وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە ڕۆژی چوارشەممە هاوکاتی ڕۆژی جیهانی ژنان، لەگەڵ 'خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێر' دا خەڵاتی ڕێزلێنانی مادلین ئالبرایت بۆ گروپ دەبەخشێت بە ژنان و کچانی خۆپیشاندەری ئێران.
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت مەرگی مەهسا (ژینا) ئەمینی لە 16 ی مانگی نۆ کە بە سەردانێک لە کوردستانەوە چووبوو بۆ تاران، لە کاتێکدا لەلایەن "پۆلیسی ئاکاری" ئێرانەوە دەستگیرکرابوو، بووە هۆی ناڕەزایەتی بنەڕەتی بە سەرۆکایەتی ژنان لە سەرانسەری 31 پارێزگاکەی ئێراندا.
هەروەها دەشڵێت " توندوتیژییەکانی ئێران بە سپۆنسەری دەوڵەت لە دژی ژنان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کوشتنی دڕندانەی ئەمینی کاریکردە سەر هەستی کۆمەڵگەی ئێران و بووە هۆی هاندانی ناڕەزایەتیی. لە ڕۆژانی پاش مەرگی ئەمینی، ژنان و کچانی ئێرانی ڕژانە سەر شەقامەکان، سەرپۆشەکانیان لابرد و سووتاندن و قژیان بڕی."
دەشڵێت " بوێری و ڕووبەڕووبوونەوەکانیان بوونە مایەی هاندانی کەسانی تریش لە ناویاندا پیاوان و کوڕان کە بەشداریی بکەن لە ناڕەزایەتییەکانیان. کچانی قوتابخانەش بەشدار بوون لەو بزوتنەوەیە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خێرایی پڕ بوو لە وێنەی کچانی گەنج کە لە پۆلەکانیاندا ناڕەزایەتیان دەربڕی و بەرامبەر بە کارگێڕانی قوتابخانەکان وەستانەوە کە هەوڵیان دەدا ڕێگرییان لێبکەن."
لە پێناسەی هۆکاری خەڵاتکردنەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت " سەرەڕای وەڵامدانەوە دڕندانەکان کە سەدان خۆپیشاندەری ئاشتیخوازی تێدا کوژراون لە ناویاندا 70 منداڵیش، بەڵام ژنان و کچانی ئێران بەردەوام بوون."
خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێری ئەم ساڵ دەدرێت بە 11 ژنیش لە سەرانسەری جیهان لەوانەشدا دکتۆر زاکیرە حیکمەت خەڵکی ئەفغانسان و دانیشتوی تورکیا، ئەلبا ڕوێدا خەڵکی ئەرژەنتین، پرۆفیسۆر دانیاڵ دارلن خەڵکی کۆماری ئافریکای ناوەڕاست، دۆریس ڕییۆس خەڵکی کۆستاریکا، میازە محمەد خەڵکی ئیتیوپیا، هەدیل عەبدول عەزیز ئوردن، باخیتژان تۆرێگۆژین خەڵکی کازخستان، سیناتۆر داتوک ڕاس ئەدیبا ڕادزی، خەڵکی مالیزیا، جەنەڕاڵ بۆلۆر گانبۆڵد خەڵکی مەنگۆلیا، بیانکا زالێڤسکا خەڵکی پۆڵەندا و یولییا پێڤیسکای ئۆکرانی.
خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێر خەڵاتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە کە پێشکەش بەو ژنانە دەکرێت لە بوارە جیاجیاکاندا خزمەتی بەرەوپێشبردنی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەرییان کردووە.
ئەم خەڵاتە ساڵانەیە لە ساڵی 2007 دامەزراوە و ڕێز لە ژنان دەگرێت لە سەرانسەری جیهان کە ئازایەتی و هێز و سەرکردایەتییەکی ناوازەیان نیشانداوە بە مەبەستی هێنانەدی گۆڕانکاری ئەرێنی بۆ کۆمەڵگاکانیان کە زۆربەی جار ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر و قوربانیدان دەبنەوە.
هەتا ئێستا ئەم خەڵاتە دراوە بە 180 ژن لە 80 وڵاتی جیاوازی جیهاندا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت هەموو خەڵاتکراوەکان داکۆکییان لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێشخستنی یەکسانی بە گشتی و یەکسانی جێدەری بە تایبەتی کردووە، ژنان و کچانیان بەهێزکردووە، و هاندەر بوون بۆ ئاشتی و شەفافیەتی حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهاندا.