بە پێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، ماوەی ساڵێکە چەند کەسایەتییەکی سیاسی ناسراوی هەرێمی کوردستان لە ئامادەکاریدان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی نوێ و لە ئێستاشدا لە ناو چین و توێژە جیاوازەکاندا لە کۆبوونەوە و دانیشتندان بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە "ئەندامە ناڕازییەکانی" بزووتنەوەی گۆڕان، لە نێوانیان عەلی حەمە ساڵح، بەشێکی سەرەکی پێکهێنەری بەرەکەن.
علی حەمە ساڵح لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، "لە گفتوگۆدان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ناڕازی فراوان کە بەشێک لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لەخۆی بگرێت بە دیاری کراوی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەرین."
ئەندامێکی بەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەویش ئاشکرای کرد کە هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کە بەرەکە لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمدا بەشداری بکات، بەڵام دیار نییە تەنیا وەک لیستێکی هەڵبژاردن بەشداری دەکات یان لە داهاتوودو وەک حزب خۆی ڕادەگەیەنێت.
بە پێی قسەی سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا بێت، " ئەندامانی سەرەکی و پێکهێنەری بەرەکە بەشێکی زۆریان پێکهاتوون لە ناڕازییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان وە پێشتر کەسانی کارای ئەو حزبە بوون. بەشێکی تریان ئەوانەن کە لە ڕابردوودا وازیان لە هەریەک لە کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری هێناوە و بەشێکیشیان خەڵکانی ناو ڕێکخراوەکان و چالاکوانن."
دکتۆر یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و مەسعود عەبدولخالق، سەرۆکی دەزگای ستاندارد دوو لەو کەسانەن کە وەک ئەندامی سەرەکی ناویان هێنراوە لە بەرەکەدا، ئەمە بەگوێرەی سەرچاوەکە کە قسەی بۆ دەنگی ئەمەریکا کردووە.
لەم بارەیەوە دکتۆر یوسف محەمەد بە دەنگی ئەمەریکای وت “نایشارینەوە کە پێکهێنانی بەرەیەکی فراوان بابەتێکی تازە نییە و لە دوای بەرەی 'هیوا' لە پەرلەمانی عێراقەوە ئەم بابەتە موناقەشەی لەبارەوە دەکرێت."
سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ ئەو ئەندامە لە بەرەکە، دکتۆر یوسف ڕایگەیاند "لە ئێستادا نامەوێت لەو بارەیەوە زانیاری بدەم و گفتوگۆی لە بارەوە بکەم."
هەرچی مەسعود عبدولخالقیشە بە دەنگی ئەمەریکای وت کە " خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان هەر ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە بەرەیەکی زۆر فراوان لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی دروستبکرێت."
ئەو ڕایگەیاند کە پێشوازی لە هەنگاوێکی وەها دەکات، بەڵام ڕەتی کردەوە بەشێک بێت لە بەرەکە. وە ڕایگەیاند، "من ئەندامی بەرەکە نیم بەڵام بە دڵنیاییەوە پشتیوانی لێدەکەم."
بە پێی زانیارییەکان، کەسانی ئەندام لەم بەرەیە پێیان وایە کە حزب ناتوانێت جێگەی خۆی بگرێت، بۆیە بیر لەوە دەکەنەوە بەرەکە گشتی و هاوبەش بێت لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی و دوای خۆ ئامادەکردن و خۆ ڕاگەیاندن، لەگەڵ حزبەکانی تریش بتوانن هاوپەیمانی ببەستن و بەرەی دەرەوەی دەسەڵات دروست بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە هەر لە مانگی سێی ئەمساڵدا بە پێی دوو ڕاپۆرتی دەنگی ئەمەریکا، هەریەک لە ئەدهەم بەرزانی و شێخ نەهرۆی کەسنەزانی نیازیان هەیە لە داهاتوودا دوو قەوارەی تر دروست بکەن.