ئۆکرانیا زیانێکی زۆری بەردەکەوێت

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ دابینکردنی بودجەی زیاتر بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی ئۆکرانیا کە بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، داوای یارمەتی دەکات.

هانس کلوگە، بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەوروپا، ڕۆژی هەینی 17ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، ئۆکرانیا جگە لە دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنی کۆمەڵگە بە خزمەتگوزارییە تەندروستی و پزیشکییەکان، دەبێت بشتوانێت تەندروستی دەروونی و چاکسازی بۆ خەڵکەکەی دابین بکات و ئەمەش پێویستی بە بودجەی زیاترە.

ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئۆنلاین لە شاری ژیتۆمیر لە ئۆکرانیا گوتی "ئامانجمان ئەوەیە کە بتوانین لەمساڵدا تا 13.6 ملیۆن کەس پشتیوانی بکەین. هەر بۆیەش داواکارییەکەمان بۆ ساڵی 2023 زیاد کردووە بۆ 240 ملیۆن دۆلار."

ئەو گوتیشی لەو پارەیە 160 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکرانیایە و 80 ملیۆن دۆلاریش بۆ ئەو وڵاتانەی کە پەنابەریان لە ئۆکرانیا وەرگرتووە."

کلوگە دەڵێت لە ئێستادا پێدەچێت نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە ئۆکرانیا تووشی نەخۆشی دەروونی بن.

ئەو گوتی سیستەمی تەندروستی ئۆکرانیا سەرەڕای ئەوەی 780جار لە لایەن ڕووسیاوە هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر خۆڕاگر بووە.

کلوگە گوتی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەریخستووە کە لەسەدا 10ی خەڵکی ئۆکرانیا بەزەحمەت دەستیان بە دەرمان دەگات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دەرمانخانەکان زیانیان بەرکەوتووە یان لەناوچوون، یان بەهۆی ئەوەی ئەو دەرمان و کاڵا و یارمەتییە تەندروستییانەی کە پێویستیان پێیانە بەردەست نین.

یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی بەشداریان لەم ڕاپرسییەدا کردووە، ڕایانگەیاندووە کە توانای کڕینی ئەو دەرمانانەیان نەماوە کە پێویستیان پێیەتی.

سەرچاوە/ رۆیتەرز