دوو ساڵە حکومەتی هەرێم ئامارەکانی کوشتنی ژنان بڵاوناکاتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هیچ ئامارێکی ڕەسمی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان بڵاوناکاتەوە، چالاکوانێکی بواری مافەکانی ژنانیش دەڵێت ڕەنگە ئەم بڕیارە بۆ شاردنەوەی ڕێژەی توندوتیژییەکان بێت لە ڕای گشتی.

دەنگی ئەمەریکا پێشتر چەندین جار داوای ئاماری فەرمی لە حکومەتی هەرێم کردووە، بەتایبەت لەسەر ژمارەی کوشتنەکان و ڕێژەی توند و تیژییی گشتی لە ساڵی 2022 و ساڵانی پێشتر، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون.

ئاری ڕەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕوبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گلەیی ئەوەی کرد کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن تەنیا سەرنج دەخەنە سەر بابەتە نەرێنییەکان.

ئاری ڕەفیق

ئاری ڕەفیق ڕایگەیاند، "بەداخەوە بەر لە پانزە ڕۆژ ئێمە ئەو ئامارە ئەرێنیەمان بڵاوکردەوە کە کارکردنە لەسەر کەیسەکانی توند و تیژی، بەداخەوە چونکە باسی کوشتنی تێدا نەبوو یەک میدیا و سۆشیاڵ میدیاش بڵاوکردەوە. "

وتیشی، "من پێم وایە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەوەندە حەزدەکەن شتە نەرێنیەکان بکەنە مانشێت ئەوەندە حەزییان لێی نیە شتە ئەرێنیەکان بکەنە بابەت. "

ڕێزان شێخ دلێر

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندام پەرلەمانی پێشووی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕەنگە لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست بێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی توند و تیژی دژی ژنان، چونکە ئێستا بودجەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە بەڕادەیەک کەمکراوەتەوە کە جاری واهەبووە ئۆتۆمبێلەکانیان بەنزینی نەبووە بۆ گواستنەوەی تۆمەتباری توند و تیژی دژی ژنان... یاخود بەمەبەستە بۆ ئەوەیە کۆمەڵگا لەو هەموو تاوانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت ئاگادار نەبن. هیوادارم ئەوەی دووەم نەبێت. "

ئامارە گشتییەکان

دوو هەفتە لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕووبەڕووبونەوەی توند و تیژی دژی ژنان و خێزان ئامارێکی بڵاوکردەوە کە بەتەنها باس لە کەیسەکانی توند و تیژی کراوە بێ هیچ ئاماژەیەک بەجۆر و ئاماری تاوانەکان بەتایەبەتی تاوانەکانی کوشتن.

بە گوێرەی ئامارەکە بێت، لە تێکڕای هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو 15897 کەیسی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان تۆمارکراوە و لە نێوانیان 4946 کەیس تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان و 8346 کەیسیش داخراون.

بەڵام ئامارەکە هیچ ئاماژەیەکی بە جۆری توندوتیژیەکان تێدانییە و ئەوەی دەستنیشان نەکردووە کە ڕێژەی کوشتنەکان چەندن.


مەترسی نەبوونی ئامار

ئاڤان جاف

ئاڤان فارس جاف، چالاکوانێکی مافەکانی ژنان، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بە گوێرەی زانیاریەکانی چەند ڕێکخراوێکی ژنان لە ساڵی ڕاسبردوو 44 ژن کوژراون لە هەرێمی کوردستان.

بەڵام دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت پشت بەو ژمارەیە ببەستێت وەک ئامارێکی فەرمی چونکە، وەک ئاڤان فارس جاف دەڵێت، کومەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی توند و تیژی دژ بەژان ئامادەنین ئەو ئامارە بڵاو بکەنەوە.

بە بڕوای ئەو چالاکوانە، هۆکاری بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە "بەرپرسیارێتی زۆر" دەکەوێتە سەر حکومەتی هەرێم لەکاتێکدا کە کاربەدەستان پێشتر هەمیشە باسی پاراستنی مافی ژنانیان کردووە.

ئاڤان فارس جاف ڕایگەیاند، "لەکاتێکدا ئەمە لە ئەولەوویاتی حکومەت نیە، کە ئامارەکان بڵاوبکرێتەوە ئەم دروشمانەی حکومەت دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە."

ئەم چالاکوانە ڕەتیکردەوە کە بڵاونەکردنەوەی ئامارەکان ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی. ئەو ڕایگەیاند، "ئەوەتا دوو ساڵە ئەم ئامارانە بڵاونەکراونەتەوە بەهیچ شێوەیەک نەبۆتە هۆی کەمبونەوەی کوشتنی ژنان. هەر بۆ نمونە بچیت ئەو تاوانبارانەی کوشتنی ژنان ببینیت ناڵێن، 'لەبەر ئەوە ئەو ژنەم کوشتوە پێشتر لە ڕاگەیاندن ئەو ئامارەم بینیووە.' بەڵکو دەیان هۆکاری تر هەیە وەکو هۆکاری ئابوری، سزانەدانی تۆمەباران و داڵدەدانیان ، یاخود چارەسەری کۆمەڵایەتی کە بۆ نمونە پارتە سیاسییەکان بەشێوەیەکی کاتی بابەتەکە چارەسەر دەکەن یان چارەسەرکردنی کوشتنی ژنان لەدیوەخان."

بەبڕوای ئەندام پەرلەمانی پێشوی عێراق نەبوونی ئامارەکان دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر چالاکوانانی ژنان بە تایبەت لە ڕووی یاسایی.

ڕێزان شێخ دلێر ئەوەشی وت، "بۆ ئێمەش مەترسیە وەک چالاکوانانی ژنان کە باس لەوەبکەین بڵێین ڕێژەی توند و تیژی دژی ژنان زیادی کردووە، یان ڕێژەی کوشتن زیادی کردووە، چونکە ئەوکاتە دەتوانن سکاڵام لەسەر تۆمار بکەن. "


جۆری تاوان و توند و تیژییەکان

بەپێی وتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕووبەڕووبونەوەی توند و تیژی دژی ژنان و خێزان بێت، لە هەرێمی کوردستان ئێستا جۆر و شێوازی تاوانەکان و توند و تیژییەکان بەرامبەر بە ژنان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

ئاری ڕەفیق ڕایگەیاند، " لێرە تاوانی ئەلیکترۆنی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، کە بۆتە چەکێک بەدەست پیاوانەوە. ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە 15 بۆ 20 تاوانی ئەلیکترۆنی هەیە. جگە لەوەی ڕەنگە کەیسی تر هەبێت کە نەگاتە دامودەزگاکان. ئەگەر بڕوانی ناو زیندانەکان زۆر کەس لەسەر ئەو بابەتە زیندانی کراون. "
جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی توند و تیژی دژی ژنان ئامادە نەبوو کە زانیاری بدات لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ ڕێژەی توندوتیژیەکان لە ساڵانی ڕابردوو بەرەو هەڵکشان یا داکشان چوون.

وە ڕایگەیاند، "من ناڵێم دۆخی خانمان لە 2023 باشتر دەبێت. ناتوانم ئەو گەشبینی و پێشبینیەم هەبێت چونکە بە داخەوە میدیایەکی نابەرپرس و سۆشیاڵ میدیای بێ کۆنترۆڵ و تاوانی ئەلیکترۆنی زۆرمان هەیە، جگە لە خێزان کە بەرپرسیارێتی پەروەردە وەک پێویست هەڵناگرن. "