هێلکەبارانکردن لە دادگاکانی بەریتانیا چۆن بڕیاری لەسەر دەدرێت

دادگای باڵا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا

سەرەتای ئەم هەفتەیە کۆمەڵێک گەنجی کورد لە وڵاتی بەریتانیا پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕانیان هێلکەبارانکرد، کە دەگوترێت بەهۆیەوە دواتر یەکێک لەو گەنجانە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوویەوە.

تا ئێستا ڕوون نییە کە دادگای بەریتانیا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە دەکات. دوێنێش بزوتنەوەی گۆڕان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند کە هیوادارە له‌م وڵاته‌دا، "کە‌ یاسا و دادگا سه‌روه‌ره‌،" لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بە ئاڕاستەی خۆیاندا بڕۆن.

بەڵام ئایا لە بەریتانیا پێشتر چۆن مامەڵە لەگەڵ هێرشی هێلکەبارانکردن کراوە؟
ڕۆژی 6ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاند کە پیاوێکی تەمەن 28 ساڵی دەستگیرکرد بەهۆی هاویشتنی هێلکەیەک بە ئاڕاستەی پادشا چارلسی سێیەم لە شارۆچکەی لوتن کە 46 کیلۆمەتر لە لەندەنەوە دوورە.
پۆلیسی بێدفۆردشایەر ناوی هێرشکارەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەو کات ڕایگەیاند کە گەنجەکەی دەستبەسەرکردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی "هێرشی باو."

چەند هەفتەیەک پێش ئەمە، لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو، لە ڕووداوێکی تری هاوشێوەدا پۆلیسی ئەو وڵاتە لە شاری یۆرک گەنجێکی 23 ساڵییان دەستگیرکرد بە ناوی پاتریک سێڵوێڵ بەهۆی ئەوەی چوار هێلکەی هەڵداوە بە ئاڕاستەی پادشا چارلسی سێیەم.

هیچ کام لەم دوو هێرشە جیاوازە ئامانجەکانیان نەپیکا.

دادگای شاری یۆرک لە 20ی مانگی ڕابردوو پاتریک سێڵوێڵی سزادا بە تاوانی تێکدانی "سیستەمی گشتی" و "ڕەفتاری هەڕەشەئامێز کە پێچەوانەن لەگەڵ بەشی 4ی یاسای سیستەمی گشتی ساڵی 1986."

دوای بڕیاری دادگا، پاتریک سێڵۆڵ بە ماڵپەڕی میڕەری بەریتانیای ڕاگەیاند کە ئەو بە کەفالەت ئازادکراوە و مەرجەکانی ئازاکردنی ئەوەن کە دەبێت هەمیشە لە داهاتوودا 500 مەتر لەو شوێنانە دووربێت کە پادشای لێیە و جگە لە دوکان و مارکێتەکانی خۆراک ناتوانێت لە هیچ شوێنێکی گشتیدا هێلکە هەڵبگرێت.
پاتریک سێڵوێڵ هەروەها ڕایگەیاندووە کە دوای هەوڵی هێلکەبارانکردنەکەی، لایەنگرانی پادشا توندوتیژییان بەرامبەری کردووە. ئەو دەڵێت، "خەڵک قژمیان دەردەکێشا و تفیان لێدەکردم. خەڵک عەقڵیان لەدەستدابوو."

دەستگیرکردن و سرادان لەسەر هێرشی هێلکەبارانکردن تەنها لە بەریتانیا و بۆ ئەو حاڵەتانە نییە کە بەرپرسێک دەکرێتە ئامانج.

مانگی 7ی ساڵی ڕابردوو دادگا لە شاری سەینت پیتەرسبێرگی ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمەریکا ژنێکی 54 ساڵی بە ناوی ڵین بیتینایتس سزا دا بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر پیاوێکی تەمەن 65 ساڵ لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێلکەی کوڵاو و فاسۆلیا.

بە پێی دۆن پەمفری جونیەر، کە پارێزەرێکە لە ویلایەتی فلۆریدا، هیرشی هێلکەبارانکردن بەگوێرەی زیانەکانی دەکرێت بچێتە خانەی تاوانی بچوک یان گەورە.