تورکیا دەست بە ئاوەدانکردنەوە دەکات بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس کە بەهۆی بوومەلەرزەوە بێ ماڵ و حاڵ بوون

تورکیا دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی ئەم مانگە دەستی بە کارەکانی کردووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ماڵەکان، بەرپرسێکی حکومەتی تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، لە کاتێکدا کۆی گشتی گیانلەدەستدان لە تورکیا و سوریا 50 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

زیاتر لە 160 هەزار باڵەخانە کە 520 هەزار شوقەی ، ڕووخاون یان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە ، لە بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتدا کە بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس لە تورکیا و سوریای دراوسێ گیانیان لەدەستدا.

دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاکەوتن (ئافاد) ڕایگەیاند، شەوی هەینی ژمارەی گیانلەدەستدان لە تورکیا بەهۆی بوومەلەرزە بۆ 44 هەزار و 218 کەس بەرزبووەتەوە.

بە دوایین ژمارەی گیانلەدەستدان لە سوریا پێنج هەزار و 914 کەس بووە، کۆی گشتی گیانلەدەستدان لە تورکیا و سوریا 50 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

سەرۆک تەیب ئەردۆغان بەڵێنی داوە لە ماوەی ساڵێکدا ماڵەکان ئاوەدان بکاتەوە، هەرچەندە شارەزایان ڕایانگەیاندووە، پێویستە دەسەڵاتداران سەلامەتی بخەنە پێش خێرایی. هەندێک بینا کە مەبەست لێی بەرگەگرتنی بوومەلەرزە بوو، لە دوایین بوومەلەرزەدا ڕوخاون.

بەرپرسێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی: "بۆ چەند پڕۆژەیەک تەندەر و گرێبەست کراوە، پڕۆسەکە زۆر بەخێرایی دەڕوات".

دەسەڵاتداران دەڵێن چادر بۆ ئەو کەسانە ڕەوانەی کراوە کە بێ ماڵ و حاڵن.

حکومەتەکەی ئەردۆغان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ڕەخنەی بووەتەوە لەسەر هەردوو وەڵامدانەوەی بۆ وێرانکارییەکان و ئەوەی زۆرێک لە تورکەکان دەڵێن ساڵانێک جێبەجێنەکردنی کۆنترۆڵی کوالیتی بیناسازی بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پلانی سەرەتایی حکومەتی تورکیا ئێستا دروستکردنی 200 هەزار شوقە و 70 هەزار خانووی گوندە بە تێچووی لانیکەم 15 ملیار دۆلار. بانکی ئەمەریکی جەی پی مۆرگان مەزەندەی کردبوو کە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی خانوو و ژێرخانی ئابووری 25 ملیار دۆلاری تێدەچێت.

ڕێکخراوی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ڕایگەیاندووە کە مەزەندەیان کردووە کە بەهۆی ئەو وێرانکارییەوە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس بێ ماڵ و حاڵ بوون و پێویستی بە 500 هەزار ماڵی نوێ هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز