وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن ڕۆژی سێشەممە لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا گەیشتە عێراق. ئۆستن لە سەردانەکەیدا، نزیکەی 20 ساڵ پاش هێرشەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن، ڕایگەیاند واشنتن پابەندە بە هێشتنەوەی سەربازەکانی لە وڵاتەکە.
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە تویتێکدا دەڵێت " من لێرەم بۆ دووپاتکردنەوەی هاوبەشی ستراتیژی ئەمەریکا و عێراق لەکاتێکدا بەرەو عێراقێکی پارێزراوتر و سەقامگیرتر و سەروەرتر هەنگاو دەنێین."
ئۆستن پاش ئەوەی چاوی بە سەرکردە سەربازیەکانی ئەمەریکا لە عێراق کەوت و هەروەها لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراقدا کۆبووەوە چووە هەرێمی کوردستان و لەوێش لەگەڵ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانیدا کۆدەبێتەوە.
پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محمەد شیاع سودانی، ئۆستن بە ڕۆژنامەوانانی گوت " هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق ئامادەن لە عێراق بمێننەوە".
ئەو گوتیشی " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردن و فراوانکردنی هاوبەشیمان بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق."
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت لە کۆبونەوەکەیاندا " باس لە هاوکاری و هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەرکی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەدواداچوونی چەتەکانی تیرۆریستی داعش کرا."
لە ئێستادا ئەمەریکا 2500 سەربازی لە عێراق هەیە - و 900 سەربازی دیکەش لە سوریا - بۆ یارمەتیدانی ڕاوێژکردن و هاوکاریکردنی هێزە ناوخۆییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، کە لە ساڵی 2014 دا دەستیان بەسەر بەشێک لە خاکی هەردوو وڵاتدا گرت.