ڕێباز حەملان: سەردانەکەی سودانی بۆ هەرێم قۆناغێکی نوێ دەبێت لە سیاسەتی نەوت و غاز لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا

ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تەوەرێکی سەردانەکەی سودانی بۆ هەرێمی کوردستان باسکردن بووە لە فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم و جێکردنەوەی لە چوارچێوەی یاسای نەوت و غازی عێراقی تا هەرێم ڕووبەڕووی هەمان گرفتی فرۆشتنی نەوت لەگەڵ عێراق نەبێتەوە.

لە میانەی وتووێژێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان(ڕێباز حەملان) وتی تا لە چوارچێوەی ئەو یاسایە ماف دەدات بە هەرێمی کوردستان نەوت و غازی خۆی بفرۆشێت بە شێوەیەکی یاسایی و بتوانرێت داهاتەکەی بۆ خەڵکی کوردستان و ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات


نیشاندانی نیەت پاکییە


ڕێباز حەملان سەردانەکەی سودانی بۆ هەرێمی کوردستان بە نیشاندانی نیەت پاکی سودانی بەرامبەر هەرێم وەسفکرد و وتی هاتنی بەڕێز محمد شیاع سودانی بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان نیەت پاکی بەڕێز سودانی و حکومەتی نوێی عێراقە لەم قۆناغەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت بۆئەوەیە کە هەماهەنگی و کارکردنی پێکەوەیی و هاوبەشی ڕاستەقینە بچێتە قۆناغێکی نوێوە کە هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە دەتوانن سەقامگیریەکی ئابوری و سیاسی بۆ عێراق دابین بکەن.


تەوەری گفتوگۆکان

ڕێباز حەملان ئاماژەی بەتەوەری گفتوگۆکانی سودانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کرد: بەڕێز سودانی لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبۆتەوە لەو کۆبونەوانەشدا قۆناغەکانی ئێستا و داهاتوو باسکراوە لەڕووی ئەمنی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی باری ئەمنی هەموو عێراق لە هەموو قۆناغە جیاوازەکان کە ڕووبەڕووی عێراق ببێتەوە. "


بە وتەی یاریدەدەرەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسکردن لە فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی سودانیە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم.

لەو ڕووەوە ڕێباز حەملان وتی: هەروەها خاڵێکی گرنگ کە تێیدا باسدەکرێت مەسەلەی یاسای نەوت و غازە لە پەرلەمانی عێراق کە بەشێکی ئەو بڕگەیەش پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان و ئەو ژێرخانە نەوتی و غازییەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە لەچوارچێوەی ئەو یاسایە جێی بۆ بکرێتەوە و چوارچێوەیەکی یاسایی بدرێتە فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوه

فرۆشتنی غازی هەرێم‌

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی هەتا چەندە بابەتی فرۆشتنی غازی هەرێم تەوەرێکی سەرەکی دانوستانەکانی سودانی بووە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم؟

ڕێباز حەملان وتی: بەدڵنیاییەوە غازی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان کە لەڕووی جیهانی و هەرێمایەتی و لە ڕووی عێراقیشەوە جێگەی بایەخە بۆیە ئەو یاسایەی کە لەعێراق دەردەچێت پاڵپشتیەکی گەورە دەبێت ئەو غازەی لە هەرێم دەفرۆشرێت چوارچێوەیەکی یاسایی لەئاستی عێراقدا بۆ بدۆزرێتەوە هەتا ئەو کێشانەی لەگەڵ عێراق لەسەر نەوت بەریەککەوتنمان بۆ دروست بوو لەو بابەتەدا دروست نەبێتەوە.

وتیشی: ئەوکاتە لەچوارچێوەی ئەو یاسایە ماف دەدات بە هەرێمی کوردستان نەوت و غازی خۆی بفرۆشێت بەشێوەیەکی یاسایی و بتوانرێت داهاتەکەی بۆ خەڵکی کوردستان و ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.


یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە، ئایا عێراق و هەرێم نیەتی فرۆشتنی غازی هەرێمی کوردستانیان هەیە؟

لەو ڕووەوە ڕێباز حەملان وتی ئەو بابەتە پرۆسەیەکە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە ئامادەکاری بۆ دەکرێت، وە دەبێت بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە هەرێم بگاتە ئاستێک کە بتوانرێت بە دەرەوە بفرۆشرێت.

هەروەها وتی: لەسەرەتادا دەبێت پێداویستیەکانی هەرێمی کوردستانی پێ پڕبکرێتەوە دواتریش عێراق ئینجا بیر لەوە بکرێتەوە کە هەناردەی دەرەوە بکرێت بەڵام هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئەو بابەتە لە ئێستادا لە چوارچێوەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کابینەی نۆیەمدایه.


یەکێتی و فرۆشتنی غاز

ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانەی بڵاوبونەوەی دوو دیداری ڕۆژنامەوانی درێژ لەچوارچێوەی کتێبێکدا باسی لەوەکردبوو پاش ئەوەی ڕایگەیاند مەگەر بەسەر لاشەی مندا بڕۆن غازی هەرێمی کوردستان بەدەردی نەوت ببەن و بیفرۆشن، وەفدێکی پارتی هاتنە لامان و باسی دابەشکردنی داهاتی فرۆشی غازییان کرد، منیش دەرمکردن).

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئایا حکومەت دەسەڵاتی هەیە بەسەر ئەو ناوچانەدا کە ڕێگری حزبی هەیە و وەکو حکومەت مامەڵە بە غازی هەرێمەوە بکەن؟
ڕێباز حەملان دەڵێت: بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەپێش هەموو بەرژەوەندیەکی حزبی و تاکەکەسی یە.

هەروەها وتی: خاڵی دووەمیش دەبێت حکومەت لەچوارچێوەی یاسادا و لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە دەرهێنان و فرۆشتنی غاز ڕێکبخرێت،وە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش خۆی هاوبەشێکی سەرەکی کابینەی نۆیەم و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانە ئەو بابەتانە لەناو ئەنجوومەنی وەزیران باس دەکرێت و یەکلا دەکرێتەوە لەکۆتاییدا دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغداد حکومەت و حکومەت کۆدەبنەوە و ڕێکدەکەون لەسەر میکانیزمی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەنێوان هەردوولادا هەیه.

ڕێباز حەملان ئەوەشی وت: دەبێت یەکێَتی و پارتی (تفاهم- لێکتێگەیشتن) بکەن هەموو ململانێکان وەلا بنێن و ڕێککەوتنێکی گشتگیر بکەن، ئەو بابەتانەی کە حزبیە لەناو مەکتەبی سیاسی حزبەکان یەکلا بکرێتەوە و ئەو بابەتانەشی کە پەیوەندیدارە بە حکومەتەوە لەناو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم یەکلا بکرێتەوه.

چوار سەد ملیارەکە و موچەی ئەم مانگە و مانگی داهاتوو

دوێنێ حکومەتی عێراقی چوارسەد ملیار دیناری خستەسەر حسابی هەرێمی کوردستان.

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کاریگەری ئەو بڕە پارەیە لەسەر پێدانی موچە بە فەرمانبەرانی هەرێم وتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی وەزارەتی دارایی لایەنی پەیوەندیدارە بەو بابەتە، بەدڵنیاییەوە ئەو 400 ملیارە بۆ مووچە سەرف دەکرێت دوای دابەشکردنی ئەم مووچەیە بەدڵنیاییەوە مووچەی دواتر دابەش دەکرێت ئەو ئامادەکاری و وردەکاریانە لای خەزێنەکانی هەرێمی کوردستان و بانکەکان.‌