دادگای دەستووری تورکیا بڕیاری بلۆککردنی دارایی هەدەپە هەڵدەوەشێنێتەوە

دادگای دەستووری تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری ڕاگرتنی یارمەتییە داراییەکانی وەزارەتی خزێنەی تورکیای بۆ هەدەپە هەڵوەشاندەوە. بڕیارەکە بە هەشت دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە حەوت دەنگی نەخێر لە دادگای باڵای 15 ئەندامی تورکیادا هەڵوەشایەوە.

بە پێی بڕیارەکەی دادگا هەدەپە دەتوانێت لە ماوەی ئەم ساڵدا 539 ملیۆن لیرەی تورکی بە چەند بەشێک وەربگرێت.

هەر لە هەمان ڕۆژدا لەسەر دۆسیەی داخستنی هەدەپە دادگا 11 ی مانگی چواری 2023 ی دەستنیشان کرد بۆ هەدەپە تا بە زارەکی بەرگری لە خۆی بکات.

هەدەپە دوای لە دادگای دەستووری کردبوو دۆسێی داخستنی پارتەکەی پاش هەڵبژاردن پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت، بەڵام دادگا ئەو داوایەی هەدەپەی ڕەتکردبووە.

دوای ئەم بڕیارە، پەرلەمانتاری گروپی هەدەپە سەروهان ئولوچ ئەم دۆسێیەی بەشێوەیەکی سیاسی هەڵسەنگاند و وتی "ئەمە دەستوەردانە لە هەڵبژاردن".

هەدەپە هەرچەندە لەسەر لابردنی بلۆککردنی یارمەتییە داراییەکانی خزێنەی دەوڵەت خۆشحاڵە، بەڵام مەترسیشی هەیە لەسەر دۆسێی داخستنی پارتەکە لە مانگی چواردا.

ڕۆژی هەینی دەی مانگی سێ، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردؤغان نەخشەی هەڵبژاردنی دیاری دەکات و لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو دەکرێتەوە.

به پێی ئەم پلانه هه ڵبژاردن له 14ی پێنجی 2023 بەڕێوەدەچێت.

پارێزەرانی هەدەپە دەڵێن ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر داخستنی هەدەپە دەبێت.

هاوسەرۆکی هەدەپە، میتحەت سەنجەر، ڕایگەیاند کە ئەم دۆسیەیە بە تەواوی بە مانای گۆشەگیریی هەدەپە دێت " مەبەست لەم دۆسیەیە چەوسانەوەی سیاسەتی دیموکراسیە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سیاسییە لە دژی ئێمە. با بزانرێت ئێمە لەم باریەوە بە هەموو جۆرێک بەرگری دەکەین."

هەروەها سەرهەت ئەرەن، هاوسەرۆکی وتەبێژی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ و یاسای هەدەپە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بڕیارەکانی دادگای دەستووری تورکیا هیچ یاساییە نییەو بە تەواوەتی سیاسییە.

ئەو گوتی " ئەگەر لە چوارچێوەی هێڵی یاساییدا ڕابگیرێت، ناتوانرێت هەدەپە دابخرێت. بەڵام بەداخەوە لە تورکیا یاسا بە تەواوی کەوتۆتە ژێر سیاسەتی دەسەڵاتەوە. هەروەها دەسەڵات بە پێی بەرژەوەندی خۆی مامەڵە دەکات."

پارێزەرانی هەدەپە دەڵێن ڕێکارەکانی پاراستن و دۆسێی داخستنی هەدەپە لە پاش ئێستاوە بەم شێوەیە دەبێت:

هەدەپە لە 11ی مانگی چوار بەرگری زارەکی خۆی دەکات. دوای ئەمەش دادگای دەستووری بەڵگەنامە و فایلە ئامادەکراوەکان دەنێرێت بۆ ڕاپۆرتدەر. ڕاپۆرتدەرەکەش کۆتایی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ئەو فایل و بەڵگەنامانە دەگەڕێنێتەوە بۆ دادگا و دادگای دەستوری بڕیار لەسەر ئەمە دەدات.

شارەزایانی سیاسی و زۆرێک لە یاساناسان ئەم دۆسیەیەی داخستی هەدەپە بە هیچ شێوەیەک بە دۆسیەیەکی یاسایی نازانن، بە سیاسی پێناسەی دەکەن.

مەهمەت عەلی کولات، بەرپرسی توێژینەوەی ماک، سەبارەت بە دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕوونکردنەوە دەدات. کولات ئاماژە بەوە دەکات کە هەدەپە پارتێکی سەرەکییە لەم هەڵبژاردنەدا، بۆیە داخستنی هەدەپە کاریگەری لەسەر سیاسەتی تورکیا دەبێت "دەنگەکانی هەدەپە بۆ هەردوو هاوپەیمانی کۆماری و هاوپەیمانی نیشتمانی گرنگە. پشتیوانی هەدەپە بۆ هەر لایەک دەشێت لایەنەکە سەربخات."

دەسەڵاتدارانی هەدەپە پەیوەندییان بە کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی گەلەوە کرد و داوایان لێکرد سەردانی هەدەپە بکات. کیلیچدارئۆغڵو هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە سەردانی هەدەپە دەکات.

شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر هەدەپە بە فەرمی پشتیوانی خۆی بۆ کلیچدارئۆغڵو ڕابگەیەنێت، ئەوە دەبێتە مەترسی بۆ سەرکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. بەهۆی ئەمەوە ڕەنگە ئەردۆغان هەوڵێکی خێرا بدات بۆ داخستنی هەدەپە.

ئەردۆغان سبەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕادەگەیەنێت و لە ڕۆژی 14ی سێیوە بە فەرمی دەستبە هەڵمەتەکان دەکات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە مانگی سێی 2021ەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەدات کە سێیەم گەورەترین پارتییە لە پەرلەماندا، بە تۆمەتی ئەوەی گوایە پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە.

پێشتریش حکومەتی تورکیا پارتەکانی تری سەر بە کوردەکانی پێش هەدەپەی قەدەغە کردووە و پاشان لە ژێر ناوی تردا نوێ بوونەتەوە.

لە ئێستادا هەزاران ئەندامی هەدەپەو دەیان لە بەرپرسەکانی لە زینداندان.

Your browser doesn’t support HTML5

ئەیوب دمیر