زیندانییەکی دیکەی سیاسی کورد لە ئێران مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، هێمن مستەفایی، بەندکراوی سیاسی کورد ڕووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدانە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆسیەی ئەو بەندکراوە کوردە نووسیوێتی "بە فەرمانی محەمەد جەباری، داواکاری گشتی شاری سنە، دۆسیەی ژمارەیەک زیندانی لە نێویاندا هێمن مستەفایی ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان کراوە و هەر بۆیەش ئەو زیندانییە هەموو ساتێک مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە."

بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ، هێمن مستەفایی لە دایکبووی ساڵی 1989یە لە شارۆچکەی کانیدیناری سەر بە شاری مەریوان کە لە ڕێکەوتی 1ی مانگی سێی ساڵی 2013دا بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسداران بە ناوی ئیبراهیم محەمەدی لە شاری مەریوان دەستبەسەر کراوە.

هێمن مستەفایی پێش ئەوەی بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر بکرێت، ئەندامی یەکێک لە حزبەکانی کوردستانی ئێران بووە کە دوای ماوەیەکی کورت دەستی لەو حزبە هەلگرتوە و بەجێهێشتوە و بە هەماهەنگی دەزگای ئیتلاعات گەڕاوەتەوە شاری مەریوان.

بەگوێرەی هەواڵەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێمن مستەفایی لە ژێر هەڕەشە و بەڵێنی لێکۆڵەرە ئەمنییەکان ڕازی بووە بە قبوڵکردنی سیناریۆیەکی پێشوەختە ئامادەکراوی لێکۆڵەران و بە شێوەی زۆرەملێ دانی بەتاوانی کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداراندا ناوە.

هەر لە پەیوەند بەو دۆسیەوە، سێ هاووڵاتی دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی بەیان کاکەیی، هیوا دادئافەرین و خەلیل شیرزادی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران دەستبەسەر کران و لە کۆتا ڕۆژی ساڵی 2013دا تەلەفزیۆنی پرێس تی ڤی بە بڵاوکردنەوەی فیلمێکی دیکۆمێنتاری بە ناوی "بابەتی هاوبەش" دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو چوار زیندانییەی بڵاوکردەوە.

هێمن مستەفایی یەکەمجار لە دادگای تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی ئەوەی چەکی هەبووە، بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزا دراوە و بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستیش سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، هەرچەندە دەزگای ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی ئیسلامی هەوڵیدابوو دۆسیەیەک لە دژی هێمن مستەفایی بە تۆمەتی "موحارەبە" پشتڕاست بکەنەوە، بەڵام دادگای باڵای ئێران بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئەو تۆمەتەی ڕەتکردبووە.

تاوانی موحارەبە دەچێتە خانەی یەكێک لە گەورەترین تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر هێرشێکی ناوخۆیی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە خانەی تاوانی موحارەبەوە کە ئەو تاوانەش سزای مەرگی لەسەرە. ئەم سزایە یەکەم جار لەلایەن سادق خەڵخاڵی دادوەری شەرعی دادگاکانی شۆڕش لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ لەسێدارەدانی دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکارهاتوە.

مستەفایی پێشتر لە مانگی شەشی ساڵی 2017دا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی گوازرابووە بۆ ژووری تاکەکەسی، بەڵام دوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەیان چالاکی مەدەنی و هاووڵاتیانی شاری سنە، بە ڕەزامەندی بنەماڵەی قوربانییەکە سزای لە سێدارەدانەکەی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیرابوو.

بە گوێرەی هەواڵەکان هێمن مستەفایی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوودی زیندانی سنە، دەگوازرێتەوە بۆ بنکەیەکی دەزگای ئیتلاعات، بەڵام دوای دە ڕۆژ مانگرتن لە خواردن جارێکی دیکە گەڕێنڕاوەتەوە بۆ زیندانی سنە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ نووسیوێتی ناوبراو لەئەنجامی ئەشکەنجەدانێکی زۆردا چەند بەشێکی جەستەی تووشی شکان بووە.

ئەو زیندانیە سیاسیە کوردە لە کاتێکدا کە زیاتر لە دە ساڵە لە زیندان بەسەر دەبات، لە ئێستادا لە لەلایەن داواکاری گشتی سنەوە هەڕەشەی لەسێدارەدانی لێکراوە و باس لەوە دەکرێت کە دۆسیەکەی ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان کراوە بۆ ئەوەی لە سێدارە بدرێت.