پرسی حەرامی و حەڵاڵی موچەی پەرلەمانتاران مشتومڕی لێدەکەوێتەوە

دوای بڕیاری دەرکردن و گەڕانەوەی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی دادگەری لەلایەن ئەو حزبەوە، لە ئێستادا پرسی "حەرامبوون" یا "حەڵاڵبوونی" وەرگرتنی موچەی پەرلەمانتار لە دوای درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان بۆتەوە جێی باس و خواس لە ناو ئەم حزبە ئیسلامییە. سەرۆکی لیژنەی فەتوای پارێزگای سلێمانیش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە تا ئێستا لایەنێک پرسیاری لێ نەکردون لەسەر ئەم بابەتە.

پرسەکە دوای ئەوە هات ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو عوسمان کانی کوردەیی پەرلەمانتاری هەرێم لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی هەرێمی کرد، لە کاتێکدا حزبەکەی بڕیاری دابوو بەشدارنەبن بەهۆی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان. چەند کاتژمێرێک دوای بەشداریکردنەکە، کۆمەڵی دادگەری لە ڕاگەیێندراوێکیدا بڕیاری دوورخستنەوەی پەرلەمانتارەکەی دا بەڵام دوای دوو ڕۆژ بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.

عوسمان کانی کوردەیی لەسەر هۆکاری بەشداریکردنەکەی وتبووی، "سوێندی یاساییم خواردووە خیانەت نەکەم؛ پێم حەرام بووە موچە وەربگرم و نەیەمە کۆبوونەوەکان، بۆیە بڕیاری گەڕانەوەم بۆ کۆبوونەوەکان دا."


بەخشینی موچە

لەم بارەوە عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بڕیاری حەرامبوونی موچەی پەرلەمانی لە دەستەڵاتی لیژنەی فەتوای هەرێمە. ئەو ڕایگەیاند کە خۆی موچەکە وەردەگرێت بەڵام دواتر دەیبەخشێت بۆ "هاوکاری هەژاران و نەخۆشخانەی هیوا."

عەبدولستار مەجید وتی، "ئەگەر مووچە نایاساییە با حکومەت بیبڕێت، ئەگەر ناشەرعی و حەرامیشە با لیژنەی فەتوا بڕیاری ئەم مەسەلەیە بدات. ئەو کات کێ لە ئێمە جورئەتی هەیە مووچەیەک بە حەرام بزانێت و وەریشی بگرێت."

لای خۆشیەوە دکتۆر محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای پارێزگای سلێمانی، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە هیچ لایەنێکی حوکمی یان حزبی لەسەر ئەو پرسە ڕاوێژی بە پسپۆڕانی ئاینی نەکردووە.

ئەو وتی، "پێویستە پەرلەمان یان حکومەت یاخود پەرلەمانتار پرسیار ئاڕاستەی لیژنەی فەتوا بکات. بە دڵنیایی ئێمەش ئەو کات وەڵامی خۆمان دەبێت."

محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی هەروەها وتی، "بڕیاردان لەسەر حەڵاڵکردن و حەرامبوون کۆمەڵێک ڕێسای خۆی هەیە ناتوانین بە ڕەهایی شت حەڵاڵ و حەرام بکەین. وە ئەم بابەتەی پەرلەمان و دەوامکردن لە پەرلەماندا هۆکاری ڕاگرتن هەیە و هۆکاری تریش هەیە شەرعیە یاخود ناشەرعیه.‌ هەتا ئێمە لە هۆکارەکان تێنەگەین ناتوانین فەتوایەکی ورد بدەین کە بڵێن حەڵاڵ یاخود حەرامێکی تەواوه."


درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان

جگە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ، یەکگرتووی ئیسلامی و چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕان و فراکسیۆنی نەوەی نوێش لەوەتای درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان بەشداری دانیشتنەکانیان نەکردووە.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ هەر زوو ڕایگەیاند، بەهۆی بایکۆتکردن و دەوام نەکردنیان وەرگرتنی موچەی پەرلەمانتاری "حەرامە." چەند ئەندامێکی پەرلەمانیش لە لیستەکانی تر دەڵێن پارەکە وەردەگرن بەڵام دەیکەن "بەخێر."

بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە بانگەشەی حەرامبوونی موچە دەکەن. عەبدولستار مەجید دەڵێت، " ئەگەر مەسەلەش دەوام بێت پەرلەمان دەوامی نییە بۆ زانیاری، بەڵکو کۆبوونەوەی هەیە. ڕێکاریش هەیە بۆ ئەوانیش کە ناچن بۆ کۆبوونەوە."

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 9 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو، تەمەنی یاسایی خۆی بۆ ماوەی ساڵێک و تا ڕۆژی 31ی مانگی دوازدەی ئەمساڵ درێژکردەوە.

