بزوتنەوەی گۆڕان: چالاکوانەکەی بەریتانیا کە هێرشی کرایە سەر ڕۆژانێک هه‌ڵسوڕاوی خۆمان بوو

ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت کە ئەو هێرشەی لە لایەن چەند کەسێکەوە کراوەتە سەر گەنجێکی کورد پەیوەندی بەو حزبەوە نییە، ئەمەش دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە پەرلەمانتاری گۆڕان یاسین خدر بەشداربووە لە هێرشەکە بەهۆی "هێلکەباران" کردنییەوە.

ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بڵاوکراوەیەکیدا ئەم ئێوارەیە ڕووداوەکەی بە "نەخوازراو" وەسفکرد و ڕایگەیاند، "دژی هه‌موو توندوتیژییه‌کین به‌رامبه‌ر هه‌ر که‌‌سێک بکرێت، چ جای ئه‌و کاره‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌نجێک بکرێت که‌ ڕۆژانێک هه‌ڵسوڕاوی خۆمان بووه."

بزوتنەوەکە "بە تووندی" سەرکۆنەی ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت پشتگیری له‌ هه‌ر بڕیارێک ده‌کات که‌ دادگای بەریتانیا دوای لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌که‌ بیدات.

گەنجەکە ناوی ئیسماعیل سیانە و پەنابەرێکی کوردی شاری هەولێرە کە ئێستا لە بەریتانیا دادەنێشێت. ئەو لەگەڵ چەند پەنابەرێکی کورد بانگەشەی ئەوە دەکەن چالاکی مەدەنی لە دژی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی کورد دەکەن کە بە سەردان دەچنە بەریتانیا.

لە لیدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئیسماعیل سیان ڕایگەیاند کە دوێنێ چوارشەممە لە لایەن 16 کەسەوە "بە فێڵ" بردراوە بۆ پارکێک و دواتر ئەو کەسانە لەگەڵ پەڕلەمانتارەکەی گۆڕان توندوتیژییان بەرامبەری کردووە.

ئیسماعیل سیان ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی لێیاندام بە یاسنیان گوت، "مام یاسین لە سەیارەکە وەرە خوارەوە..ئەو [یاسین خدر] بە پێلاوەکانیەوە چووە سەر سنگم و جنێوی زۆر زۆر ناشرینی پێدام."

سەبارەت بە تەندروسی دوای هێرشەکە، ئیسماعیل سیان ڕایگەیاند کە ئەو نەخۆشخانەی جێهێشتووە. وتی، "زۆر خراپ لێیاندام. دەستم زۆر تەقیوە، سەرم تەقیوە."

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا سەرکەوتوو نەبوون بۆ پەیوەندیکردن بە یاسین خدر کە لە ئێستادا لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی هەرێم لە بەریتانیایە.

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە دەگوترێت ساتی هێلکەبارانکردنەکەیە و چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکردنە سەر گەنجەکە، پەرلەمانتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بە سایتی خەندانی ڕاگەیاندبوو کە ئەو کەسە هاوڕێی خۆی بووە.

ئەو وتی، "من دەستیان ماچ دەکەم، کەیفم بەخۆم دێت خەڵکی خۆم لێمدەدات. سەد ساڵە عەرەب و تورک و فارس لێمدەدەن، ئەمڕۆ ئەگەر خەڵکی خۆم هێلکەم تێبگرێت قەیچێکە و هێلکەشیان بۆ دەکڕم."

لەسەر ڕووداوەکە ئەنجومەنی چالاكییەكانی كوردانی بەریتانیا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردەوە کە لە هێرشەکەدا داوا لە ئیسماعیل سیان کراوە کە داوای لێبوردن لە یاسین خدر بكات و پاشان بە چەقۆ بریندارکراوە و بەو هۆیەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئەمە یەکەم جار نیە کە کۆمەڵێک لە کوردانی ئەوروپا بە تایبەت گەنجانی بەریتانیا ڕووبەڕووی کەسایەتی و بەرپرسە کوردەکان دەبنەوە کە بە سەردان دەچنە بەریتانیا.
مانگی چواری ساڵی ڕابردوو لە کاتی سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و شاندەکەی، ئەو گەنجە چالاکوانە و چەند گەنجێکی تر ئۆتۆمبێلی سەرۆکی حکومەتی هەرێمییان هێلکەباران کرد.

لە ڕووداوێکی تردا هەر ساڵی ڕابردوو چەند گەنجێک لە ناو یەکێک لە مزگەوتەکانی بەریتانیا ڕووبەڕووی عەبدولەتیف ئەحمەد مستەفای بوونەوە کە وەک ڕێبەری سەلەفییەکانی هەرێمی کوردستان ناسراوە.