مەحیەدین ئیبراهیمی تا دواساتەکانی پێش لەسێدارەدانی جەختی لە ناڕەوابوونی سزاکەی دەکردەوە

لە سەروبەندی هاتنی نەورۆزدا، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 17ی ئەم مانگە، مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کوردپا و هەنگاو، دامودەزگاکانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەواڵی لەسێدارەدانی مەحیەدین ئیبراهیمیان پشتڕاست کردەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندوە کە هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی مەحیەدین ئیبراهیمی، سزای لەسێدارەدانی لانیکەم چوار زیندانی پەیوەست بە تۆمەتی "مادەی هۆشبەر" لەو زیندانەدا جێبەجێ کراوە.

ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کە هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی ورد بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە کردوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە دەنگی ئەمەریکای گوت "مەحیەدین ئیبراهیمی ڕۆژی چوارشەممە 15ی ئەم مانگە لە بەشی زیندانیانی سیاسی زیندانی شاری ورمی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترایەوە و ڕۆژی پێنجشەممە توانی بۆ دواجار چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینیش سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێکرا."

ئەو ئەندامەی دەستەی بەرێوبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای گوت "یەکێک لە ئەندامانی نزیکی بنەماڵەی مەحیەدین پێی ڕاگەیاندوە کە لە دوایین دیداریشدا ئەو زیندانییە سیاسیە جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەو سزایە چەندە ناڕەوا و نادادپەروەرانەیە."

ڕێبین ڕەحمانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

بە پێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەسەر دۆسیەی مەحیەدین ئیبراهیمی، بنەماڵە و کەسوکاری ئەو زیندانیە سیاسیە و زیندانیانی دیکەش لە دوێنێوە بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی ئازیزانیان لە بەردەم بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کۆبوونەوە کە لە ئەنجامدا ئەفسەرانی زیندان بە شێوەیەکی توندوتیژانە لە بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کەسانە دەدەن کە کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمیش لە نێویاندا بووە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەریان کردووە.

ڕێبین ڕەحمانی بە دەنگی ئەمەریکای گوت "تا ئەم ساتە دوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی مەحیەدین ئیبراهیمی، سەرەڕای بوونی بنەماڵەکەی لەبەردەم دەرگای زینداندا، بەڵام هێشتا تەرمەکەی بە هۆی دژایەتی دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە."

ڕێبین لەبارەی چۆنیەتی و هۆکاری دەستبەسەرکردنی مەحیەدین ئیبراهیمی بە دەنگی ئەمەریکای گوت "مەحیەدین ئیبراهیمی لە مانگی یازدەی ساڵی 2017 لە یەکێک لە گوندەکانی شاری شنۆ لە کاتی کۆڵبەریدا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە تەقەی لێدەکرێت و بریندار و دەستگیر دەبێت و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری ورمێ و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هەڵگرتنی چەک بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە."

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسیە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندوە کە "مەحیەدین ئیبراهیمی لە ناوچە سنوورییەکانی شنۆ بە دوو ئەسپەوە کە چوار کارتۆن خواردنەوە کحولییەکانی هەڵگرتبوو، تەقەی لێکراوە و بریندار بووە و لە هەمان کاتدا لە هەمان ناوچە گروپێکی چەکدار کە باری چەکیان پێبووە، دوای بینینی هێزەکانی سەر سنووری ئێران، ئەسپەکانیان بە بارەکانیانەوە بەجێدەهێڵن و هەڵدێن."

بە پێی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی سوپای پاسداران بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، ئەو بارە چەکە کە لە دوورەوە دۆزراوەتەوە، دەدەنە پاڵ مەحیەدین و تۆمەتباری دەکەن بە هەڵگرتنی چەک.

ڕێبین ڕەحمانی دەڵێت "مەحیەدین ئیبراهیمی لە هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە و دانیشتنەکانی دادگادا تۆمەتەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ڕەتکردبووەوە."

مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن 43 ساڵ و باوکی دوو منداڵ لە مانگی هەشتی ساڵی 2018 لە کاتێکدا کە لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بوو، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر عەلی شێخلوو بە تۆمەتی 'بەغی' لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئیبراهیمی بەرامبەر بە سزاکەی، داوای پێداچوونەوە بۆ سزاکەی ڕەوانەی دادگای باڵا کرابوو کە بە هۆی ناتەواو بوونی لێکۆڵینەوەکان و نەبوونی بەڵگەی پێویست سزای لەسێدارەدانەکەی ناوبراو هەڵوەشابووە و دۆسیەکەی دیسانەوە ڕەوانەی لقی 2ی دادگای شۆڕشی ورمێ کرابوو.

مەحیەدین لە مانگی یەکی ساڵی 2020دا بۆ جاری دووەم لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرایەوە و سزاکەشی لەلایەن دادگای باڵاوە پشتڕاستکرایەوە.

جێی ئاماژەیە کە هەروەها برایەکی مەحیەدین بە ناوی نورەدین ئیبراهیمی لە ساڵی 2017دا لە کاتی کۆلبەریدا بە تەقەی پاسەوانانی سنووری ئێران کوژراوە.