مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەڵێت پێیوایە سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی "بزووتنەوەی ژنانە" و دەستەڵاتی حکومەتە ئیسلامییەکانی ناوچەکە "کەوتوونەتە ژێر پرسیار."
مەلا بەختیار ڕایگەیاند، "هەموو حکومەتە ئیسلامییەکان لە پار و پێرارەوە کەوتوونەتە ژێر پرسیار. ئایا بەو سیستەمەی کە هەیانە و بەو سیستەمەی کە حکومڕانی دەکەن دەتوانن بەردەوامبن یان نا؟ پرسیار زۆرە لەسەر چارەنووسی حکومەتە ئیسلامییەکان."
ئەم لێدوانەی مەلا بەختیار لە کاتێکدایە کە گەلانی ئێران ئەوە بۆ چەندین مانگە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەردەوامن دژ بە حکومەتی ئێران. دەوترێت کە ڕۆژی سێشەممە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی نەورۆز لە سەرانسەری شارەکانی کوردستانی ئێران خۆپیشاندان کران و خۆپیشاندەرانیش لە زۆربەی ناوچەکان دروشمی دژ بە ڕژێمیان دەگوتەوە.
سەبارەت بە چارەنوسی کۆماری ئیسلامی، مەلا بەختیار بە دەنگی ئەمەریکای گوت پێیوایە پێویستە ئەم ڕژێمە دەستور بگۆڕێت و بە "سەرتاپای" سیاسەتەکانی بچێتەوە بۆ چارەسەری کێشە ئابووری و سیاسی و نەتەوایەتی و دیموکراتیەکانی ئەو وڵاتە.
سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە ڕووداوەکانی ئێراندا مەلا بەختیار ڕایگەیاند، "پێموایە کە کرۆکی دیموکراسی بۆ لەمەودوا بریتییە لە بزووتنەوەی ژنان."
تا ئێستا بە لایەنی کەمەوە 530 کەس کوژراون بەهۆی خۆپیشاندانەکانی 6 مانگی ڕابردووی ئێران، ئەمە بەگوێرەی نوێترین داتای ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران. خۆپیشاندانەکان سەریانهەڵدا دوای گیانلەدەستدانە گوماناویەکەی ژینا ئەمینی لە 16ی نۆی ساڵێ ڕابردوو.
مەلا بەختیار لە درێژەی لێدوانە 33 خولەکیەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا سیاسەتی تاڵیبانی لە بەڕێوبردنی ئەفغانستان بە سەرکوتکەر وێنا کرد و پرسیاری خستە سەر چارەنووسی حکومەتەکەی.
مەلا بەختیار وتی، "حکومەتی وەها کە دەڵێت ژن نابێت بێتە دەرەوە، ژن نابێت بخوێنێت، نابێت نوتق بکەیت، نابێت قەڵەم هەڵگریت، چۆن دەچێتە سەر؟"
ئەو ڕەخنەی لە هەڕەشەیەکی ئەم دواییانەی وەزیری خوێندنی باڵای تاڵیبان گرت کە دەڵێت ئەو کەسانەی بە ئاشکرا دژایەتی تاڵیبان دەکەن "شایستەی مردنن."
وەزیری خوێندنی باڵای تاڵیبان نەدا محەمەد نەدیم ڕۆژی 12ی ئەم مانگە لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی دەرچوونی کۆمەڵێک لە دادوەری ئیسلامی لە قەندەهار ئەم هەڕەشەیەی کرد. سەرکردە باڵاکەی تاڵیبان وتی، "هەموو ئەوانەی ڕژێمی [تاڵیبان] تێکدەدەن، جا ئەوە لە ڕێگەی زمانەوە بێت، قەڵەم بێت یاخود بە کردەوە، ئەوا بە یاخیبوو دادەنرێن و شایەنی مردنن."
مەلا بەختیار نمونەی سیاسەتی حکومەتەکەی سعودییەی بە پێچەوانەی ئاڕاستەی تاڵیبان و ئێران هێنایەوە بە هۆێ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکە.
مەلا بەختیار ڕایگەیاند، "بەڕێز محەمەد بن سەلمان گۆڕانکاری گەورە دەکات کە چاوەڕواننەکراوبوو بۆ ڕای گشتی ئیسلامی."
لە 26ی نۆی ساڵی 2017وە حکومەتی سعودیە بە فەرمی ڕێگەی دا ئافرەتان "بە ڕێگەی شەرعی" مافی ئەوەیان هەیە ئۆتۆمۆبیل بەکار بهێنن و مۆڵەتی شۆفێری وەرگرن. پێش ئەمە حکومەتەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم کارە بۆ ئافرەتان پێچەوانەی شەرعە.
سەرەڕای ئەمە، حکومەتی ئەو وڵاتە چەندین گۆڕانکاری تری ئەنجامداوە کە بەشێکی دەرفەتە بە گەنجان تا بتوانن لە یانەکان چالاکی هونەری و کەیف و سەفا ئەنجام بدەن.
بەڵام سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانە، حکومەتی سعودیە بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکرێت بە تایبەت دوای کوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ.
مەلا بەختیار: حکومەتە ئیسلامییەکان "لە پار و پێرارەوە" کەوتوونەتە ژێر پرسیار
Your browser doesn’t support HTML5