ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانەکەی بۆ عێراق بە سەردانێک بۆ هاودەنگی ناودێر کرد " هاودەنگیەک لەگەڵ خەڵک و دامەزراوە دیموکراسیەکانی عێراق و هاودەنگییەک بەو مانایەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەواوەتی پابەندە بە پشتیوانیکردن لە چەسپاندنی دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە و دەربڕینی متمانەی خۆم کە عێراقییەکان دەتوانن زاڵبن بەسەر ئەوە سەختی و ئاستەنگانەی کە ئەوان هێشتا لە ڕێگەی گفتوگۆیەکی کراوە و گشتگیرەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە."
لە سەردانەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا بۆ عێراق سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی وڵاتەکەدا کۆبووەوە. سەرۆکایەتی عێراق لە زنجیرە توتیتێکدا وێڕای پێشوازی کردن لە گۆتێرێش دەڵێت " هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵات، میکانیزمەکانی کاری نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ڕۆڵی شانبەشانی هەوڵە نیشتمانییەکان و ڕۆڵی ڕێکخراوە دۆستەکان و وڵاتان لە پشتیوانیکردنی ئاوارەکان تاوتوێ کران."
هەروەها دەشڵێت " هەزاران خێزانی ئاوارە لە دۆخێکی زۆر کارەساتبار و ئاڵۆزدا دەژین، هیوادارین هاوکاربین لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە مرۆییە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەی نیشتەجێبوونیان و ئاوەدانکردنەوەی شاری شنگال بەپێی ڕێککەوتنی شەنگال."
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی مەحمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت سەرۆک وەزیرانی پێشوازی لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و " بەڕێزیان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) کرد، جەختی لەوە کردەوە کە عێراق قەیرانە سیاسییەکانی تێپەڕاندووە، هەوڵەکانیش لەسەر ئاستەنگە ئابووری و ژینگەییەکان چڕ بووەتەوە، هەروەها حکومەت چەند ئەولەویەتێکی داناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە."
گۆتێرێش لە بەغدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هاوبەشدا لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقدا گوتی چەندین جار چاوی بە عێراقییە ئاوارەکانی ناوخۆی وڵات کەوتووە و ئازایەتی ئەوانی بینیوە و سەردانی پەنابەرە عێراقییەکانی لە ئوردن و سوریاش کردووە بەر لە مەرجەکان بۆیان بۆ گەڕانەوەیان بۆ عێراق.
ئەو ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی کرد " بۆ ڕێگەدان بە عێراقییەکانی دەرەوەی وڵات بگەڕێنەوە و ئێمەش پاڵپشتی تەواوی ئەو هەوڵانە دەبین و دەمەوێت، جارێکی دیکە، هاوسۆزی قووڵی خۆم بۆ گەلی عێراق دەرببڕم و هیوایوادارم عێراق ڕوبەڕووی ئایندەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی ببێتەوە لەگەڵ دامەزراوە دیموکراسییە چەسپاوەکان."
وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن گوتی " ئێمە دەزانین سكرتێری گشتی كاتێک بەرپرسیارێتی دیكەی هەیە و گرنگیش بە بارودۆخی عێراق دەدات و چەندین جار سەردانی عێراقی كردووە و لەبارەی دۆخی ئاوارەكان و دۆخی سیاسیەوە زانیاری پێدراوە".
گۆتێرێش کە دواین جار لە بەهاری ساڵی 2017 سەردانی عێرقی کردبوو، ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەوێ لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی هەێمی کوردستاندا کۆدەبێتەوە و بڕیارە سەردانی کەمپێکی ئاوارەکان بکات.
پاشان دەچێت بۆ قەتەر کە لەوێ بەشداری لە لوتکەی وڵاتانی بەرەو ڕسکانچوو دەکات.