هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەنیازە پاش بردنەوەی هەڵبژاردن عەلی باباجان بکات بە بەرپرسی ئابووری وڵاتەکە

چوار سەرچاوەی باڵای هاوپەیمانییەکە رۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، هاوپەیمانی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەنیازە عەلی باباجان جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بکاتە جێگری سەرۆککۆماری بەرپرسیار لە ئابوری وڵاتەکەی لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە بڕیارە 14ی مانگی 5 ئەنجام بدرێت.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، هاوپەیمانی شەش قۆڵییەکە کاندیدێکیشیان دەستنیشانکردووە بۆ ئەوەی وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا دەستنیشانبکرێت، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەکردووە کێیە.

بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانییەکە دەڵێت: "لە سیستەمێکدا کە باباجان بەڕێوەی دەبات، پێکهاتەیەک دەبێت کە وەزارەتە گرنگەکان دەبن بە پشکی لایەنەکانی دیکە ".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی گەنجینەی و دارایی کە لە ئێستادا یەک دامەزراوەیە، دەکرێت بۆ دوو دامەزراوە دابەشبکرێن.

باباجان پێشتر هاوپەیمانێکی نزیکی رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا بەهۆی ناکۆکی لەسەر ئاراستەی پارتی داد و گەشەپێدان وازی لە ئاک پارتی هێنا و پارتی دێڤا (چارەسەر)ی پێکهێنا. هەروەها لە سەردەمی ئەردۆغان بەرپرسی ئابووری بووە و لەو کاتەدا لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانییەوە بە باشی هەڵسەنگێنراوە.

پارتی دێڤا ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ڕۆڵی داهاتووی باباجان بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز