بەرهەم ساڵح:  دیداری سلێمانی دەرفەتێک دەبێت بۆ باسکردنی کۆمەڵێک لەو پرسە گرنگانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکەمان دەبێتەوە

حەوتهەمین دیداری سلێمانیدا کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی ڕێکخراوە، بە دروشمی (پاش 20 ساڵ عێراق و ناوچەکە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان) ڕۆژی چوارشەممە لە سلێمانی بەڕێوە چوو.

سەرۆکی پێشووی عێراق دکتۆر بەرهەم ساڵح کە دامەزرێنەری دیداری سلێمانی و زانکۆی ئەمەریکییە لە سلێمانی پاش بەخێرهاتنی ئامادەبوان گوتی " ئەم دوو ڕۆژەی دیداری سلێمانی، دەرفەتێک دەبێت بۆ باسکردن و بەدواداچونی کۆمەڵێک لەو پرسە گرنگانەی روبەڕوی وڵاتەکەمان و چاوەڕوانی خەڵکی ئەم نیشتمانە دەبنەوە، دڵنیام لەکەشوهەوایەکی ئازادی دڵسۆزانە، ئەم پرس و باسانە دەکرێن و دەخرێنە خزمەتکردنی کۆی تێگەیشتن لەدۆخی کوردستان و هەم عێراق و ناوچەکە و هەوڵدان بۆ سازدانی توانا و وزەکان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک."

چەندین کەسایەتی ناوداری جیهانی و بەرپرسە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی ئەو دیدارە دوو ڕۆژییە ئامادە بوون لە ناویاندا، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی یەكێتی نیشمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جنین بلاسخارت و چەندین کەسایەتی و بەرپرسی تر.

بەرهەم ساڵح گوتیشی " ئەم دیدارەمان لەکاتێکدا دەبەستین 20 ساڵ بەسەر راماڵینی رژێمی پێشوتری عێراق تێپەڕی، سبەینێش یادی هەڵەبجە، گرنگە لەم دەرفەتەدا ئاوڕدانەوەیەک لە 20 ساڵی رابردودا بکەین، ئەوەی دەستکەوت، ئەو ئامانجانەی پێیگەیشتوین، بەڵام لەهەمانکاتیشدا دڵنیام ئەو کۆمەڵە چاوەڕوانیانەی خەڵکی کوردستان و عێراق بەدوایدا وێڵن، بایەخی عێراق لەناوچەکە گەورەیە، چۆن دەتوانین بۆ دەوری کوردستان دەوری عێراق دەوری پێکهاتەکان کارێک بکەین بۆ ئاوەدانی و پێکەوەژیانی خەڵک بەقازانجی دادپەروەری و خۆشگوزەرانی زیاتر".

قسەکانی دکتۆر بەرهەم ساڵح هاوکات بوو لەگەڵ 20 هەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن و ئەو ڕووداوەی بە گەورەترین دەستکەوتی مێژووی لە قەڵەم داو دەستخۆشی لەو کەسانە کرد کە خەباتیان کرد بۆ ڕووخانی سەدام حسێن.

لە گوتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆی سلێمانی پرۆژەیەکی قازانج نەویستەو و تەنها بۆ خزمەتی گشتییە.

دیداری سلێمانی بە دروشمی (پاش 20 ساڵ عێراق و ناوچەکە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان)، ئەمڕۆ چوارشەممە و سبەی پێنجشەممە لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەردەوام دەبێت.


یەکەمین دیداری سلێمانی لە ساڵی 2013 لە زانکۆی ئەمریکی لە ژێر ناونیشانی "گۆڕانی جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ڕێکخراو لە کاتەوە هەموو ساڵێک ئەم دیدارە لە ژێرناونیشانێکی جیاواز ڕێکدەخراوە بێجگە لە ساڵی 2020 و 2021، بەهۆی پەتای کۆرۆنا دیدارەکە بەڕێوە نەچوو.