تا ئێستا پەرلەمان بە ڕەسمی چارەنووسی ئەو ئەندامانەی دیاری نەکردووە کە بەشداری کۆبوونەوەکان ناکەن، بەڵام لە ڕۆژی 1ی سێی 2023 پەرلەمان داوای 7 ئەندامی بۆ دەستلەکارکێشانەوە پەسەند کرد.

بە گوێرەی مامۆستا هەمزە خەلیفە، پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی تەکیە و ئەندامی پێشوی لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستان، دەبوایە پەرلەمانی کوردستان تەنانەت لەسەر بابەتی دواخستنی هەڵبژاردن یان کۆتاییهێنان بەم خولەی ئێستا لەسەر پرسی "شەرعی" بوونی بڕیارەکە ڕاوێژیان بە لیژنەی فەتوای هەرێم کردبایە.

هەمزە خەلیفە ڕایگەیاند، "وەکو ڕای کەسی خۆم قسە دەکەم؛ مەسەلەی کاری فەتوا دەبێت هەردەم لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەوری کاریگەر و دەنگ و ڕەنگی هەبێت. بە داخەوە لە هەرێمی کوردستاندا ئەو لیژنە فەتوایانەی کە هەن دەبوو لە کاتی خۆیدا قسەیان هەبووایە و بیانوتایە ئەگەر چەند مانگێک درێژکردنەوە هەیە بۆ پەرلەمان هەر وەکو چۆن کاتی خۆی پەرلەمانتار هەڵبژێردراون و گەڕاونەتەوە بۆ دەنگی گەل دەبێت بۆ درێژکردنەوەی پەرلەمانیش هەر بگەڕێنەوە بۆ دەنگی گەل."


هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کۆمەڵ

سەبارەت بە شیاوی موچەی پەرلەمانتاران لە ڕووی ئاینییەوە، ئەو مامۆستا ئاینییە ڕایگەیاند، "حەڵاڵ و حەرامی وشەیەکی زۆر قورسە چونکە ئەو پارەیەیەی پەرلەمانتار وەریدەگرێت لە بەشی داهاتی ئەو گەلەیە. دەبووایە لیژنەی فەتوا قسەی لەسەر خانەنشین بوونی پەرلەمانتارەکانیش بکردایە. وشەی حەرام یان حەڵاڵ قورسە بەڵام دەتوانین بڵێن کاری درێژکردنەوەی پەرلەمان نابەجێیە."

سەبارەت بە شێوازی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی کۆمەڵی دادگەری کە ڕۆژی هەینی بڕیاری گەڕانەوەی ناوبراوی بۆ ناو ڕیزەکانی دا، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری وتی: دوابەدوای ئەوەی هەندێک لە هاوڕێ و دڵسۆزەکانی مامۆستا عوسمان کانی کوردەیی و کۆمەڵی دادگەری پەیوەندیان پێوە کردبوو کە بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵ و مامۆستا عوسمانیش وتبوی با کۆمەڵی دادگەری بڕیاری دوورخستنەوەی لە ڕیزەکانی کۆمەڵی دادگەری هەڵبوەشێنێتەوە.

وتیشی منیش لە نزیکەوە لەگەڵی دانیشتم لە ماڵی کاک موسلیمی مامۆستا عەبدوڵای قەسرێ (بەڕەحمەت بێت) گفتوگۆمان کرد و لەسەر ئەوە ڕێککەوتین وتمان زۆر ئاساییە ئەگەر بڕیاری پابەندبوون بە بڕیارەکانی سەرکردایەتی و فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بدەیت ئەوا ئێمەش بڕیارەکەی خۆمان هەڵدەوشێنینەوه،‌ سەبارەت بە دورخستنەوەت لە ڕیزەکانی کۆمەڵی دادگەری، ئێمەش وەکو ئەنجوومەنی باڵا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دوورخستنەوەی بەڕێز مامۆستا عوسمانمان دەرکرد.

ئەویش پێشوازی لێکرد و بڕیاریدا کە پابەند بێت بە بڕیارەکانی سەرکردایەتی کۆمەڵ و فراکسیۆنەکەی.

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری ڕەتیدەکاتەوە، گەڕانەوەی عوسمان کانی کوردەیی بە نێوەندگیری کۆمەڵایەتی و عەشایەری بووبێت، لەو ڕووەوە عەبدولستار مەجید وتی نەخێر تەنها چەند دۆست و برادەرێکی مامۆستا عوسمان و کۆمەڵی دادگەری بوو.

دەنگی ئەمەریکا چەندین جار هەوڵی دا پەیوەندی بکات بە عوسمان کانی کوردەیی، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون.

بەڵام ناوبراو لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند: ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دورخستنەوەی لە حزبەکەی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "بەشداریکردنم لە دانیشتنی پەرلەمان و لە دەرەوەی بڕیار و سیاسەتی کۆمەڵ و فراکسیۆن، بە کارێکی هەڵەی دەزانم."