لە حەوتهەمین دیداری سلێمانی کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی ڕێکخراوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد کە " زۆر دڵسۆزانە کاری کرد" بۆ تەواوکردنی ڕێكاره‌كان تا هەڵبجە ببێت بە نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق.
قسەکانی بارزانی لە کاتێکدا بوو کە سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری تەواوکردنی هەنگاوە ئیداریەکانی پارێزگای هەڵەبجەی لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دا و هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق پێناسەکرا.
نێچیرڤان لە درێژەی وتارەکەیدا داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد بودجەیەکی تابیەت تەرخان بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان و گوتی "هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى فيدراڵى و به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زيرانی عێراق بۆ بايه‌خدان به هه‌ڵه‌بجه و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زيانلێكه‌وتووانى، هه‌نگاوێكی ده‌ستوورى و پاڵپشتيكراون به بڕیارەکانی دادگا به‌رامبه‌ر به تاوانبارانی ڕژێمی پێشووی عێراق. ئه‌وه کارێکی تەواو دەستووری و یاساییيە کە بۆ خەڵکی هەڵەبجە بکرێت."
لەو دیدارەی کە بە دروشمی (پاش 20 ساڵ عێراق و ناوچەکە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان) ڕۆژی چوارشەممە لە سلێمانی بەڕێوە چوو بارزانی گوتی بیست ساڵی ڕابردوو، "وێڕاى هه‌موو كه‌موكوڕييه‌كان، جیاواز بوو لە سەردەمی دیکتاتۆری. لانیکەم خه‌ڵكى عێراق ئازادی بەکارهێنا بۆ نیشاندانەوەی زیندوویيی خۆی لە ناوچەکەدا. قۆناغی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی هه‌ر لە کۆنگرەی لەندەن و سەڵاحەدینه‌وه، تاکو دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکم و نووسینەوەی دەستوور سەرکەوتوو بوو. بەڵام دوای ئەوە، لادان و هەڵەکان وردە وردە دەستیان پێ‌کرد و بوونە تەنگژەی گەورە، ئه‌وه‌ش بەهۆی نەمانی گفتوگۆی بنیانتەرى لایەنەکان و جێبەجێنەکردنى دەستووری عێراقی."
ئەمەش ببینە بەرهەم ساڵح: دیداری سلێمانی دەرفەتێک دەبێت بۆ باسکردنی کۆمەڵێک لەو پرسە گرنگانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکەمان دەبێتەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی " زۆربوونی ناوەندەکانی بڕیار، بەکارهێنانی چەکی دەوڵەت لە ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆییدا، شکاندنی باوەڕی پێکهاتەکانی عێراق لە یەکسانى و به‌شدارى و هاوبەشى لە بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵات‌دا، زیانێکی یەكجار زۆری بە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی عێراق گەیاندووە."
جەختیشی کردە سەر ئەوەی بەشێکی زۆر لە ماددە دەستوورییەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراون.
لە ماوەی ڕابردوودا گرفتێکی زۆر لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا هەبووە لەسەر بودجە، یاسای نەوت و غاز و دەسەڵات لە ناوچە جێناکۆکەکاندا.
لە بەشی کۆتایی وتارەکەیشیدا جەختی کردەسەر پێکەوە کارکردن و تەبای و یەکڕیزی و گوتی "بە هاوكارى و بهپرسياريهتيى هاوبه‌ش، ده‌توانين هه‌موو سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كان تێپه‌ڕێنين. دهرفهتهكانيش بۆ ئێستا و بنياتنانى داهاتوويهكى باشتر، وڵاتێكى به‌هێز و پێشكه‌وتوو، بقۆزينه‌وه.
له هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێ به گيانى يهكڕيزى و تهبايى و پێكهوهيى، كێشه و ناكۆكييهكان چاره‌سه‌ر بكه‌ين. له‌مباره‌يه‌وه هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى لايه‌نه سياسييه‌كان بۆ نه‌هێشتنى ته‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن، دڵخۆشكه‌رن."
چەندین کەسایەتی ناوداری جیهانی و بەرپرسە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی ئەو دیدارەدا.
دیداری سلێمانی بە دروشمی (پاش 20 ساڵ عێراق و ناوچەکە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان)، ئەمڕۆ چوارشەممە و سبەی پێنجشەممە لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەردەوام دەبێت.