ئاستی ئاوی ڕووباری فورات کە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوە لە سوریا و عێراق، هەر لە باکوری سوریاوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەهۆی ئەوەی تورکیا بە دروستکردنی بەنداو ڕێژەی دەرچوونی ئاوەکەی لە تورکیاوە کەمکردووەتەوە.
ماوەی سێ ساڵە ئاوی ئەم ڕووبارە بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و ئێستا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
بە گوێرەی بەڕێوەبەری کاروباری بەنداوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، خەریکە کاری بەنداوەکان لە سەر ڕووبار یان بەنداوی تشرین لە مەنبج و بەنداوی فورات لە تەبقە ڕابوەستێت، چونکە ئاوی ناو دەریاچەکانی پشتی بەنداوەکان گەیشتووەتە ئاستێکی وشکبوون.
لاوازبوونی ڕووباری فورات کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر زۆرێک لە بەشەکانی ژیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، وەک لەکارکەوتنی کشتوکاڵ و ئاودێری لە سەرتاسەری ناوچەکانی کەناری ڕووبارەکان، بڕینی کارەبا، گرفتەکانی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەکو کولێرا بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە.
رووباری فورات کە سەرچاوەکەی لە چیاکانی تۆرۆسی تورکیاوەیە و بە نێو سوریادا تێدەپەڕێت تا دەگاتە عێراق و پاشان لە پارێزگای بەسرەی باشوری عێراق لەگەڵ ڕووباری دیجلە لە ڕووباری عەربدا یەکدەگرن تا دەچێتە نێو کەنداوەی فارسەوە.
تورکیا 19 بەنداوی لەسەر ڕووباری فورات و دیجلە دروستکردووە و پلانی هەیە بە گشتی 22 بەنداو دروست بکات، ئەوان بەشێکن لە پرۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ.
ئامانجی پڕۆژەکە پەرەپێدانی باشووری ڕۆژهەڵات و زیادکردنی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبایە. چونکە سەرچاوەی ئاوەکە لە تورکیایە، ئەو وڵاتە خۆی بە خاوەنی ئاوەکە دەزانێت، دەڵێت پێداویستییەکان لەبەرچاو دەگرێت و بڕیار دەدات کە چەندە ڕێگە بدات بەرەو خوارەوە بڕوات. بەڵام عێراق خاوەندارێتی بە هاوبەش دەزانێت و دەیەوێت ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی بە سنوورێکی دیاریکراوەوە هەبێت و ئەم بابەتەش لەمێژە جێگای مشتومڕی سیاسی بووە لە نێوان وڵاتەکاندا.
لەم وێنانەی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادا دەردەکەوێت کە ئاوی ڕووبارەکە لە باکوری سوریاوە چەندێک کەمی کردووە.