یونیسێف دەڵێت لەهەر دە خولەکێکدا منداڵێکی یەمەنی دەمرێت

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) کە لقێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، نیگەرانی خۆی لە دۆخی نالەباری 11 ملیۆن منداڵ لە یەمەن دەربڕیوە و هۆشداریداوە لەوەی کە بە تێکڕا لە ماوەی هەر دە خولەکێکدا یەکێک لەو منداڵانە گیان لەدەستدەدات.

یونیسێف ڕۆژی هەینی 24ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە "زیاتر لە 540 هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە یەمەن بەدەست بەدخۆراکی قورس و هەڕەشەئامێزەوە دەناڵێنن."

ئەو دەزگایەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە بەپەلە پێویستی بە یارمەتی 484 ملیۆن دۆلارە بۆ درێژەدان بە چالاکییەکانی لە یەمەن لەمساڵدا.

یونیسێف بە ئاماژەدان بەوەی کە بەبێ ڕێوشوێنی دەستبەجێ، ملیۆنان منداڵ ڕووبەڕووی مەترسیی توندی بەدخۆراکی دەبنەوە، هۆشداریدا کە "ئەگەر بودجە لە ئارادا نەبێت، یونیسێف ناچار دەبێت هاوکارییە گرنگەکانی بۆ ئەو منداڵانە کەم بکاتەوە."

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا وڵاتانی یارمەتیدەری یەمەن بەڵێنیاندا کە بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئەو وڵاتە تەرخان بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە چالاکەکان لە بواری یارمەتییە مرۆییەکاندا داوای چوار ملیار دۆلار هاوکارییان بۆ ئەو وڵاتە کردبوو.

بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 21.7 ملیۆن کەس لە یەمەن کە دەکاتە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.


هەشت ساڵ و نیو بەسەر دەستپێکردنی شەڕی یەمەن تێپەڕیوە، شەڕێک کە تێیدا سەدان هەزار کەس کوژراون و ملیۆنان کەسیشی ئاوارە کردووە.

بە پێی ئامارەکانی یونیسێف زیاتر لە 11 هەزار منداڵ لەو شەڕەدا کوژراون یان بە قورسی بریندار بوون.

سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا