سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کێشەکانی پارتی و یەکێتیدا هەڵوێستی جیاواز نیشاندەدات


مامەڵەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی، لەگەڵ کێشە و گرفتی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆتە جێی سەرنجی چاودێران. هەندێک بە جیاوازی سیاسەتەکانی ناوبراوی دەبینن لەگەڵ مەسرور بارزانی، بەڵام هەندێکی دیکەش پێیان وایە ستراتیژەی حزبەکەی خۆی جێبەجێ دەکات.

سیروان غەریب

سیروان غەریب، ڕۆژنامەوان و چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ئێستادا دوو گوتاری تەواو جیاواز لە نێو پارتیدا دەردەکەوێت کە دەتوانین ناوی بنێین گوتاری هەڵۆکان و گوتاری کۆترەکان، کە لە ڕاستیدا ئەوەی دەبینرێت لەگوتارەکاندا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی باڵی کۆترەکانە. "

سیروان غەریب هەڵوێستەکانی نێچیرڤان بە میانڕەوتر پیناسە دەکات و دەڵێت، "بە هەموو گوتارەکانییەوە دیارە لە ڕیفراندۆمەوە بیگرە تا نەورۆز. بیرمان نەچیت ئەم گوتاری میانڕەوییەی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی عێراقیش ڕەنگیداوەتەوە.

بەڵام بۆ بەشێکی دیکە لە چاودێران ئەم پیشاندانی جیاوازییە پەیڕەوکردنی سیاسەت و ستراتیژی پارتیە.

ئیبراهیم عەلی

ئیبراهیم عەلی، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە جیاوازی هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لە ناو پارتیدا "خزمەتێکی گەورەی" بە ستراتیژییەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە لە هەرێمی کوردستان.

ئیبراهیم عەلی ڕایگەیاند، "بەدڵنیاییەوەوە دوو سیاسەتی جیاواز هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی، بەڵام هەردوو سیاسەتەکە بۆ خزمەتکردنی ڕاستەوخۆی پلان و بەرنامەی پارتییە."

ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت کە هەڵوێستەکانی نێچیرڤان بارزانی لە بنەڕەتدا ناکۆک نین لەگەڵ ئاڕاستەی سەرەکی حوکمڕانی لە ناو پارتیدا. وە دەشڵێت، "ئەوەی هەیە لە مامەڵەدا نێچیرڤان بارزانی کەشێکی ڕەخساندووە کە هەموو نەیارەکانی پارتیش وا بزانن نێچیرڤان بارزانی جیاوازە لەگەڵ کەسایەتییەکانی دیکە. "



شەڕی ناوخۆ

کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ڕەگ و ڕیشەیی مێژووی هەیە، بە جۆرێک لە دوای ڕاپەڕین شەڕێکی خوێناوی چەند ساڵە لە نێوانیان ڕووی دا کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی هەزاران کەس، سەرەڕای دەرکردنی هەزاران کەس و خانەوادە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بۆ ناوچەی بەرامبەر.

لە ئێستادا ناکۆکییەکانی هەردوولا گەیشتۆتە ئاستێک کە بۆ چەندین مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و تیمی یەکێتی، بە وتەی خۆیان لە بەرامبەر مامەڵەی سەرۆکی حکومەت، چەندین مانگە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیان کردووە.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نێجیرڤان بارزانی چەند جارێک داوای لە تیمی یەکێتی و سەرۆکەکەی کردووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆبوونەوەکانی حکومەت، لە دواترینیشییان لە دیداری سلێمانی لە بەردەم بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دیسانەوە هەمان داوای دووبارە کردەوە.

بەبۆچونی ئیبراهیم عەلی، خودی یەکێتیش هەمان مامەڵە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەکات تا بە تەواوەتی لە پارتی دانەبڕێت.

لەو ڕووەوە ئیبراهیم عەلی دەڵێت، "ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی دەتوانین وەک حەوشەی دووەمی پارتی سەیری بکەین. بۆ نمونە، کاتێک یەکێتی نیشتمانی کوردستان کێشەی لەگەڵ ئاڕاستەی حوکمڕان و بڕیار بەدەستی پارتی هەیە، زۆر ئاسایی مامەڵە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا دەکەن. ئەمەش وایکردووە دابڕانی تەواو لە نێوان ئەو دوو هێزە حوکمڕانە دروست نەبێت."


دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم

هەرچەندە بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی فراوانی هەیە، بەڵام بە بڕوای بەشێک لە چاودێران هێشتا بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە لە ڕێککەوتنەکانی پارتی و یەکێتی تێپەڕی نەکردووە.

ئیبراهیم عەلی ڕۆژنامەنووس لەم بارەوە دەڵێت کە نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم لەسەر ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان توانیویەتی تا ڕاددەیەکی زۆر مومارەسەی دەسەڵاتەکانی بکات بەڵام لە پرسە ناوخۆییە گرنگەکان ئەم دەستەڵاتانە کەمتر بەکارهێنراون و چالاکیەکانی زیاتر لە بەشداریکردنی تەشریفاتییانەی مەراسیمەکان و دەرکردنی مەڕسومی هەرێمی ڕەنگیانداوەتەوە.

ئیبراهیم عەلی هەروەها ڕایگەیاند، " سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتێکی زۆر و بەرفراوانی هەیە، بە تایبەت لە بواری سەربازی و ئەمنیدا؛ لەوەیان بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نەبووە چونکە لەو ڕووەوە پارتی و یەکێتی ڕێککەوتوون لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە هەر یەکەیان ئیدارەی زۆنی خۆیان بدەن، کە نێچیرفان بارزانی بە سیفەتە حزبییەکەی بەشێکە لەو ڕێککەوتنە. بۆیە بە هیچ شێوەیەک تەجاوزی ئەو ڕێککەوتنە ناکات."

بەڵام سیروان غەریب بۆچونێکی جیاوازی هەیە ودەڵێت، "دەسەڵاتەکانی خۆی وەک سەرۆکی هەرێم بەکارهێناوە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لە نیوان پارتی و یەکێتیدا."